یەكێتی لە كەركوك دەست بە ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردن دەكات

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك دەڵێت، دوای جەژنی قوربان پرۆسەی ئامادەكاری بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەست پێدەكەن و بە دیاریكراویش لە 10 ی ئابەوە دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەن.

ئەمڕۆ 18ی 7ی 2021 لەبارەگای مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەشاری كەركوك رزگار عەلی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی سەرپەرشتی كۆبونەوەیەكی لەگەڵ كاندیدەكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی لەبازنەكانی هەڵبژاردنی پارێزگای كەركوك كرد.

عەلی قەڵایی بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا تاوتوێی ئامادەكارییەكان كرا بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق و لەو چوارچێوەیەدا سەركردایەتییەكانی یەكێتی لەسەر ئاستی پارێزگای كەركوك و كادیرەكانی ئەنجومەنی مەڵبەند دابەش دەبن بەسەر بازنەی یەك و بازنەی دووی هەڵبژاردن.

بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەكێتی لە كەركوك وتی: دوای جەژنی قوربان دەست بە ئامادەسازی دەكەین لە 10ی مانگی ئابی داهاتووش بە فەرمی دەست بە بانگەشەی هەڵبژاردن دەكەین تا رۆژی هەڵبژاردن.

وتیشی: بەبڕوای ئێمە هەڵبژاردن دواناخرێت و لەو وادەیەی بڕیاری لەسەردراوە ئەنجام دەدرێت، بۆیە بە ئەگەری 100% ی ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئێمە ئامادەكاری خۆمان ئەنجام دەدەین.

بڕیارە لە 10/10/2021 هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق ئەنجام بدرێت پارێزگای كەركوكیش دابەشكراوە بۆ سێ‌ بازنەی هەڵبژاردن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا