پۆڵه‌تیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لیژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ له‌په‌رله‌مانی كوردستان لە رێی پێشنیارێكەوە كاربۆ گۆڕینی بڕیاری سزای لەسێدارەدان ده‌كات بۆ سزای هه‌تاهه‌تایی.
زكری زێباری، ئه‌ندامی لیژنه‌ی کاروباری کۆمەڵایەتی و داكۆكی لە مافی مرۆڤ له په‌رله‌مانی كوردستان به‌پۆڵه‌تیك پرێسی راگه‌یاند، لە لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی‌و داكۆكی لە مافی مرۆڤ لە پەرلەمانی كوردستان پێشنیاریان كردووە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان تا پرۆژە بڕیارێك بۆ جێگرەوەی سزای لەسێدارەدان ئامادەبكرێت.
وتیشی، ئەو داواییەی لیژنەكه‌یان بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان، دوای سه‌ردان و بەسەركردنەوەی رەوشی سزادراوانی چاكسازییەكان دێت، كه به‌شێكیان داواكاری یه‌كلایی كردنه‌وه‌ی دۆسییه‌كانیان هه‌بووه و وتویانه سزای له‌سێداره‌دان له‌هه‌رێم جێبه‌جێناكرێت و ئه‌وانیش زیاتر لە دەساڵە سزای لە سێدارەدانیان بۆ دەرچووە تا ئێستاش سزاكه‌یان بەو شێوەیە ماوەتەوە.
باسی له‌وه‌شكرد، وه‌ك لیژنه‌كه‌یان پێیان باش بووه پەرلەمانی كوردستان بە بڕیارێك ئەو بابەتە چارەسەربكات تا چارەنوسی ئەو سزادراوانەش یەكلابكرێتەوە.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، بەدیاریكراوی مەبەستیان لەو پێشنیارە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمان گۆڕینی سزای لە سێدارەدانە بۆ سزای هەتاهەتایی، چونكە ماوەی زیاتر لە پانزە ساڵە ئەو سزایە لەهەرێمی كوردستان بۆ تاوانباران دەردەچێت، به‌ڵام جێبەجێ ناكرێت.
له‌ئێستادا له‌ناو چاكسازییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ژماره‌یه‌كی به‌رچاو سزادراو هه‌یه و هه‌ندێك له‌و سزادراوانه‌ش سزای له‌سێداره‌دانیان هه‌یه به‌ڵام سزاكه له‌هه‌رێمی كوردستان به‌سه‌ر سزادراواندا جێبه‌جێناكرێت.