پۆڵەتیک پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئیمارات لاری نییە لەزیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت لەلایەن وڵاتانی ئۆپیک پڵەس، ئەوەی بەلایەوە گرنگە ئەوەیە ئاستی بەرهەمهێنانی خۆی زیادبکات، بەپێی چەند سەرچاوەیەک، ئیمارات دەیەوێت ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بگەیەنێتە 3.8 ملیۆن بەرمیل نەوت لەهەر رۆژێکدا، لەکاتێکدا پێشتر رۆژانە 3.168 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمدەهێنا.
ئەمڕۆ یەکشەممە، دواجار لەژێر فشاری بەردەوام و کۆبوونەوە یەکلەدوای یەکەکانی کۆمەڵەی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت و هاوپەیمانەکانی، کە ناسراون بە ئۆپیک پڵەس، رێککەوتن کرا لەسەر ئەوەی لەمانگی ئابی داهاتووەوە، بەرهەمهێنانی نەوت زیادبکات و ئیماراتیش رۆژانە بڕی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت.
بەپێی دوایین رێککەوتنەکانی وڵاتانی ئۆپیک پڵەس، لەمانگی ئابەوە رۆژانە ئیمارات بڕی 3.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، هاوکات، رێککەوتن لەسەر ئەوەی هەریەکە لەعێراق و کوەیت رۆژانە بڕی 150 هەزار بەرمیل نەوتی زیادە بەرهەمبهێنن.
خەونی بەرهەمهێنانی نەوت لەلای ئیمارات بەجۆرێکە، بەملیاران دۆلاری بۆ بەهێزکردنی کەرتی بەرهەمهێنانی نەوت تەرخان کردووە، بەڵام رێککەوتنی سنوردانان لەسەر بەرهەمهێنانی نەوت، نزیکەی %30 توانای بەرهەمهێنانی ئیماراتی پەکخستووە.
خەونی بەرهەمهێنانی نەوت لەلای ئیمارات بەجۆرێکە، بەملیاران دۆلاری بۆ بەهێزکردنی کەرتی بەرهەمهێنان تەرخان کردووە
لەمانگی ئایاری ساڵی رابردوو، بەمەبەستی روبەڕوبوونەوەی ئەو زیانە گەورانەی بەهۆی قەیرانی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەر جیهان کەوت، ئۆپیک پڵەس بڕیاریدا رۆژانە ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێژەی نزیکەی 10 ملیۆن بەرمیل نەوت کەمبکاتەوە.
لەلایەکی دیکەوە سعودیە دژی ئەم داواکاریەی ئیمارات دەوەستایەوە و ئاگادارانەتر مامەڵەی دەکرد، بەبڕوای سعودیە هێشتا دڵنیایی تەواوەتی لەبارەی رێڕەوی ڤایرۆسی کۆرۆنا نییە بەتایبەت کە لەشوێنە جیاجیاکانی جیهاندا چەند جۆر و شێوەیەکی دیکەی ڤایرۆسەکە بوونی هەیە و لەهەندێک وڵات هێشتا توشبوون بە ڤایرۆسەکە لەئاستێکی بەرزدایە.
بەبڕوای شرۆڤەکارانی ناوچەکە، ئەو ناکۆکییە ئاشکرایەی نێوان ئیمارات و سعودیە کە پەیوەستە بە سیاسەتی ئۆپیکەوە، ئاماژەیە بۆ رکابەری ئابووری نێوانیان.
رەتکردنەوەی پێشنیارەکەی سعودیە لەبارەی درێژکردنەوەی ماوەی سنوردانان بۆ بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەشت مانگی دیکە لەلایەن ئیماراتەوە، هۆکار بوو بۆ دواخستنی دیالۆگەکانی ئۆپیک پڵەس لەماوەی رابردوودا.
لەوبارەیەوە ئەمیر خان، گەورە ئابووریناسی بانکی ئەهلی سعودیە رایگەیاند، “روبەڕوبوونەوەی ئۆپیک ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئیمارات جەخت لەبەرژەوەندییە تایبەتە ئابووری و نیشتیمانییەکانی خۆی دەکاتەوە دژی سعودیە”.
ئیمارات ئەو رێککەوتنەی راگرت، کە گەورە بەرهەمهێنەرانی وەک سعودیە و روسیا پاڵپشتیان لێدەکرد
لەئێستادا کە سعودیە دەیەوێت کەمتر لەڕووی ئابوورییەوە پشت بە نەوت ببەستێت، لەهەمان کاتدا لەسەر سەرمایە و بەهرەی بیانی لەگەڵ ئیمارات لەکێبڕکێدایە.
لایخۆیەوە ئیمارات ئەو رێککەوتنەی راگرت، کە گەورە بەرهەمهێنەرانی وەک سعودیە و روسیا پاڵپشتیان لێدەکرد و ئامانجەکەی ئەوەبوو، تا کۆتایی ئەمساڵ رۆژانە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی زیادە بەرهەمبهێنرێت و تەواوی سنورەکانی دیکەی بەردەم بەرهەمهێنان تا کۆتایی ساڵی داهاتوو درێژبکرێنەوە لەجیاتی ئەوەی لەمانگی نیسانی ساڵی داهاتوو کۆتاییان پێبهێنرێت.
لەماوەی ڕابردوودا نرخی نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد، بەجۆرێک یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت لە 78 دۆلار نزیکبووەوە و ئەمەش پاڵنەر بوو بۆ گەورە بەرهەمهێنەرانی نەوت تا داوای زیادکردنی بەرهەمهێنان و کەمکردنەوەی سنورەکان بکەن.
ئەوەش لەکاتێکدایە لەماوەی ساڵی رابردوودا کەرتی وزە لەجیهاندا زیانی گەورەی بەرکەوت و ئاستی داواکارییەکان لەسەر نەوت بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکرد، ئەم زیانە قوڵتر بووەوە کاتێک گەشتە ئاسمانییەکان وەستێنران و جموجوڵی زەمینی و ئاسمانی سنوریان خرایەسەر.