پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایدەگەیەنێت” جەخت لە بەردەوامی ھەوڵەکانمان دەكەینەوە بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و بەدیھێنانی خواستەکانی کۆمەڵانی خەڵک و سەرخستنی پڕۆژەی راستەقینەی چاکسازی”.
بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان بۆ یادی 12 ساڵەی بزوتنەوەی گۆران پەیامێكی ئاڕاستەی رێکخەری گشتی، ئەندامانی خانەی راپەڕاندن و جڤاتی نیشتمانیی بزووتنەوەی گۆڕانكرد.
لەو پەیامەدا هاوسەرۆكی یەكێتیی رایگەیاند “بەبۆنەی ١٢ھەمین ساڵیادی راگەیاندن و دامەزراندنی بزووتنەوەی گۆڕانەوە گەرمترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی بەڕێزتان و ئەندامان و لایەنگرانتان دەکەین.
لەئێستادا ھەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە ھەلومەرجێکی سەختی سیاسی و ئابووریدا تێدەپەڕێت، بۆیە پێویستە هەموومان هێز و تواناكانمان لەپێناو زاڵبوون بەسەر تەحەددییەكان یەكبخەین و یەكڕیز و یەكدەنگ بین بۆ بەدیهێنانی مافە نەتەوەیی و دەستوورییەكانمان”.
دەشڵێت “لەم بۆنەیەدا وەک یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان جەخت لە بەردەوامی ھەوڵەکانمان دەكەینەوە بۆ سەرخستنی ھاوپەیمانی کوردستان و بەدیھێنانی خواستەکانی کۆمەڵانی خەڵک و سەرخستنی پڕۆژەی راستەقینەی چاکسازی کە وەڵامدەرەوەی پێویستی و خواستەکانی ھەموو لایەک بێت”.
بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە، ئەمڕۆ خەڵکی کوردستان چاوەڕوانی زیاتر لە یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەکەن تاوەکو پێکەوە لە پڕۆژەیەکی سیاسی و نیشتمانیدا لەپێناو بەرژەوەندی گشتی ھەنگاوی گەورە و کوردستانیانە بنێن. کوردستانێکی ئارام بونیاد بنێن و قەوارەی هەرێم بەهێزتر بكەن كە بۆ ئەوەش پشتیوانی و کۆدەنگی سەرجەم هێز و لایەنەکان گرنگە.