كارەبا كێشەیەكی نوێ‌ لەنێوان هەولێرو بەغدا دروست دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
سەرەڕای ئەو كێشانەی لەنێوان هەولێرو بەغدا لەسەر پرسی بودجەو نەوت‌و چەند بوارێكی تر هەیە، خەریكە كارەباش دەبێتە كێشەیەكی نوێ‌ لەنێوان عێراق‌و هەرێمی كوردستان.

كێشەكە لەوێوە سەریهەڵداوە، كە حكومەتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی كۆمپانیای كار-ەوە بڕی 450 میگاوات كارەبا بكرێت‌و هەرێمی كوردستان-یش باس لەوە دەكات مەرجی هەیە بۆ فرۆشتنی كارەبا بە بەغدا.

لەو بارەوە ئەحمەد محەمەد وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، وەزارەتی دارایی عێراق داوای كڕینی 450 میگاوات كارەبای لەكۆمپانیای كار كردووەو ئێمەش بۆ ئەو مەبەستە مەرجمان هەیە.

 

كێشەكە لەوێوە سەریهەڵداوە، كە حكومەتی عێراق دەیەوێت لەرێگەی كۆمپانیای كار-ەوە بڕی 450 میگاوات كارەبا بكرێت‌و هەرێمی كوردستان-یش باس لەوە دەكات مەرجی هەیە بۆ فرۆشتنی كارەبا بە بەغدا

 

ئەحمەد محەمەد لەمیانی لێدوانێكی بۆ “پۆڵەتیك پرێس” راشیگەیاند، مەرجی ئێمە وەك هەرێمی كوردستان ئەوەیە، كە نابێت بەفرۆشتنی ئەو بڕە لەكارەبا بەلایەنی عێراق، هیچ كاریگەرییەك لەسەر رێژەی سەعاتەكانی كارەبا بەهاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان هەبێت.

لەئێستادا هەرێمی كوردستان رۆژانە 20 سەعات كارەبا دەداتە هاووڵاتیان، كە تەنیا ئەمساڵ توانراوە ئەو رێژەیە لەوەرزی گەرما لەكارەبا دابینبكرێت‌و تریسیش هەیە، بەفرۆشتنی كارەبا بەلایەنی عێراقی رێژەی سەعاتەكانی كارەبا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان كەمببێتەوە.

لەبەرانبەر ئەوەدا لایەنی عێراقی رەتیدەكاتەوە، ئەوان داوای كارەبایان لەهەرێمی كوردستان كردبێت‌و وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراقیش لەو بارەوە رایگەیاند، گرێبەستی ئەوان لەگەڵ كۆمپانیای كارە، نەك حكومەتی هەرێمی كوردستان.

ئەحمەد موسا عەبادی وتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق لەو بارەوە لەلێدوانێكی تایبەت بۆ “پۆڵەتیك پرێس” رایگەیاند، ئێمە لە وەزارەتی كارەبای عێراق ھاوشێوەی ھەرێم گرێبەستمان لەگەڵ كۆمپانیای كار كردووە، بۆ ئەوەی بڕی 450 میگاوات كارەبا بكڕین.

ئەو گرێبەستەی حكومەتی عێراق‌و كۆمپانیای كار لەكاتێكدایە، كە حكومەتی هەرێمی كوردستان گرێبەستێكی لەگەڵ كۆمپانیاكە هەیە بۆ دابینكردنی كارەبا بۆ هەرێمی كوردستان بەرێژەی 60%، كە ئەوەش ترسەی دروست كردووە، گرێبەستەكەی بەغدا لەگەڵ كار ببێتە كێشە بۆ گرێبەستەكەی هەولێر، بەو پێیەی كۆمپانیاكە نەتوانێت پابەندی گرێبەستەكە بێت.

ئەحمەد محەمەد لەبارەی گرێبەستەكەی حكومەتی هەرێم‌و كۆمپانیای كار، لەلێدوانەكەی روونیكردەوە، لەگەڵ كۆمپانیای كار گرێبەستێكیان هەیە، كە دەبێت بەرێژەی 60% وزەی بەرھەمھێنراو لە كۆمپانیاكەوە وەربگرین، جەختیشیكردەوە، ئێستا ھەرێم پێویستی بەو بڕەیە و دەبێت كۆمپانیاكە پابەندبێت و نابێت كارەبا بەلایەنی دیكە بفرۆشێت، بەتایبەتی ئەگەر كاریگەری لەسەر گرێبەستەكە دانێت.

لەهەرێمی كوردستان لەهەردوو پارێزگای سلێمانی‌و هەولێر 10 وێستگەی كارەبا هەیە، كە زۆربەیان لەكاركەوتوون، هۆكاری لەكاركەوتنەكەشی پەیوەندی بەنەبوونی سەرچاوەی وزە هەیە بەتایبەتی سوتەمەنی بۆ خستنەوە گەڕیان.

وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم باسی لەوەش كرد، كە ئەوان كێشەیان لەگرێبەستەكەی عێراق نابێت، ئەگەر بێت‌و سووتەمەنی بۆ ئەو وێستگانە دابینبكەن، بەڵام عێراق تائێستا رەزامەندی لەسەر ئەو پرسە نەداوە.

ئێستا سووربوونی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێكردنی مەرجەكانی جۆرێك كێشەی نوێی لەنێوان هەولێرو بەغدا دروست كردووە، بەو پێیەی عێراق نایەوێت هیچ جۆرە سووتەمەنییەك بۆ وێستگە لەكاركەوتووەكانی هەرێم دابین بكات.

 

لەهەرێمی كوردستان لەهەردوو پارێزگای سلێمانی‌و هەولێر 10 وێستگەی كارەبا هەیە، كە زۆربەیان لەكاركەوتوون، هۆكاری لەكاركەوتنەكەشی پەیوەندی بەنەبوونی سەرچاوەی وزە هەیە بەتایبەتی سوتەمەنی بۆ خستنەوە گەڕیان

 

كاروان گەزنەیی پەرلەمانتاری كوردستان لەلیژنەی وزەو سامانەسروشتییەكان نەیشاردەوە، هەرێمی كوردستان خۆی كێشەی كارەبای هەیەو ئەو داواكارییەی عێراقیش كێشەكان زیاتر دەكات، كە رەنگە ئەوەش ببێتە هۆی زیاتركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا.

كاروان گەزنەیی بۆ “پۆڵەتیك پرێس” وتی: لەهەرێمی كوردستان بەتێكرا 3300 میگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنرێت، لەكاتێكدا لەوێستگەكان دەتوانرێت 6500 مێگاوات بەرهەم بهێنرێت، بەڵام بەهۆی لەكاركەوتنیان ئەو رێژە بەرهەم نەهاتووە.

وتیشی: لەهەرێم ئەو كارەبا زورەمان نییە تا بتوانین كارەبا بە بەغدا بدەین ئەگەر كارەبا بەو رادەیە زۆرە با بە بەغدای نەدەن با حكومەتی هەرێمی كوردستان 24 سەعات كارەبا بداتە هاووڵاتیانی خۆی.

ئێستا لەهەرێمی كوردستان لەنێوان 4000 بۆ 4500 مێگاوات كارەبا بەرهەمدەهێنرێت، لەكاتێكدا رێژەی خواست لەسەری دەگاتە 6500 بۆ 7000 هەزار میگاوات، واتە ئێستا حكومەتی هەرێم ناتوانێت خواستی هاووڵاتیانی خۆی بەتەواوی دابین بكات.

هەروەها لەهەرێم 10 وێستگەی بەرهەمهێنانی كارەبای جۆراوجۆر هەیە، كە وێستگەكانیش چەند جۆرێكن‌و دابەشكراون بەسەر، سەرچاوەی كارەبای كارۆ ئاوی‌و سەرچاوەی كارەبای گازی سروشتی‌و سەرچاوەی كارەبای هەڵمی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا