نهێنییەکانی پشت هەڕەشەکەی وەزیری ناوخۆی تورکیا بۆ چونە ناو عێراق بە “پێ” چییە؟

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەدەن لە فەرهەنگی دەوڵەتی تورکیادا بەهۆی بیری فراوانخوازی و دەسەڵاتی عوسمانی نوێ بەهیچ جۆرێک ڕەچاوی سەروەری خاکی دەوڵەتان و یاسا نێودەوڵەتییەکان ناکرێت، هەروەک عوسمانییەکان کە چۆن هەڵدەستان بە داگیرکردن و کۆنتڕۆڵکردنی خاکی وڵاتانی دیکە، ئەردۆغانیش هەمان کاری باپیرانی دووبارە دەکاتەوە.

لە کاتێکدا فڕۆکە جەنگییەکانی تورکیا لە قۆناغێکی نوێی بۆردومان و کوشتاردا گوند و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستانیان بۆردومان دەکرد، وەزیری ناوخۆو دەستە ڕاستی ئەردۆغان سلێمان سۆیلۆ هەڕەشەی دەکرد و بەڵێنی  فراوانخوازی زیاتر و کاری نایاسایی زیاتری دەدا.

“ئەو ڕۆژانەی لێرەوە بە پێ دەڕۆین بۆ عێراق و سووریا دوور نییە، بە ئیزنی خوا ئەو ڕۆژانە نزیکە “

وەزیری ناوخۆی تورکیا پێشبینی کرد عێراق ببێتە گۆڕەپانێکی کراوە بۆ دەستێوەردانەکانی وڵاتەکەی، وە بۆچوونەکەی لەبارەی بەرقەراربوونی ئاشتی لە عێراق و مەیدانە هەرێمیەکانی دیکەی وەک لیبیا و ئەفغانستان و سوریا لەژێر بەرپرسیاری تورکیادان تەنها بۆچوونی کەسێکی هەڵچووی بە پەرۆش و بارگاوی بە هەستی نەژادپەرستی توررکی نەبوو هەروەک چۆن چینی دەسەڵاتداری تورکیا بەوجۆرەن، ئەوەندەی ڕەنگدانەوەی ئاڕاستەیەکی سیاسی بەردەوامی ناو پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکەپە) یە کە لە ئەرزی واقیعدا جێبەجێی دەکات.

لێدوانە فەرمیەکانی تورکیا کە بەردەوام هەڕەشە بۆ سەر سەروەری خاکی عێراق لەخۆدەگرێت، شەپۆلێکی ناڕەزایی و نیگەرانی  لای ژمارەیەکی زۆر لەسیاسەتمەدارانی عێراق وروژاند ، بەڵام دیسان بژاردە سنووردارەکانی عێراقی لەوەڵامدانەوەی زیادەڕۆکانی تورکیا ئاشکراکرد، لەکاتێکدا هەڕەشەکانی تورکیا تەنها سنوردارنەبوو لە هەڵوێست و لێدواندا بەڵکو دەستوەردانی سەربازیشی گرتەوە کە ئەمەش پێچەوانەی ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتە کە دەستوەردانی سەربازی لەسەر خاکی یەکتر بۆ پاراستنی ئاسایشی هەردوو وڵات سنوردار دەکات.

وەزیری ناوخۆی تورکیا سلێمان سۆیلۆ ڕایگەیاند بەرپرسیارێتی ئاشتی لە عێراق و ژمارەیەک وڵاتی دیکەی ناوچەکە لەناو بەرنامەی وڵاتەکەیدایە. سۆیلۆ لە وتارێکیدا لە شاری شرناخ وتی، “ئەو ڕۆژانەی لێرەوە بە پێ دەڕۆین بۆ عێراق و سووریا دوور نییە ، بە ئیزنی خوا ئەو ڕۆژانە نزیکە ” .

وتیشی”هەموومان کوڕی بەهێزترین و دەوڵەمەندترین وڵاتین، هەروەها وتی” ئاشتی لە سوریا، عێراق، لیبیا، ئەفغانستان، جوگرافیای ئیسلامی، مرۆڤایەتی و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-یش لە ئەستۆی ئێمەیە”.

ناوەندەکانی عێراق وایان لێکدایەوە کە لێدوانەکانی سلێمان سۆیلۆ لەوە تێپەڕی کردووە تەنیا لێدوانی تاکە کەسێکی بەپەرۆشی نەژادپەرستی تورک بێت، بەڵکو پێیان وایە ئەوە ڕەنگدانەوەی ئاراستەی سیاسەتی دەسەڵاتی حوکمڕانی تورکیایە کە ئەنقەرە بە مافێکی مێژوویی خۆی دەزانێت.

“چەند لایەنێکی سیاسی تورکیا لەناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش لەپاڵ بۆچوونەکەی ئەردۆغانن بۆ داگیرکردنی خاکی عێراق”

ئەوانەی ئەو بۆچوونەیان هەیە کە وتەکانی سۆیلۆ ڕەنگدانەوەی خودی سیاسەتی تورکیایە، لێدوانەکانی بە وتەکانی ئەردۆغان بەراورد دەکەن کە پێشتر بە ئاشکرا هەڕەشەی داگیرکردنی خاکی عێراقی کردووە تا دەگاتە قەزای شنگال بەبیانووی شوێنکەوتنی ئەندامانی پەکەکە و وتی، “سەبارەت بە سڕینەوەی تیرۆریستان لە شەنگال بەڵێنێکی هەتاهەتاییم هەیە دەتوانین لە پڕێکدا شەوێک بچینە ناو شەنگال”.

چەند لایەنێکی سیاسی تورکیا لەناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵاتیش لەپاڵ بۆچوونەکەی ئەردۆغانن بۆ داگیرکردنی خاکی عێراق، پێشتر دەوڵەت باخچەلی، سەرکردەی پارتی نەتەوەپەرستی تورکیا هەڕەشەی کرد و وتی، “زیاتر لە پێنج هەزار ئەندامی پارتەکەمان ئامادەن بۆ پەیوەندیکردن بە تورکمانەکانی کەرکوک و پارێزگاکانی دیکەی عێراق. هەروەها وتی، “تورکمانەکانی کەرکوک و شارەکانی دیکە بەتەنیا نین، بۆ چەوساندنەوە جێیان ناهێڵین، ڕێگەنادەین بێ نیشتیمان بمێننەوە”.

سوپای تورکیا لە مانگی تەموزی ساڵی 2015ەوە هێرش و ئۆپەراسیۆنی ئەمنی ئەنجام دەدات و شوێنی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان دەکاتە ئامانج.

چاودێران، زیاتر بەرەو پێشچوونە گێچەڵەکانی تورکیا بۆ خاکی عێراق بە درێژکراوەی سیاسەتی دەستێوەردانی دەرەوەی خاک دەبینن کە تورکیا بە ڕوونی لە ساڵانی ڕابردوودا پیادەی کردووە، کە لە ڕێگایەوە دەستێوەردانی لە لیبیا و سوریا و لە ناوچەی ناگۆرنۆ-کاراباخ کردووە، کە بووە بابەتی ناکۆکی نێوان ئەرمەنستان و ئازەربایجان.

“تورکیا هەمیشە لەکێبڕکێدا بووە بۆ ڕۆڵێکی گەورەتر لەعیراقدا”

دەستێوەردانی سەربازی لە عێراق، بەدیهێنانی دوو ئامانجی راستەوخۆی تورکیایە، یەکەمیان شەڕی دژی کورد لەسەر خاکی دراوسێکان وەک ئەوەی ئێستا لە خاکی سوریایە، دووەم بۆ دامەزراندنی شوێنپێیەک لەو وڵاتە لە پاڵ ئێران، کە لە ڕێگای سەرکردە سیاسی و میلیشیاییەکانیەوە کاریگەری خۆی لە عێراق سەلماندووە، هەروەها لە پاڵ ئەمریکا کە لە ڕێگەی چەند هەزار کەسێکەوە و لە ڕێگەی سەرکردایەتی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش،  واشنتۆنیش کاریگەری هەیە لە سیاسەتی عێراقدا لە ڕێگەی پەیوەندی نزیکی لەگەڵ حکومەتی بەغدا.

تورکیا زۆرجار بەهۆی شوێنە ستراتیژییەکەی و سامان و ئەگەری پێدانی هەلی وەبەرهێنان بۆ بنیاتنانەوەی، لەکێبڕکێدا بووە بۆ ڕۆڵێکی گەورەتر لەعیراقدا .

لەگەڵ زیاتر بوونی دەستوەردانی زارەکی و مەیدانی تورکیا لە عێراق، ئەوە دەرکەوت حکومەتی عێراق، بەحکومەتی ئێستاشەوە کە مستەفا کازمی سەرۆکایەتی دەکات، هیچ بژاردەی نییە لە بەرامبەر ئەو ڕەوتە مەترسیدارەی تورکیا، لەگەڵ ئەوەی بەغدا چەندین جار ناڕەزایی نیشانداوە بەرامبەر ئەنقەرە لەسەر پێشێلکردنی سەروەری وڵات بەبێ ئەوەی ئەم ناڕەزاییانە هیچ دەنگدانەوەیەکی هەبێت لە بەرەی تورکیادا.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک