بۆ لە کەیسی تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە پەنجەی تۆمەت بۆ “پاراستنی پارتی” ڕادەکێشرێت؟

پۆڵەتیک پرێس:

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژنامەنووس سۆران محەمەد عەزیز ناسراو بەسۆرانی مامە حەمە، سەر لە ئێوارەی ڕۆژی 21ـی تەممووزی 2008، لەبەردەم ماڵەكەی خۆیدا لەگەڕەکی ڕەشیداوا لەلایەن چەند چەکدارێکەوە درایە بەردەست ڕێژی گولە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستدا.

سۆرانی مامە حەمە، ساڵی 2003 كاتێك لەپۆلی سێیەمی ناوەندی دەبێت، یەكەمین بابەتی ڕۆژنامەنووسی دەربارەی كێشەو نەبوونی خزمەتگوزاری لەچەمچەماڵ بڵاودەكاتەوە، لەكاری رۆژنامەنووسی بەردەوام بووە، بەهۆی خستنەڕوی گەندەڵی‌و فەزاحەتەكانی دەسەڵات چەند جارێك هەڕەشەی كوشتنی لێكراوە و مەترسی لەسەر ژیانی هەبووە تا دواجار لەلایەن دەستێكی رەش تیرۆركرا.

گەورە راوێژکار تۆماس کراجیسکی بەدواداچونێکی تێروتەسەلی کردووە لەسەر کەیسی تیرۆرکردنی رۆژنامەنوس سۆران مامە حەمە، کە تەواوی بە دواداچوونەکە پێگەی ویکیلیکس بڵاویکردووەتەوە و تیایدا سەردانی هەریەک لە نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانی و نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسوڵ و ئەحمد میرەی کردووە، و لیدوانی هەریەکەیانی وەرگرتووە لەسەر کەیسەکە.

بەگوێرەی وتەی تۆماس کراجیسکی، ئەحمەد میرە کە ئەوکاتە سەرنوسەری لڤین بووە، پەنجەی تۆمەتی بۆ پاراستنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کوشتنی رۆژنامەنوس سۆران حەمەدا ڕاکێشاوە، و ئاماژە بەوەشدەکات کە “مەسرور بارزانی بەرپرسی دەزگای پاراستن گڵۆپی سەوزی هەڵکردووە بۆ کوشتنی رۆژنامەنوسی گۆڤاری لڤین، سۆران حەمە. هەروەها، میرە ئەم دانیشتنە نهێنیە ئاشکرا دەکات و دەلێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەریمی کوردستان لە بەرواری ١/١١دا بانگهێشتی کردم و پێی راگەیاندم  کە بکوژانی سۆرانمان دەستگیرکردووە و هەندێ کەسی پارتی بەشدارییان کردووە لەم کوشتنەدا”.

میرە درێژە بەقسەکانی دەدات و دەڵێت: ” لە ٤/١١دا رۆژنامەی ئاوێنە راپۆرتێکی بلاوکردۆتەوە ئاماژە بەوە دەکات کە سێ کەس دەستگیرکراون لە کەرکوك کە پەیوەندیان هەیە بە کوشتنی سۆرانەوە، کە هەرسێکیان خەلکی شاری ڕانیەی سەر بەپارێزگای سلێمانین و بەرپرسی پاراستنن لە کەرکوك، بەڵام هیچکام لەمانە نادرێنە دادگاو زیندانی ناکرێن بەهۆی ئەو رێککەوتنە ستراتیژیەی کەلەنێوان پارتی و یەکێتی دا هەیە”.

مەسرور  بارزانی و ڕاوێژکار تۆماس لە کۆبوونەوەکەیاندا باسی چییان کردووە؟

لەدرێژەی سەردانەکانی تۆماس کراجسکی دا، سەردانی بەرپرسانی حکومی و ناحکومی دەکات چاوی بە مەسرور بارزانی دەکەوێت و دەربارەی کەیسی سۆرانی مامە حەمە مەسرور بارزانی دەڵێت: “یەکێتی نیشتیمانی کوردستان هەموو کات دژی من و دژی پارتی دیموکراتی کوردستانن و هەوڵدەدەن لەکەسایەیت من بدەن بەتایبەت لەکەیسی کوشتنی ئەم رۆژنامەنوسە، کە راپۆرتێکی لەسەر گەندەڵی حکومەتی هەرێم بلاوکردبوەوە لە گۆڤاری لڤین دا”.

مەسروربارزانی بەردەوام دەبێت و دەڵێت: “باوەرم وایە ئەمە پلانێکی نەخشە بۆ کێشراوبێت بۆئەوەی من تێوە بگلێنن، هاوکات نکۆڵی کرد لەهەر زانیارییەک کە پەیوەندی بە کوشتنی سۆرانەوە هەبێت”.

پاشان، ڕاوێژکار داوا دەکات لە مەسرور بارزانی کە زیاتر ڕێز لە رۆژنامەنوسی رەخنەگر بگرن و ژیانیان بپارێزن و بەدواداچون بکات لەسەر دۆزینەوەی بکوژە راستەقینەکانی سۆران، دڵنیایی دەدات بە مەسروربارزانی کە هەرگیز دەست هەڵناگرن لەم کەیسە.

نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت رەسول عەلی لەبارەی کەیسەکەوە چی دەڵێن

پاش سەردانکردنی راوێژکار، لێدوان لەهەردوو کەسایەتی نەوشیروان مستەفا و کۆسرەت ڕەسوڵ وەردەگرێت لەسەر ئەم کەیسەو پەنجەی تۆمەت بۆ پارتی و مەسرور بارزانی دریژ دەکەن بەڵام بەهۆی نەبونی بەڵگەیەکی رونەوە ناتوانن تەواو دڵنیابن، هەروەها بێ ئاگایی خۆیان دەردەبرن لەبەرامبەر تۆمەتبارە دەستگیرکراوەکانی کوشتنی سۆرانی مامە حەمە، هاوکات، پشتراستی بەڵگە بلاوکراوەکانی سۆران دەکەن لەسەر گەندەڵی حکومەتی هەرێم لەگۆڤاری لڤین دا”.

 

راوێژکار تۆماس کراجیسکی کۆمێنتی چییە؟

راوێژکار لەدوا وتەدا نوسیویەتی ” من سەرسام بووم بەوەی کە مەسرور بارزانی بێ ئاگایی خۆی دەربری لەبەرامبەر ئەو تۆمەتبارانەی کە دەستگیرکراون لەسەر کەیسی کوشتنی سۆران، لەکاتیکدا تەنها دوو هەفتە لەمەوبەر، نێچیرڤان بارزانی (کە دەکاتە ئامۆزای) ئاماژەی بەوە کرد کە تۆمەتبارەکان لای ئیمە دەست بەسەرکراون و لەژێر لێکۆڵینەوەدان، لێرەدا دەگەمە دوو حاڵەت یان ئەوەتا مەسرور بارزانی درۆی کرد لەگەڵم، یان بێ ئاگا بووە لە زیندانیەکەی نیچیرڤان بارزانی ئامۆزای”.

سۆران مامە حەمە کێ بوو؟

سۆران محەمەد عەزیز ناسراو بەسۆرانی مامە حەمە لە 2-2- 1987 لەگەڕەكی شۆریجەی كەركورك لەدایكبووە.

لەساڵی 2003 وە دەستی بەكاری ڕۆژنامەنوسی كردووە.

شاعیرێكی هەستناسك‌و بەتوانا بووەو خاوەنی دیوانە شیعری (وەرزی بێتاقەتی)ـە.قوتابیی پەیمانگای هونەرە جوانەكانی كەركوك بەشی (بیستن‌و بینین) بوو.

بەرپرسی نوسینگەی كەركوكی گۆڤاری لڤین بوو.

لە 21ی 7ی2008 لەبەردەم ماڵەكەی خۆی لەگەڕەكی شۆریجەی شاری كەركوك شەهیدكرا.

شەهید كردنی ئەو رۆژنامە نوسە یەكەم حاڵەت نییە، بەسەدان دۆسییە هەن لە هەرێمی كوردستان كە رۆژنامەنووس و چالاكوانی مەدەنی و پەرلەمانتار، بەرچەقۆی یاسا یان بەرچەقۆی حیزبەكان و حكومەت و پەرلەمان كەوتوون، لە دۆخێكدا دەتوانین بڵێن لەو دۆسییانەدا تاوانباران بە رەهایی دەربازیان بووە لە سزای یاسایی و تائێستا كەیسی بەدەیان رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی بەنادیاری ماونەتەوە.

ساڵانەش لە یادی رۆژنامەنووسی قەڵام سۆرانی مامەحەمە چەندین چالاكی و مەراسیمی تایبەت لەلایەن خزم و كەسوكار و دۆست و هاوڕێ و رۆژنامەنووس و چالاكوانانی مەدەنی بەڕێوە دەچێت و تیایدا دوای بە سزاگەیاندنی تۆمەتبارانی شەهید كردنی ناوبراو دەكرێت.

هاوكات رێكخراوەكانی داكۆكیكردن لە رۆژنامەوانان وێڕای ئیدانەكردنی ئەو رووداوانەی بەرەورووی رۆژنامەنووسان دەكرێنەوە جەختدەكەنەوە، شاردنەوەی کەیسی رۆژنامەنووسان و شاردنەوەی تاوانباران لە بەھاو نرخی رۆژنامەنووسان کەم ناکاتەوە، بەڵکو لە بەھاو نرخی دەسەڵات کەم دەکاتەوە، ئەو هەڕەشە و تاوانانەی لە رۆژنامەنووسان و چالاكوانانی مەدەنی و پەرلەمانتاران دەكرێن، ئامانجەكەی كۆتاییهێنانی ئەو دەنگانەیە كە راستییەكان دەخەنەڕوو، بۆیە ناكرێت چیتر بێدەنگیان لێبكرێت.

لای خۆشیەوە فەرمان محەمەد عەزیز، برای رۆژنامەنووس سۆرانی مامە حەمە بە پۆلەتیك پرێس-ی راگەیاند “ئەمڕۆ كە سیازدە ساڵ بەسەر تیرۆركردنی براكەم تێدەپەڕێت، تائێستا بكوژانی بەنادیاری ماونەتەوە و لەژێر پەردەی دەسەڵاتدا خۆیان شاردووەتەوە، وەك سەرجەم ئەو تاوانانەی دیكە كە لەهەرێمدا دەكرێت”.
وتیشی “دوای سۆران تاوانی زۆر قێزەونتلر ئەنجامدراوە دیارترین تاوانایش گرتنی رۆژنامەنووس و چالاكوانانی بادینانن، هەمان ئەو تاوانانەن كە بەرامبەر براكەم گیرایەبەر، لای ئێمە هیچ جیاوازیەكی نیە وەك ئەوە وایە بەجەستە تیرۆركرابن، دەسەڵات باكی نییە بەرامبەر بە میللەت، ئێمەش سورین لەسەر بەسزاگەیاندنی تاوەنباران”.

No description available.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا