پۆڵەتیك پرێس:
مەترسی شانە نووسووەكانی داعش لە باكوورو رۆژهەڵاتی سوریاو ناوچەكانی ئیدارەی خۆسەری بەردەوامە، كە گومان دەكرێت توركیا هاوكارییان بكات بۆ تێكدانی دۆخی ناوچەكە.
لەماوەی رابردوودا چەند سەرۆك عەشیرەتێكی عەرەب لەرۆژئاوای كوردستان، بەتایبەتی شاری رەققە و دێرەزوور تیرۆركرانو جۆرێك گرژی دروست بوو، كە ئیدارەی خۆبەرێوبەری رۆژئاوای كودستان هەوڵی چارەسەری گرژییەكانیداو بەجۆرێك دەستوەردانی كرد بۆ هێوركردنەوەی دۆخەكە، بەڵام ئێستا ترس هەیە، كە ئەو رووداوانە بەمەبەست رووبدەنەوە.
ترسەكە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە، كە توركیا لەرێگەی سیخوڕەكانی كار بكات بۆ ئەوەی داعش لەو ناوچانە پشێوی لەناو خەڵكیو عەشیرەتەكان دروست بكەنو دۆخی ناوچەكە بەرەو خراپی بەرن.
لەو بارەوە بێریڤان خالید هاوسەرۆكی ئەنجوومەنی خۆسەری رۆژئاوای كوردستان تایبەت بە “پۆڵەتیك پرێس” وتی: شانە نووستووەكانی داعش و دەستوەردانی توركیا و رژێمی سوریا لەناو چەكەدا مەترسین لە سەر ژیانی خەڵكی هەرێمەكە.
ئەو وتیشی: راستە لەرووی سەربازییەوە داعش تێكشكاووە و نەماوە، بەڵام لە رووی فكرییەوە هێشتا فكری داعش بوونی هەیەو شانەی نووستووی داعش كۆتایی نەهاتووەو توركیاش هاوكارە بۆ زیندووكردنەوەیان.
هەروەها وتی: ئیدارەی خۆبەرێوەبەری رۆژئاوا بۆ چارەسەركردن دەستیكردووە بە هەوڵدان، ئەوەش لە رووی پەروەردەو پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری گشتییەوە بۆ ئەوەی زیاتر ئاسایش فەراهەم بكات و پلانگێری و هێرشەكان پوجەڵبكاتەوە.