پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بڕیارە حکومەتی هەرێم نەمامگەکانی هەولێر ، سلێمانی ، دهۆک ، پارێزگای هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و هەندێك لە باخی زەیتون بەكرێ بدات بەكەرتی تایبەت، وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمیش رایدەگەیەنێت بەكرێدانی نەمامگەكان بەكەرتی تایبەت بۆ رێگریكردنە لەناوچوونی نەمامگەكان و بوژانەوەیان بەشێوەیەكی فراوان.
حسێن حەمە كەریم وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم بۆ پۆڵەتیك پرێس وتی، بەپێی یاسای ژمارە(1)ی ساڵی 2021 یاسای بەكرێدان و فرۆشتی موڵكی دەوڵەت ئەگەر نەتوانرا سود لەجێگەیەك وەبگیرێت دەچێتە چوار چێوەی بەهەدەردانی موڵك وماڵی دەوڵەتەوە.
وتیشی، نەمانتوانیوە بەهۆی قەیرانەوە ئیدارەی نەمامگەكان بدەین بۆیە دەمانەوێت بیدەین بەكرێ بەكەرتی تایبەت بەپێی كۆمەڵێك مەرج كە مەرجەكان وابێت پێداویستی پارێزگاكان لەنەمام پڕبكاتەوە و هەلی كاریش بۆ دەرچووانی بەشەكشتوكاڵییەكان بڕەخسێنێت.
راشیگەیاند، كرێبەستی بەكرێدانی نەمامگەكان بۆ ماوەی 5 ساڵە لەئێستادا سەرقاڵی ئامادەكردنی گرێبەستەكەن و ئەویش بۆئەوەیە بەباشترین شێواز سود لەو نەمامگانە وەربگیرێت كە بەردەستە ئەویش روبەرێكی زۆری زەوییە بەهەموو پێداویستییەكانەوە بەڵام بەهۆی نەبوونی بودجەو كرێكاری پێویست نەتوانراوە سودی لێوەبگیرێت.
بەوتەی وتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێم ، ئەوان دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ بارودۆخەكە بگونجێنن و كەرتی تایبەت بەشداری پێبكەین لەو جۆرە كارانەو بەكرێدانی نەمانگەكانیش بەكەرتی تایبەت دەبێتە هۆی بوژانەوەیان.
ئاماژەی بەوەشكرد، شەڕی داعش و نەمانی بودجەو نەبوونی كارمەند وایكردووە لەدوای ساڵی 2014، نەتوانرێت سود لەو سەرچاوانە وەربگیرێت كە هەیە بۆ بوژانەوەی نەمامگەكان بۆیەئەوانیش بیریان لەوەكردووەتەوە نەمامگەكان بدەن بەكەرتی تایبەت.
هاوكات باسی لەوەشكرد، كۆی نامامگەكان نادرێت بەكەرتی تایبەت تەنها ئەو شوێنانە نەبێت كە پێویستیان بەبوژانەوە هەیە و توانای بەرگریان نەماوە.
لەلایەكی دیكەوە بڕیارەكەی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكومەتی هەرێمی كوردستان نیگەرانی لای رێكخراوە ژینگەییەكان دروستكردووە و بەمەترسی بۆ سەر نەمامگەكان ناوی دەبەن