ناسنامەی ئەنجامدەرانی تەقینەوەكەی ناوچەی سەدر ئاشكرا كران

پۆڵەتیك پرێس

شانەی راگەیاندنی ئەمنی عێراق دانپێدانانی ئەنجامدەرانی تەقینەوەكەی ناوچەی سەدری لە بەغدا ئاشكراكرد كە دوو تۆمەتبارن.

شانەی ئەمنی عێراقی لە راگەیێندراوێكدا ئاشكرایكرد، ئاژانسی هەواڵگری و لێكۆڵینەوە فیدراڵییەكان لە وەزارەتی ناوخۆ، دوو تۆڕی تیرۆریستی لە كەركوك و ئەنبار دەستگیركردووە كە لە 19ی ئەم مانگەدا تەقینەوەكەی ناوچەی سەدریان ئەنجامداوە.

ئاماژە بەوەشدەكات، ئەو تۆڕە بەنیازبوون لە رۆژانی جەژنیشدا تەقینەوەی گەورە ئەنجام بدەن.

دەشڵێت، “ئەو كەسانە بریتین لە نوری موتەر مەربت حەمەد؛ كە بە (ئەبو عوبەیدە) ناسراوە، لە گەڕەكی ئازادی لە پارێزگای كەركووك دەستگیر كراوە، كەسی دووەمیش ماجد موتەر مەربت حەمەدە، كە پۆستێكی ئەمنی هەبوو لەنێو مەفرەزەیەكی ئەمنیدا لە كەركوك، لە ناوچەی باروتخانە لە كەركوك نیشتەجێ بووە”.

هەروەها كەسانی دیكەی ناو دوو گروپەكە بریتین لە، خالید سەعیجەر عەبوود موتەر مەربت حەمەد كە بە (ئەبو حەسان) ناسراوە و پۆستی فەرماندەی مەفرەزەیەكی ئەمنی بوو، لە ناوچەی پێنج كیلۆ لە ئەنبار دەستگیر كرا.

هاوكات ئەیوب عەبدولغەفور ئەحمەد كە بە (ئەبو ئوسامە) ناسراوە، كاری ئەو هەواڵنێری و گواستنەوە بوو لە بەغدا بۆ چاودێریكردنی هێزە ئەمنییەكان و چۆنێتی چوونە ژوورەوە و چۆنێتی دەرچوون لە كاتی قەرەباڵخی لە ناوچەی باب ئەلشەرقی، ناوچەی سەدر، بەغداد ئەلجەدیدە و سیدییە، لەگەڵ چاودێریكردنی رێگەی هاتووچۆكردنی خۆكوژەكان لەو ناوچانە.

كەسی كۆتایی ئەو گروپانەش عەممار باسم عاید فەیسەڵە، كە ناوسراوە بە (ئەبو جەعفەر)، ئەو راسپێردرابوو بۆ ئەنجامدانی كردەوەیەكی خۆكوژی لە ناوچەی باب ئەلشەرقی لە بەغدا.

 

مستەفا كازمی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، دوێنێ، دوای دیداری لەگەڵ كەسوكاری قوربانیانی تەقینەوە خۆكوژییەكەی دووشەممەی رابردوو لە ناوچەی سەدر لە بەغدا، لە راگەیەندراوێكدا رایگەیاند: “فرمێسك و ژانە دڵی خێزانی شەهیدانی شارۆچكەی سەدر رێنیشاندەرمان بوون بۆ دەستگیركردنی ئەو تۆڕە تیرۆریستییە ترسنۆكەی كە پلانداڕێژەر و جێبەجێكاری هێرشە تیرۆریستییەكەی (بازاڕی وحێلات) بوو، سەرجەمیان رووبەڕووی دادگا و گەل دەكرێنەوە و دەبنە پەند بۆ هەموو دەستدرێژیكارێكی تاوانبار”.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق، سێشەممەی رابردوو 20/7/2021، رایگەیاند: “تەقینەوەكەی شەوی رابردوو خۆكوژێكی تیرۆریست بە پشتێنەی بۆمبڕێژكراو ئەنجامیداوە و بووە هۆی شەهیدبوونی 30 هاووڵاتی و برینداربوونی زیاتر لە 50 كەسی دیكە”.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا