پۆڵەتیك پرێس
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاشكرایكرد، بەهۆی وشكەساڵیەوە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان،30 گوند تووشی گرفتی بێ ئاوی بوونەتەوە و زیاتر لە چوار هەزار جووتیاریش زیانیان پێگەیشتووە.
رۆژی دووشەممە، سرووە محەمەد، جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئاشكرایكرد، بەهۆی وشكەساڵییەوە هەموو سێكتەرەكان لە گەرمیان زیانیان بەركەوتووە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە ژیانی هاوڵاتیانەوە هەیە، وەك ئاو، ئاژەڵداریی و كشتوكاڵیی.
باسی لەوەشكرد، لە سنووری ئیدارەی گەرمیان لە كۆی400 گوند، 30 گوندیان تووشی گرفتی كەمئاویی بوونەتەوە و پێشبینی دەكرێت لە ماوەیەكی كەمدا رێژەكە زیاترببێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، چوار هەزار و 430 جووتیار زیانیان پێگەیشتووە، هاوكات ئەو جوتیارانە بنەتۆوییان نەماوە بۆ ئەوەی ساڵی داهاتوو گەنم و جۆ بچێنن لە زەوییە كشتوكاڵییەكانیاندا.
سرووە محەمەد میكانزمەكانی چارەسەركردنی گرفتەكانی وشكە ساڵی خستەڕوو رایگەیاند، بەشێكیان بە دارایی چارەسەر دەكرێت و پارە نییە، بەشێكی دیكەی بە پارە چارەسەر ناكرێت، چونكە بەشێكیان خۆیان سەرچاوەی ئاوییان نییە یان بیری ئیرتوازییان پێ ناگات و دەبێت بە شێوازی تانكەر چارەسەری كێشەكەیان بكەین و ئاویان پێی بگەیەنین.
جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان، روونیكردەوە، حكومەتی هەرێم بڕی دوو ملیار و500ملیۆن دیناری بۆ قەیرانی وشكەساڵی تەرخانكردووە و بڕێك لەو بودجەیە بۆ گەرمیان دابین دەكرێت.