لەم مانگەدا دوو تاقانەی ئەنفال لەدوو ڕوداوی نەخوازراودا گیانیان لەدەستدا

پۆڵەتیك پرێس- سەردار محەمەد

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئێوارەی ٢٢ی تەموز لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ تاقانەیەكی ئەنفال بە لێدانی تەزووی كارەبا گیانی لەدەستدا.

ئەو تاقانەیە ناوی مەنیجە ئەحمەدە كەسوكارەكەی ئەنفالن و خۆیشی تا ئێستا هاوسەرگریی نەكردووە و بە تەنها ژیاوە.

گیان لەدەستدانی ئەو تاقانەیەی ئەنفال لە كاتی پێدانی ئاوی بۆڕی گەڕەكەكەیان بووە دوای ئەوەی هەوڵیداوە كار بە ماتۆڕی ئاوەكە بكات، لەو كاتەدا تەزووی كارەبا دەیگرێت و بەهۆیەوە گیان لەدەستدەدات.

قەزای چەمچەماڵ و ناحیەی شۆڕش لە وەرزی هاویندا ١٠بۆ١٥ ڕۆژ جارێك ئاویان پێدەدرێت و بۆیە هاوڵاتیان خەمی گەورەیان ئەوەیە پاشەكەوتی ئاوەكە بكەن، بۆ ئەو كارەش ئەگەر كارەبای نیشتمانی نەبێت ئەوا پەنا بۆ مۆلیدە دەبەن.

گیان لەدەستدانی مەنیجە لەكاتێكدا هەفتەی ڕابردوش گەنجێكی دیكەی تاقانەی ئەنفال كە دانیشتووی هەمان ناحیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە بە ڕووداوی هاتووچۆ گیانی لەدەستدا.

ئەو گەنجە ناوی بارام فەرەجەو زۆربەی كەسوكارەكەی ئەنفالن هاوكات سێ برای شەهیدە، خۆیشی ڕزگاربووی شاڵاوەكانی ئەنفالە لە بەندینخانەكانی پارێزگای سەماوە.

بارام هاوسەرگیری كردووە و خاوەنی پێنج منداڵ بوو ، گیان لەدەستدانی لە ڕووداوێكی هاتوچۆی نێوان پارێزگای كەركوك و قەزای چەمچەماڵدا بوو دوای ئەوەی بەمەبەستی وەرگرتنی بەنزین بە نرخێكی كەمتر لە هەرێم سەردانی پارێزگای كەركوكی كردبوو .

دوا هیوای تاقانەكانی ئەنفال بۆئەوەی دوای مردنیان تەرمی كەسوكارە ئەنفالكراوەكانیشیان ون نەبێت ئەنجامدانی پشكنینی دی ئێن ئەیە (DNA) تایبەت بە ناسینەوەی تەرمەكانە كە تا ئێستا ئەنجام نەدراوە.

تاقانەكانی ئەنفال داوادەكەن تا خۆیان لەژیاندا ماون سامپڵی تایبەتیان لێ وەربگیرێت و دوای هێنانەوەی تەرمی كەسوكارەكانیان بەراورد بكرێت، چونكە دوای مردنی تاقانەكانی ئەنفال تەرمی تەواوی خانەوادەیەك ناناسرێنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا