ئەو کچە ئێزیدییەی قورئانی لەبەرکرد بۆئەوەی داعش ئازادی بکات

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

دوای زیاتر لەساڵێک لەرفاندنی، نوسینگەی فریاکەوتنی تایبەت بە رفێندراوە ئێزدییەکان توانی ئیمان و خێزانەکەی رزگاربکات، دواتر گویزرانەوە بۆ کەمپی شاریا لە شنگال کە تیایدا زیاتر لە 15 هەزار کەس هەیە.

ئیمان عەبدوڵـڵا کە ناسراویشە بە ئیمان عەباس، تەمەنی 13 ساڵ بوو کاتێک چەکدارانی داعش دەرگای دۆزەخیان بەڕووی گەلەکەیدا کردەوە، پێش ساڵی 2014 ئیمان ژیانێکی سادە و هێمنی هەبوو، ئەو ساڵە بەیەکێک لەخراپترین ساڵەکان بۆ گەلەکەی هەژماردەکرێت، کاتێک چەکدارانی داعش قێزەوتنترین تاوانی کوشتن و دەستدرێژی و دەرکردنیان بەرامبەر بە ئێزدییەکان ئەنجامدا.

ئیمان پێشتر لەگوندی تەل قەسەب لەگەڵ خێزانەکەی دەژیا، ئەوان لەوێ دوکانێکی بچوکی فرۆشتنی خۆراکیان هەبوو.

هێشتا ئیمان دەستی بە خەندەکانی بەهاری تەمەنی نەکردبوو، کاتێک لەساڵی 2014 چەکدارانی داعش لەگەڵ چەندین ئێزدی دیکە رفاندیان، بەپێی ئاماری نەتەوەیەکگرتووەکان، ئیمان یەکێک بوو لەو شەش هەزار کەسەی بوونە قوربانی ئۆپەراسیۆنەکانی رفاندن و دەرکردن و دەستدرێژی سێکسی داعشییەکان.

ئیمان بەسەختی لەدایک و باوکی جیاکرایەوە، دواتر لەبازاڕی کۆیلەفرۆشانی تایبەت بە رێکخراوی داعش نمایشکرا و فرۆشرا.

ئیمان دەڵێت: “ئەندامێکی داعش کە خاوەنی ناسنامەی عێراقی بوو منی کڕی، ئەو ناسراو بوو بە ئەبی کەرەم، بەڵام هەر زوو بێزار بوو، من بەسەرچووم لەلای”. بەڵام بۆ ئەوەی کۆیلەیەکی دیکە بکڕێت دەبوو سەرەتا ئیمان بفرۆشێت، ئەوەبوو دواتر پزیشکێکی داعش کە هاوشێوەی ئەبی کەرەم ناسنامەی عێراقی هەبوو، ئیمانی کڕی.

سەرەڕای ئەوەی زمانی عەرەبی زمانی دایک نەبوو بۆی و لاواز بوو تیایدا، بەڵام پزیشکە چل ساڵەکە رێککەوتنێکی لەگەڵ ئیمان کرد، ئەویش لەبەرکردنی قورئان بوو بەرامبەر بە ئازادبوونی، بە ئیمانی وت: “قورئان لەبەربکە و ئازادیت وەربگرە”. ئەم مەرجە نزیکبوو لە مەحاڵ بۆ ئیمان.

هەموو ئێوارەیەک لەبەردەم پزیشکەکە دائەنیشت تا گوێ لەو قورئانە بگرێت کە لەبەریبوو، وردە وردە ئەو ئایەتانەی لەبەریکردبوو لەبەردەمی پزیشکەکە چەند جارێک دەیوتەوە، ئیمان پێویستی بە مانگێک و چوار رۆژ بوو بۆ ئەوەی بگاتە ئەو ژمارەیەی پزیشکەکە داوای کردبوو، ئەویش لەبەرکردنی 101 لاپەڕەی قورئان بوو بەرامبەر ئازادکردنی.

رۆژی ئازادبوونی پەرجوویەکی راستەقینە بوو بۆ ئیمان و خێزانەکەشی

دواتر پزیشکەکە ئیمانی بردە یەکێک لەدادگاکانی موسڵ تا دۆکیومێنتی موسوڵمانبوونی بۆ دەربکات و بیسەلمێنێت کچێکی ئێزدی بووەتە ژنێکی ئازادی موسوڵمان و نابێت چێتر کڕین و فرۆشتنی پێوەبکرێت.

خێزانی ئیمان لەشاری تەلەعفەر لەرۆژئاوای موسڵ نیشتەجێ بوون و ناچارکران ئاینی خۆیان بگۆڕن بۆ ئیسلام و بەناچاری ئاژەڵدارییان دەکرد و مەڕ و ماڵاتی تایبەت بە داعشیان بەخێودەکرد، دوای ئەوەی ئیمان مافی ئازادبوونی وەرگرت، گەڕایەوە لای خێزانەکەی و لەگەڵ ئەوان دەستی بە ژیان کردەوە.

رۆژی ئازادبوونی پەرجوویەکی راستەقینە بوو بۆ خۆی و خێزانەکەشی، ئەوان هەموو هیوایەکیان لەدەستدابوو چونکە هەموو ئامرازەکانیان لێگیرابوو و لەژێر چاودێرییەکی توندی داعشیشدا بوون.

لەدوای چەندین شەڕ و پێکدادان، دواجار لەکۆتاییەکانی ساڵی 2017 ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی داعش ئازادکران، دوای چەند مانگێک سەدان ئێزدی توانیان لەدەست رفێنەرەکانیان هەڵبێن و خۆیان رزگاربکەن، بەڵام چارەنووسی هەزاران رفێنراوی دیکەی ساڵی 2014 و دواتریش، هێشتا بە نادیاری ماوەتەوە.

 

ئەم بابەتە لەماڵپەڕی دەرەج وەرگیراوە

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا