هاتنی گەشتیاری عەرەب هۆكاری بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووانی كۆرۆنایە لە هەرێم

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

راوێژكارێكی وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم دەڵێت، پێشنیارمانكرد بۆ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا هاتنی گەشتیاری عەرەب رابگرن یان سنورداری بكەن، بەڵام گوێمان لێنەگیرا، ئەمەش بوو بە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی پۆزەتیڤی پشكنینەكانی كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان لە 10% بۆ 16% تەنها لە ماوەی هەفتەیەكدا.

ئارام رۆستەم، راوێژكاری وەزارەتی تەندروستی حكومەتی هەرێم بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: شەپۆلی نوێی دەلتا كۆرۆنا زۆر بە خێرایی بڵاودەبێتەوە و هاووڵاتیانیش كەمتر گوێ‌ بە رێنماییەكان دەدەن، ڤایرۆسی جۆری دەلتا 70% زیاتر بڵاودەبێتەوە لە ڤایرۆسی پێشووی كۆرۆنا، ئەمەش وادەكات خەڵكیكی زیاتر تووش ببێت.

ئەو راوێژكارەی وەزارەتی تەندروستی وتی: دوو لیژنەمان هەیە، لیژنەیەكی زانستی كەخۆم ئەندامم تێیدا لەگەڵ لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، ئێمە لە لیژنە زانستییەكە داوامانكرد هاتنی گەشتیار لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق یان نەهێڵدرێت یان زۆر سنورداربكرێت، لەبەرئەوەی رێژەی ئەو پشكنینانەی پۆزەتیڤ دەردەچوون لە عێراق 30% بوو لە هەرێمی كوردستان 10% بوو، ئێمە پێشبینیمان كرد هاتنی رێژەی زۆری گەشتیاری عەرەب ببێتە هۆی بەرزبوونەوەی رێژەی تووشبووان و ئەوكاتە ئێمەش توانای چارەسەركردنی ئەو هەموو نەخۆشە نەیەین، بەڵام لیژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا ئەو پێشنیارەی ئێمەیان پێ‌ قبوڵ نەبوو بەهۆكاری ئابوری بوو یان هەر هۆكارێكی تر، ئەوەبوو گەشتیارێكی زۆری عەرەب هاتن ، ئێستا رێژەی پۆزەتیڤی پشكنینەكان لە ماوەی یەك هەفتەدا لە 10% بۆ 16% زیادی كردووە.

وتیشی: وەكو وەزارەتی تەندروستی لە هەموو شارەكان ئامادەكاری زیاترمان كردووە و شوێنەكانمان زیادكردووە بۆئەوەی بتوانین ئەو خەڵكانە وەربگرین كە پێویستییان بە هێشتنەوە لە ناو نەخۆشخانە هەیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا