پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا هۆشداری دا كە داخستنی پارتی دیموكراتی گەلان (هەدەپە) پرسیار دەخاتە سەرپرۆسەی هەڵبژاردن لە توركیا و ڕایگەیاند كە ئیدارەی جۆ بایدن بەردەوام دەبێت لە پشتگیری هێزە كوردیـیەكان لە باكوری ڕۆژئاوای سوریا.
ڤیكتۆریا نوڵەند، بریكاری وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری سیاسی، لە میانی دانیشتنێكدا لەگەڵ لیژنەی پەیوەندیـیەكانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات، نیگەرانی دەربڕی لە ڕێكارەكانی توركیا دژ بە ئەندامانی هەدەپە و ڕۆژنامەنووسان و جەختی كردەوە ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریكردنی هێزەكانی سوریای دیموكرات بە سەرۆكایەتی یەپەگە.
ڤیكتۆریا ڕایگەیاند: ئێمە زۆر بە ڕوونی نیگەرانیـیەكانی خۆمان دەربڕیوە بۆ دەستەڵاتدارانی توركیا سەبارەت بە قەدەغەكردنی حزبە سیاسیەكان. پێموایە كە ئەو پشتگیریـیەی ئەندامانی ئەو كۆمیتەیە و ئەنجومەنی نوێنەران بە گشتی دەریانبڕیوە بۆ ئەندامانی هەدەپە زۆر جیگای پێشوازییە، ڕوونە كە ئەم حیزبە “هەدەپە” نوێنەرایەتی چینێكی فراوانی هاوڵاتیانی توركیا دەكات و قەدەغەكردنی نوێنەرانی ئەو چینە پرسیار دروست دەكات لەسەر پاك و بێگەردی هەڵبژاردنەكان، بۆیە لە داهاتوودا بەردەوام دەبین لە ئاماژەكردن بەم بابەتە.
سەبارەت بە هێزە كوردیـیەكان لە سوریا، ئەو بەرپرسە ئەمەریكایـیە جەختیكردەوە لە بەردەوامی پشتگیری بۆ هێزە شەڕكەرەكان بە سەرۆكایەتی یەپەگە و ڕایگەیاند: ئێمە پێمانوایە كە هێزەكانی سوریای دیموكرات بەهای خۆیان بەزیادەوە سەلماندووە لە بارودۆخی ئاسایش لە سوریا و لە شەڕی دژ بە داعش.
دەستەڵاتدارانی توركیا لە ماوەی ڕابردوودا بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەكەكە چەندین سەكردەی دیاری هەدەپەیان زیندانیكردووە، دیارترینیان سەڵاحەدین دەمیرتاش، هەروەها دەسەڵاتی دادوەری توركیا بەردەوامە لە هەوڵەكانی بۆ داخستنی هەدەپە بە هەمان تۆمەتی پشتگیری بۆ پەكەكە.