بەنداوی موسڵ، بۆمبە چێنراوەکەی عێراق

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

مەترسیدارترین بەنداوی عێراق، ئەو خەونە مەحاڵەی سەدام دەیویست بیکاتە ڕاستی، هەموو جیهان ئامۆژگاری سەدام حسێنی کرد ئەو بەنداوە دروست نەکات، بەڵام ئەو تەحەدای سروشتی کردو دەرئەنجامەکەی بریتی بوو لە چاندنی ترس لە “هەرێمی کوردستان” .

بیرۆکەی بنیاتنانی ئەو بەنداوە لە ساڵانی پەنجای سەدەی ڕابردووەوە دەستیپێکرد، لەوکاتەدا ئەنجومەنی بنیاتنانەوەی عێراق بڕیاریدا گەورەترین بەنداو لە ئاستی عێراق و تەنانەت ناوچەکەش لەسەر دیجلە دروست بکات، لە دووری 40 کیلۆمەتر لە شاری موسڵ .

بەڵام بەهۆی گۆڕانە سیاسییە بەردەوامەکانی عێراق و ئەو کودەتا یەک لەدوای یەکانەی ڕوویاندەدا بیرۆکەکە پشتگوێ خرا، هۆکارێکی دیکەش بنیاتنانی بەنداوەکەی کردە شتێکی مەحاڵ.

“سەدام ویستی تەحەدای مەحاڵ بکات و بنەماکانی سروشت تێکبشکێنێت”

لێکۆڵینەوەکان دەریانخست ئەو ناوچەیەی هەڵبژێردراوە گونجاو نییە بۆ بنیاتنانی بەنداو، ئەمەش بیرۆکەکەی بۆ ماوەی زیاتر لە 35 ساڵ خستە ژێر گڵ بەتایبەت تا ساڵی 1984 واتە ئەوکاتەی سەدام لە حوکمدا بوو، دەیویست تەحەدای مەحاڵ بکات و بنەماکانی سروشت تێکبشکێنێت.

سەدام حسێن چەندین کۆمپانیای ڕاوێژکاری هێنایە سەر شوێنەکە، بەڵام هەموویان هاوڕابوون لەسەر ئەوەی ئەو شوێنە بۆ بنیاتنانی بەنداو گونجاو نییە.

لەوکاتەی سەدام هیوای بەدیهێنانی خەونەکەی لەدەستدەدا، دوو کۆمپانیای فەڕەنسی و سویسری توێژینەوەیان پێشکەشی حکومەت کرد کە بە ئەنجامدانی هەندێک گۆڕانکاری لە خاکەکەدا و چارەسەرکردنی بە هەندێک ماددە گونجاو دەبێت بۆ بنیاتنانی بەنداو بەوەش ڕێژەی شکستی کارەکە %15 دەبێت، بەڵام لە توێژینەوەیەکی روسیدا ڕێژەی شکست %93. بوو.

دوای چەند مانگێک کارکردن لە دروستکردنی بەنداوەکەدا ڕاستی توێژینەوە ڕوسییەکە دەرکەوت، بەشێکی درزی تێکەوت و داڕما، دوو کۆمپانیاکە ناچاربوون بۆ چارەسەرکردنی ئەم گرفتە پرۆسەی پڕکردنەوەی خاکەکە بە چیمەنتۆ ئەنجامبدەن.

“بەنداوەکە بووە گەورەترین بەنداوی عێراق و چوارەم گەورەترین بەنداو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام نازناوێکی دیکەشی هەڵگرت وایکرد عێراقییەکان دڵیان پێی خۆش نەبێت”

بەنداوەکە ناوی سەدام حسێن-ی هەڵگرت و بووە گەورەترین بەنداوی عێراق و چوارەم گەورەترین بەنداو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەڵام نازناوێکی دیکەشی هەڵگرت وایکرد عێراقییەکان دڵیان پێی خۆش نەبێت، چونکە ئەو بەنداوە دوای 2003 ناوی لە سەدامەوە گۆڕا بۆ موسڵ و ناوی مەترسیدارترین بەنداوی جیهانی لێ نرا.

“پێکهاتەی خاکی بەنداوەکە هەڕەشەیە بۆ سەر داڕووخانی لە داهاتوودا”

بەپێی توێژینەوەی زانکۆی لۆلی سویدی، لاوازی بناغەی بەنداوەکە و پێکهاتەی خاکەکەی کە خوێدارەو بە بەرکەوتنی ئاو تووشی داخوران دەبێتەوە، ئەوەش وا دەکات هەڕەشە بێت بۆ داڕوخانی بەنداوەکە.

لە ساڵی 2006 دا توێژینەوەیەکی بەشی ئەندازیاری سوپای ئەمریکا لەبارەی بەنداوەکە بڵاوکرایەوە، پوختەی ڕاپۆرتەکە ئەوە بوو کە بەنداوی موسڵ لە ڕووی ئەگەری داڕووخانەوە مەترسیدارترین بەنداوە لە جیهاندا.

لە ساڵی 2007 دا ئاماژە بەوە کرا بۆ پاراستنی بەنداوەکە  لە فشاری زۆری ئاو، پێویستە ساڵانە بۆشاییەکانی بەنداوەکە بە دوو تۆن چیمەنتۆ پڕبکرێتەوە.

“لە حاڵەتی داڕووخانی بەنداوەکەدا دەبێتە هۆی نقومبوونی شاری موسڵ لەماوەی تەنها سێ کاتژمێردا”

ئەم بەنداوە گەورەیە 11 ملیار مەتر چوارگۆشە ئاوی گلداوەتەوە، ئەم ڕێژە ئاوەش فشارێکی زۆر دروست دەکات لە حاڵەتی داڕووخانی بەنداوەکەدا دەبێتە هۆی نقومبوونی شاری موسڵ لەماوەی تەنها سێ کاتژمێردا، هەروەها شارەکانی تکریت و سامەڕا و دەوروبەری بەغداش نقوم دەکات و ژیانی ملیۆنان عێراقی دەخاتە مەترسیەوە.

سروشت تاکە دووژمن نییە بۆ ئەم بەنداوە، بەڵکو مەترسیەکی دیکەش هەیە، ئەوەش ڕێکخراوە تیرۆریستیەکانن لە سەروو هەموویانەوە داعش کە بەردەوام هێڵەکانی کارەبا دەکاتە ئامانج بەتایبەت ئەوانەی لەم بەنداوەوە سەرچاوە دەگرن، ئەمەش سەردەکێشێ بۆ ئەوەی داعش بەنداوەکە بکاتە ئامانج.

بەنداوی موسڵ بە سامانێکی نەتەوەیی و نیشتیمانی بۆ عێراق دادەنرێت، بەپێی توێژینەوەیەک کە ئەمریکا لە ساڵی 2007 ئەنجامیداوە، ئەم بەنداوە 750 مێگاوات کارەبا بەرهەمدەهێنێت و کارەبای 675 هەزار ماڵ دابین دەکات. ئەمە جگە لەوەی بە سەرچاوەی سەرەکی ئاوی خواردنەوە و کشتوکاڵی کوردستان دادەنرێت.

“حکومەتی عێراق گرەنتی سەلامەتی ئەم بەنداوەی داوەتە عێراقییەکان”

لەگەڵ ئەوەی چەندین توێژینەوە بە بەردەوامی مەترسیەکانی ئەم بەنداوەو ڕووخانی ئاشکرا دەکەن بەڵام حکومەتی عێراق گرەنتی سەلامەتی ئەم بەنداوەی داوەتە عێراقییەکان.

ئەوەی لە ئێستادا بۆ عێراقییەکان دەمێنێتەوە ئەوەیە باوەڕ بە بەڵێن و گرەنتییەکانی حکومەتەکەیان بکەن و مەترسی گەورەی بەنداوەکە لەبیر خۆیان ببەنەوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا