شنۆ ئەشقی سورچی: هەندێك هاووڵاتی توركیا موچەی خانەنشینی لە دهۆك وەردەگرن

پۆڵەتیك پرێس: هاوژین زیبا
شنۆ ئەشقی سورچی پەرلەمانتاری كوردستان لەفراكسیۆنی یەكێتی نیشتمانی باسی دۆخی دهۆك دەكات‌و جەخت دەكاتەوە، كە دۆخی پارێزگاكە بەگشتی لەرووی ئەمنی‌و سیاسی‌و ئابوورییەوە “خراپە”.

شنۆ ئەشقی سورچی لەمیانی چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ “پۆڵەتیك پرێس” دەڵێت: لەئێستادا بەدواداچوون بۆ بابەتێك دەكەم، كە ئەمە وەك زانیاری پێتانی دەڵێم هەندێك هاووڵاتی توركیا موچەی خانەنشینی لە دهۆك وەردەگرن‌و لەبانكەكان دەبینرێن، كە من بەدواداچوون دەكەم تا بزانین ئەو هاووڵاتییە توركانە كێن، لە دهۆك موچەی خانەنشینی وەردەگرن.

پەرلەمانتارەكەی فراكسیۆنی یەكێتی دەشڵێت: دۆخی دهۆك بەشێوەیەكە، بەدەیان دەزگاو بارەگای میتی توركیا لەناو سەنتەری پارێزگای دهۆكدا بوونیان هەیە و لە قەزاو ناحییەكانیشدا لە شێلازی لە ئاكرێ هەن ئەمەش وادەكات ئێمە گومان لەسیاسەتی پارتی دیموكرات كوردستان بكەین لەو دەڤەرە، كە لە خزمەتی ساسەت دەوڵەتی توركیادا بێت.

پۆڵەتیك پرێس: تایبەتمەندی شاری دهۆك لەچیدایە، كە حكومەت قەرەبووی زیانلێكەوتووان ناكاتەوەو هاوڵاتیانی قوربانی هێرشی فرۆكەكان بە شەهید هەژمار ناكات
شنۆ ئەشقی سورچی: ئەو پرسیارە هەمان پرسی ئێمەش بووە لەكاتێكدا ئێمە رۆژانە لە هەموو سنوورەكانەوە هێرشمان دەكرێتە سەر و هاووڵاتیانی مەدەنی شەهید دەكرێن، بەڵام لەزۆنی سەوز بەشەهیدی هاووڵاتی تۆماردەكرێن‌و قەرەبووی مادی زیان لێكەوتووان دەكرێتەوە، بەڵام لەزۆنی زەرد و ناوچەكانی ژێر دەسەڵاتی پاتی دیموكراتی كوردستان هیچ قەرەبوویەكی مادی ناكرێنەوە و قوربانیانیش بەشەهیدیش تۆمار ناكرێن.

پۆڵەتیك پرێس: لەكاتێكدا گوندەكان چۆڵ بوون‌و بەهەزاران هاووڵاتی ئاوارە بوون، حكومەت هیچ قەرەبووەكیان ناكاتەوە؟
شنۆ ئەشقی سورچی: لە ساڵی ١٩٩١ كورد بۆردوومان دەكرێت بە سەدان هاووڵاتی لە دەڤەری بادینان بوونەتە قوربانی هێرشە ناڕەواكانی فڕۆكەكانی توركیا، بەڵام بەبیانووی یاسای چاكسازی قەرەبوو ناكرێنەوە، ئەی بۆ پێش یاسای چاكسازی بۆ قەرەبوونەكراونەتەوە؟ بۆچی دەسەڵات هێندە كەمتەرخەم بووە بەرانبەر بەهاووڵاتییانی شاری دهۆك و بادینان؟ بەراستی ئەوەش جێگەی پرسیارو گومانی ئێمەیە.

پۆڵەتیك پرێس: ئەمە غەدرێك نییە لەخەڵكی ئەو ناوچەیە دەكرێت؟
شنۆ ئەشقی سورچی: بەهەموو شێوازێك غەر لە خەڵكی پارێزگای دهۆك دەكرێت، من وەكو دهۆكییەك قسە دەكەم بەدوا داچوونم كردووە لەم شارە خزمەتگوزاری زۆر كەمە پرۆژە ستراتیژییەكان لەدهۆك بناغەیان دادەندرێت‌و لە هەولێر پاەكەی وەرەگیرێت‌و پرۆژەكان جێبەجێناكرێت.

لە كابینەكانی دیكەی حكومەت پارە وەرگیراوە، كەچی پرۆژە بوونی نییە، كەمی خزمەتگوزاریەكانیش وای كردووە خەڵكانێكی زۆر بێكار بن و ئێستا شەپۆلێكی دیكەی گەنجان لەم رۆژانەدا روویان لەئەوروپا كردووە، هەروەها لە كۆی ملیۆنێك و سەد هەزار موچەخۆر تەنیا سەد هەزار موچەخۆر لە پارێزگای دهۆك هەیە، كە ئەمە كاریگەری گەورەی لەسەر دۆخی ئابووری شارەكە داناوە.

پۆڵەتیك پرێس: ئێوە بە تەنیا ئەم هەڵوێستەتان وەرگرتووە یاخود ئەمە هەڵوێستی فراكسۆنەكەتانە؟
شنۆ ئەشقی سورچی: من وەكو پەرلەمانتارێك نوێنەری شاری دهۆكم زۆرترین دەنگم لەو شارە هێناوە، راستە ئێمە پەرلەمانتاری كوردستانین، بەڵام من لە دهۆك دەنگم هێناوە، بەڵام تەنیا پەرلەمانتارم لە سەر ئاستی فراكسیۆنەكەم و سەرجەم ئەندام پەرلەمانتارەكان لە كۆی ١١١ ئەندام پەرلەمانتار لەسەر ئەم پرسە كارم كردووە، كە لە داهاتووا هەوڵ دەدەم دەنگی هاوكار و هاوپیشەكانم كۆبكەموە لۆبییەك دروست بكەین و هەوڵ دەدەم لەسەر بارودۆخی دهۆك دانیشتنێكی پەرلەمان رێكبخرێت.

ئێوە پێتان وایە كێ بەرپرسیاری سەرەكییە لەو دۆخەی ئەو دەڤەرە و شاری دهۆك بەتایبەت؟
شنۆ ئەشقی سورچی: ئێمە لەیەكەم ساڵی دەست بەكاربونماندا لەگەڵ ١١ پەرلەمانتار سەردانی دهۆكمان كرد لە بارەی ئەو كێشەو گرفتانەی لەو شارەدا هەن، خودی پارێزگار، كە كێشەكانی خستە بەردەستی ئێمە ئاماژەی بەوەدا ئەو پارێزگایە لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە غەدری لێكراوە.

ساڵی رابردووش لەگەڵ پارێزگاری دهۆك دانیشتین‌و ئەوەی بۆمان دەركەوت ئەوە بوو، كە پارێزگار بۆ خۆشی كەمتەرخەم بووە و هەمیشە هەوڵ دەدرێت، كە راستییەكان بشاردرێنەوە.

پۆڵەتیك پرێس: كێ هەوڵ دەات راستەكان بشارێتەوە؟
لەزۆنی زەرد پارتی دیموكراتی كوردستان هەوڵ دەات راستییەكان بشارێتەوە و هەمیشە كار لەسەر ئەوە دەكات بڵێت لە هەولێر و دهۆك هیچ كێشەیەك و نارازی بوونێك لەئارادا نییە.

پۆڵەتیك پرێس: پارتی بۆچی هەوڵێكی لەو شێوەیە دەدات ئایا سودی ئەم شاردنەوەیە لە چیدایە؟
شنۆ ئەشقی سورچی: پارتی یموكرات وا هەستەكات بە شارنەوەی راستییەكان سنووری دەسەڵاتی خۆیان دەپارێزن، بەڵام رۆژێك نارەزایەتییەكان لەلایەن هاووڵاتییانەوە كارەساتی لێدەكەوێتەوە، لە دهۆك چینی دەوڵەمەند هەیە، كە سەر بە پارتی دەسەڵات و بنەماڵەیەو چینی هەژاركەش هاووڵاتی ئاسایی و هەژاری ناوچەكەن‌و رۆژێك ئەوە قبووڵ ناكەن‌و دۆخەكە دەتەقێتەوە.

پۆڵەتیك پرێس: هیچ هۆكارێكی نادیار یان شاراوە لە پشتی سیاسەتەكانی پارتییەوە هەست پێدەكەن؟ پێتان وایە پارتی لەبەرژەوەندی كێ ئەم سیاسەت و كارانە ئەنجام دەدات؟
شنۆ ئەشقی سورچی: بەدەیان دەزگاو بارەگای میتی توركیا لەناو سەنتەری پارێزگای دهۆكدا بوونیان هەیە و لە قەزاو ناحییەكانیشدا لە شێلازی لە ئاكرێ هەن ئەمەش وادەكات ئێمە گومان لەسیاسەتی پارتی دیموكرات كوردستان بكەین لەو دەڤەرە، كە لە خزمەتی ساسەت دەوڵەتی توركیادا بێت.

لەئێستادا بەدواداچون بۆ بابەتێك دەكەم، كە ئەمە وەكو زانیاری پێتانی دەڵێم هەندێك هاووڵاتی توركیا موچەی خانەنشینی لەدهۆك وەردەگرن‌و لەبانكەكان دەبینرێن بەدواداچوون دەكەم تا بزانین ئەو هاووڵاتییە توركانە كێن، كە لە دهۆك موجەی خانەنشینی وەردەگرن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا