پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بڕیارە سبەینێ یەك شەممە 25ی تەمموز كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران بەڕێوەبچێت و تەوەرێکی کۆبونەوەکەش تایبەت بكرێت بەبابەتی لێبڕینی موچە و بەپێی داھات بڕیار لەسەر کەمکردنەوە یان نەهێشتنی لێبڕینی موچە بدرێت.
سەرچاوەیەكی باڵا لەوەزارەتی دارایی بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، لەنزیكترین كاتدا ئەنجومەنی وەزیران كۆبوونەوە دەكات و مەرجیش نییە تەواوی تیمی حكومەت بەشداری كۆبوونەوەكە بكەن.
سەرچاوەكە وتیشی، تەوەری كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران پرسی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران و هەڵكشانی پەتای كۆرۆناو چەند بابەتیچكی دیكەی پەیوەست بەهەرێمی كوردستانە.
پێشتریش جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی ھەرێم رایگەیاند، حکومەت ھەوڵ دەدات لێبڕینی موچە نەھێڵێت و ئەنجومەنی وەزیرانیش بڕیاری کۆتایی دەدات.
جوتیار عادل تیشی، حکومەت پابەندە بە دابەشکردنی موچە بە 30 رۆژ جارێک و مانگانەش لە 25 ی مانگ دەست بە دابەشکردنی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دەکرێت.
لە چەند ڕۆژی رابردووشدا چەند زانیارییەك لەبارەی كەمكردنەوەی ڕێژەی لێبڕینی موچەی فەرمانبەران بڵاوكراوەتەوە، لەوانە كەمكردنەوەی ڕێژەی لێبڕینی موچە لە 21% بۆ 5% یان 6% یان 11% بێت.
هاوكات، سەرچاویەك لە گەنجینەكانی سلێمانی بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، هیچ فەرمان و رێنماییەك نەهاتووە بۆ گەنجینەكان لەسەر چۆنێتی ئامادەكردنی لیستی موچەی فەرمانبەران.
وتیشی، بەهیچ شێوەیەك لەگۆڕانكاریكردن لەئامادەكردنی لیستی موچەی فەرمانبەران ئاگادارنەكراوینەتەوە بۆیە بەمیكانیزمی مانگی پێوشو لیستەكە ئامادە دەكرێت كە رێژەی لە 21% . بۆ موچەی مانگی حەوت.
لەلایەكی ترەوە، سەرچاوەیەكی ئاگادار لەپەرلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، ئەندامانی لیژنەی دارایی و بەشێكی زۆری پەرلەمانتاران ئاگاداری كۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیران نین لەسەر لێبڕینی موچە لەبەر ئەوەی هیچ زانیارییەك نادرێت بەپەرلەمان.
ئەو سەرچاوەیە وتیشی، زۆرینەی پەرلەمانتاران لەوبڕوایەدان حكومەت بەشێوەیەكی زۆر دەستكاری لێبڕینی موچە ناكات.
هاوكات، محەمەد سەعدەدین بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاندووە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە بۆ ئەم مانگە گۆڕانکاری بەسەر لێبڕینی موچەدا دێت، بەڵام کۆتایی نایەت، دەشڵێت، پێدەچێت موچە دوابکەوێت.
بەگوێرەی داتاكانی حكومەتی هەرێم، حكومەت بۆ دابەشكردنی موچە بەبێ لێبڕین پێویستی بە (897) ملیار دینارەو مانگی رابردووش حكومەتی عێراق بڕی 200 ملیاری بۆ موچەی موچە خۆرانی هەرێم خستە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان.