پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی
سازدانی: دیار لەتیف
باهۆز مستەفا، لەدایکبووی 1975 هەولێر. بەکالۆریۆس لە بەشی زمانی کوردی، کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین _ هەولێر و دبلۆمی لە زمانی ئەڵمانی _ گیۆته ئینستوت_ ئەڵمانیا وەرگرتووە. دەستپێکی نووسینی لە ساڵی 1994 بووە. ئەندامی یەکێتی نووسەران و ئەندامی سەندیکای رۆژنامەنووسانە. نووسینەکانی لەگۆڤاری ڕامان و نەوشەفەق و شێوەکاری و ڕۆژنامەی هەولێر و خەبات بڵاوکردووەتەوە.
لەم دیدارەدا لەگەڵ باهۆز مستەفا لەبارەی چەند پرس دەربارەی ڕۆمان دواوین و دەدوێین.
دیار لەتیف: ئایا ڕۆمانی کوردی نەوەی تازە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی لە چ ئاستێکدایە و گۆڕانکارییەکانی چین؟ چی گۆڕانکارییەک بەسەر دیدگای ڕۆماننووسانی ئەم دەیەدا هاتووە و لە قۆناغی پێشخۆی جیای دەکاتەوە؟ بۆچی تا ئێستا نەوەی گەنجی ڕۆماننووسان وەک پێویست ناخوێنرێنەوە و پێشوازی لێ ناکرێن، بەراورد بە نووسەرانی پێش خۆیان؟ ئاخۆ ئەوە پەیوەندی بە لاوازی و تواناکانی نووسین و خەیاڵگەی ڕۆماننووسانی گەنجەوە هەیە و ڕایەڵ بە توانا و هێز و سەرژمێری بەردەنگی ڕۆماننووسانی پێش خۆیانەوەیە؟ ئاخۆ ئەمەیە وایکردووە وەک پێویست سەرنج نەخرێتەسەر نەوەی ڕۆماننووسانی تازە؟ ئاخۆ کێشەکە قەیرانی کوالێتی نووسینی ئەم نەوە نوێیەی ڕۆماننووسانە، یان بابەتەکە قۆرخکاری نووسەرانی ئامادەی ناوەندەکەیە؟
باهۆز مستەفا: ئەگەر سەیری مێژووی ژانری رۆمان بکەین لە جیهاندا بەگشتی، ده‌بینین گۆڕانکاری زۆری بەسەرداهاتووە، هەر لە سەردەمی دۆنکیشۆتی سێرڤانتس و دانێل دیڤۆ و دروستبوونی رێبازە ئەدەبییەکان و کاریگەریان بەسەر رۆمانەوە تا سەدەی رابردوو، به‌رده‌وام خۆی نوێكردۆته‌وه و گۆڕانكاری به‌سه‌رداهاتووه، ئەو گۆڕانكاریانه له هه‌موو بنه‌ماكانی رۆمان‌نووسین روویداوه، شێواز و جۆر و زمانی رۆمان‌نووسین، دواتر چه‌ندین جۆر دیایکرا کە ئێستا گەیشتۆتە نزیکەی سی و پێنچ جۆر هەر لە رۆمانی دەروونی و تاوان و گەشت و سەرکێشی و ئیرۆتیكی و ترس و پۆلیسی و خه‌یاڵی و جاسوسی و هتد.
رۆمانی کوردی بە هەمان شێوە بەر ئەو گۆڕانکاریانە کەوتووە، بەڵام زۆر درەنگتر، چونکە ژانری رۆمان بیرۆکە و داهێنانی خۆرئاواییەکانە دواتر هاتۆتە لای ئێمە، یان بڵێین لاسایمانکردۆتەوە، لەو کاتەی گۆتە و شیلەر و فۆنتانە رۆمانیان نووسیوە، ئێمە خەریکی شیعری کلاسیکی بووین. جا بۆیە ئاساییە زوو بەو گۆڕانکاریانە رانەگەیشتووین، له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردوو یه‌كه‌م رۆمان، مه‌سه‌له‌ی ویژدانی ئه‌حمه‌د موختار جاف نووسراوه، ئه‌وه‌یش تا ئێستا یه‌كلانه‌بۆته‌وه رۆمانه یان چیرۆك، پاشان رۆمانی پێشمه‌رگ و رۆمانی ئاشتی كوردستان و ژانی گه‌ل تا هه‌شتاكان ته‌نیا ئه‌و چوار رۆمانه چاپكرابوون.
بۆیه زۆر زووه ئێمه باسی نه‌وه‌ی تازه و نه‌وه‌ی كۆن له رۆمان‌دا بكه‌ین، له‌به‌ر دوو هۆكار: یه‌كه‌م: ده‌توانیم بڵێم هه‌مووان تازه‌ین له نێو دنیای رۆمان‌دا.
دووه‌م: لێكۆڵینه‌وه و ره‌خنه‌گری رۆمان زۆر كه‌مه، ناتوانی هیچ سه‌رچاو و ئه‌رگومێنتێك به‌كاری بێنین بۆ پشتڕاستكردنه‌وه‌ی بۆچوونه‌كانمان، ته‌نیا ده‌توانین ره‌ئی خۆمان ده‌رببڕین.
ئه‌گه‌ر بگه‌ڕێمه‌وه سه‌ر پرسیاره‌كه‌ت ده‌ڵێم: به‌شێوه‌یه‌كی گشتی نه‌وه‌ی تازه بێگومان سوودی له ئه‌زموونی نه‌وه‌ی پێش خۆی وه‌رگرتووه بۆ پێشخستن و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی به‌رهه‌مه‌كانی، به‌ڵام جیاوازی نه‌وه‌ی تازه له‌گه‌ڵ نه‌وه‌ی پێش خۆی، دوو خاڵی بنه‌ڕه‌تیی و سه‌ره‌كی هه‌ن پێویسته بیزانین ئه‌ویش،
یه‌كه‌م: نه‌وه‌ی تازه خاوه‌نی ئازادیییهكی زیاتره له بیركردنه‌وه و نووسین، كه نه‌وه‌ی پێش خۆی كه‌متر ئه‌و ئازادییه‌ی هه‌بووه هه‌تا له شاخیش نه‌یتوانیوه ببێته خاوه‌نی ئه‌و ئازادییه، كه ئه‌وه كڕۆكی رۆماننووسینه.
دووه‌م: نه‌وه‌ی تازه كه‌رسته و كه‌ناڵی رۆشنبیری زیاتری له‌به‌رده‌ستدایه، وه‌ك زانینی زمانی بێگانه و رۆمانی وه‌رگێڕدراو، فیلم، گه‌شتكردن و كتێبخانه و هتد، كه وایكردووه له‌ڕووی زمان و خه‌یاڵ و ته‌كنیك و شێوازه‌وه به‌رهه‌مه‌كانی جیاوازبێ.
دیار لەتیف: چی گۆڕانکارییەک بەسەر دیدگای ڕۆماننووسانی ئەم دەیەدا هاتووە و لە قۆناغی پێشخۆی جیای دەکاتەوە؟
باهۆز مستەفا: هه‌ست ده‌كه‌م رۆماننووسانی ئه‌م ده‌یه زیاتر خۆیانن، وازیان له دروستكردنی سوپه‌رمان هێناوه، روونتر و كراوه‌تر ده‌نووسن، پرسیاری جیاوازتر دروست ده‌كه‌ن، نموونه ناهێنمه‌وه، چونكه هێشتان زووه، هه‌روه‌ها ده‌بێ له‌ڕێگای لێكۆڵینه‌وه نموونه‌كان وه‌ربگیرێن.
دیار لەتیف: بۆچی تا ئێستا نەوەی گەنجی ڕۆماننووسان وەک پێویست ناخوێنرێنەوە و پێشوازی لێ ناکرێن، بەراورد بە نووسەرانی پێش خۆیان؟ ئاخۆ ئەوە پەیوەندی بە لاوازی و تواناکانی نووسین و خەیاڵگەی ڕۆماننووسانی گەنجەوە هەیە و ڕایەڵ بە توانا و هێز و سەرژمێری بەردەنگی ڕۆماننووسانی پێش خۆیانەوەیە؟ ئاخۆ ئەمەیە وایکردووە وەک پێویست سەرنج نەخرێتەسەر نەوەی ڕۆماننووسانی تازە؟ ئاخۆ کێشەکە قەیرانی کوالێتی نووسینی ئەم نەوە نوێیەی ڕۆماننووسانە، یان بابەتەکە قۆرخکاری نووسەرانی ئامادەی ناوەندەکەیە؟
باهۆز مستەفا: بێگومان هه‌موو رۆمانێك خوێنه‌ری خۆی هه‌یه و ده‌خوێندرێته‌وه، به‌ڵام هه‌موو خوێنه‌رێك خۆی ئاشكرا ناكات، یان بڵێن خوێنه‌ران لێكجیاوازن خوێنه‌ر هه‌یه ته‌نیا بۆ چێژی خۆی ده‌خوێنێته‌وه، خوێنه‌ر هه‌یه قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كات و تێگه‌یشتنی خۆی ده‌خاته‌ڕوو كه پێیان ده‌ڵێن خوێنه‌ری ئاسایی و خوێنه‌ری زیره‌ك، یان ئیلیته،
پێشوازیكردن په‌یوه‌ندی به تێكستی باش و خراپه‌وه نییه به‌شێوه‌یه‌كی گشتی، چونكه كورد خۆی كولتوری خوێنندنه‌وه‌ی لاوازه، هه‌روه‌تر خوێنه‌ری رۆمانیش كه‌متر، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی رۆمان سه‌لیقه و كاتی پێویسته، كاتیش لای ئێمه دابه‌شنه‌كراوه بۆ كاركردن و خوێندنه‌وه و پشوودان، كات لای ئێمه زیاتر به شتی لابه‌لا و بێسوود خه‌رج ده‌كرێت، جا ئه‌و خوێنه‌ره كه‌مه‌ی كه هه‌یه زیاتر ئاراسته‌كراوه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ئاگای له خۆیبێ، زۆر خوێنه‌ر هه‌یه بڕیار له‌سه‌ر ئاست و لێڤلی رۆمانێك، یان هه‌ر ژانرێكیتر ده‌دات له‌سه‌ر بنه‌مای قسه‌ی براده‌ره‌كانی. خاڵێكیتر راهاتنی خوێنه‌ران له‌سه‌ر چه‌ند ناو و شێوازێك، ناتوانێ قبووڵی ناویتر و شێوازیتر بكات، هه‌ست ده‌كات به‌رهه‌می نوێ و بابه‌تی تازه هه‌ڕه‌شه‌یه بۆ سه‌ر رۆشنبیری ئه‌و، چونكه رووبه‌ڕووی شتی تازه ده‌بێته‌وه له باكگراوه‌ندی ئه‌ودا نییه، جۆرێكیتر له خوێنه‌ران هه‌یه كه پێیان ده‌ڵێن خوێنه‌ری درۆزن، ئه‌م جۆره‌یان نووسه‌ر ههڵدهخهڵتێنی و به‌ره‌و غرور و له خۆبایبوونی ده‌بات و هه‌ندێكجار تووشی وه‌همی ده‌كات، له‌م دوییانه به‌شێك له‌م نووسه‌رانه هه‌ڕه‌شه له‌و خوێنه‌رانه ده‌كه‌ن كه ره‌خنه‌یان له نووسینه‌كانی ئه‌وان گرتووه، به ئه‌حمه‌ق و ته‌مبه‌ڵ و بێزاركه‌ر ناویان ده‌به‌ن.
خۆی له نێو كورد ئه‌ده‌ب به‌گشتی و ئه‌دیبان به تایبه‌تی كه‌وتوونه‌ته ژێر كاریگه‌ری سیاسه‌ته‌وه، به پێچه‌وانه‌ی دنیا، كه‌مینه‌یه‌ك به‌رده‌وام له ریزی پێشه‌وه‌ن، چاوه‌ڕوانی ده‌ستخۆشین، ده‌ستیان به كورسییه‌كه‌وه گرتووه، وایده‌بینن كه نه‌وه‌ی تازه شوێنگره‌وه‌ی ئه‌وانن، كه ئه‌مه له دنیا ئه‌ده‌ب و هونه‌ر بوونی نییه، جگه له‌مه وه‌ك هه‌ر بوار و بابهتێكیتر له ئه‌ده‌بیاتیش شه‌نس و كات و شوێن رۆڵی خۆی هه‌یه له ده‌ركه‌وتنی نووسه‌ر، بۆ نموونه نووسه‌ری نه‌وه‌ی تازه یان نه‌وه‌ی ئه‌و دوو ده‌یه، ئه‌ركیان قوڕستره، چونكه هه‌م خوێنه‌ران ئاستی رۆشنبیریان زیاتربووه له‌گه‌ڵ پێشتر، هه‌روه‌ها ره‌خنه‌گر و نووسه‌ری زیاتر دروست بووه، ئه‌گه‌ر به‌رهه‌مه‌كانیان زۆر باش و داهێنه‌رانه و جیاوازتر نه‌بێ ناتوانێ ده‌ربكه‌وێ، یان سه‌رنجی خوێنه‌ر و نووسه‌ران رابكێشێ، كه‌چی نه‌وه‌ی پێشتر ئاسانتر ده‌ركه‌وتووه، نووسه‌ر هه‌یه به چه‌ند شیعرێك، یان چیرۆك، یان رۆمانێكی ساده بۆته ناو له نێو ئه‌ده‌بی كوردی، پێشتر كه‌سێك چه‌ند كتێبێكی خوێندبایه‌وه ناوناوبانگی ده‌رده‌كرد، ئێستا ده‌بێ سه‌دان كتێب بخوێنیته‌وه تا بتوانی قسه له‌سه‌ر بابه‌تێك بكه‌یت، بۆ ئێستا كوڵیتی نووسین به‌رزتره، به‌ڵام ئه‌گه‌ر راگه‌یاندنی كوردی گرنگی پێنه‌دات ئه‌وه مانای ئه‌وه نییه نه‌وه‌ی تازه خراپ ده‌نووسێ، بێگومان من باسی نووسه‌ری باش و ده‌قی داهێنه‌رانه ده‌كه‌م.
دیار لەتیف: هەر ڕۆمانێکی دڵخواز چی پێویستە بۆئەوەی ڕۆمانێکی سەروەر و سەرکەوتووبێت؟ چۆن پێناسی ڕۆمان دەکەیت، ئەمە لەکاتێکدا گەر پێناس هەڵبگرێت؟ ئاخۆ پێتانوانییە لەئێستادا خوێنەرانی ڕۆمان دابەزیوە بەهۆکاری شەپۆلی گەشەپێدانی مرۆییەوە؟! ئاخۆ هەر لە بنەڕەتدا خوێنەر ڕوو لە کەمی و تەنانەت ئاستەکانی خوێنەری کورد سنووردار بووبێتەوە؟ بۆچوونتان لەسەر ئەو پۆلێنکارییەی ڕۆماننووسانی ئەم قۆناغە بۆ ڕۆمان لە ئێستادا دەکەن چییە؟ ئایا ئەو دابەشکارییە و ناولێنان و وردکردنەوە، چەندێک بە سوود و چەندێک بە زیانی ڕۆمان کۆتایی دێت؟
باهۆز مستەفا: رۆمانی سه‌ركه‌وتوو، ئه‌وه‌یه بابه‌تێكی گرنگ و ورژێنهربێ، كاره‌كته‌ره‌كانی ئازادبن و به زمانێكی روون و ره‌وان نووسرابێ، به ته‌كنیكێكی به‌هێز و خه‌یاڵێكی جوان، دووربێ له دكتاتۆریه‌تی نووسه‌ر سه‌پاندنی فكری خۆی، ئه‌وه رۆمانێكی سه‌ركه‌وتووه.
رۆمان وشه‌یه‌كی فه‌ره‌نسییه، گێڕانه‌وه‌یه به شیعر و په‌خشان، رۆمان له سه‌ده‌ی حه‌ڤده جێگه‌ی وشه‌ی مێژووی گرتۆته‌وه، كه پێشتر به‌و ناوه ده‌ناسرا، به‌ڵام پێناسه‌ی رۆمان ئاسان نییه، هه‌روه‌ها ناتوانرێت پێناسه‌یه‌كی دیاریكراوی بۆ بكرێت، چونكه له‌لایه‌ك له گفتوگۆكانی ئه‌نتیك و سه‌رده‌می گریك ناوی نه‌هێنراوه، تا ببه‌ته بنه‌مایه‌ك بۆ پێناسه‌كردنی، هه‌روه‌ها ژانرێكه ژانرهكانیتری له خۆی ئاوێتهكردووه، پاشان رۆمان به‌رده‌وام له گۆڕاندایه له پێناسه‌یه‌كدا به‌رجه‌سته ناكرێت.
دیار لەتیف: ئاخۆ پێتانوانییە لەئێستادا خوێنەرانی ڕۆمان دابەزیوە بەهۆکاری شەپۆلی گەشەپێدانی مرۆییەوە؟!
باهۆز مستەفا: پێموانییه خوێنه‌رانی رۆمان له دابه‌زین و كهمبوونهوهدابێ، به پێچه‌وانه‌وه رۆمان له دنیادا له به‌رزترین ئاستدایه، به‌پێ ئامارێك له ساڵی ٢٠٢٠ له ئه‌ڵمانیا له خوڵهكێكدا ٧٩٤ كتێب فرۆشراوه له نێوانیاندا رۆمان زۆرترین پشكی به‌ركه‌وتبوو، ره‌نگه له كوردستان وانه‌بێ، به‌ڵام ئێستا له‌م قه‌یرانه‌ش خراپ نییه.
دیار لەتیف: ئاخۆ هەر لە بنەڕەتدا خوێنەر ڕوو لە کەمی و تەنانەت ئاستەکانی خوێنەری کورد سنووردار بووبێتەوە؟
باهۆز مستەفا: بێگومان كورد وه‌كو میلله‌ت له بنه‌ڕه‌ته‌وه نه‌ته‌وه‌یه‌كی جێماوه، قۆناغه مێژووییه‌كانی نه‌بڕیوه، كورد پیشه‌سازیی و ئابووری سه‌ربه‌خۆ و كشتوكاڵ و سیستمی بانكی نییه، هه‌روه‌ها ریفۆرمی كولتوری و كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌نجامنه‌داوه، بیمانه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی نییه كه بنه‌مایه‌ی سه‌ره‌كی پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵگایه، كه پێكهاتووه له ( بیمانه‌ی بێكاری، بیمانه‌ی رووداو، بیمانه‌ی خانه‌نیشین، بیمانه‌ی به‌ساڵاچووان، بیمانه‌ی نه‌خۆشی) هه‌ر كۆمه‌ڵگایه‌ك خاوه‌نی ئه‌وانه نه‌بێ ناتوانێ وه‌ك پێویست داهێنان بكات و كولتورێكی شارستانی هه‌بێ، ئه‌مه‌ش له هه‌موو بواره‌كان ره‌نگیداوه‌ته‌وه، خوێندنه‌وه‌ش په‌یوه‌سته به‌و كولتورهوه كه باكگراوه‌ندێكی فه‌لسه‌فی و رۆشنبیری مێژوویی نییه،
دیار لەتیف: بۆچوونتان لەسەر ئەو پۆلێنکارییەی ڕۆماننووسانی ئەم قۆناغە بۆ ڕۆمان لە ئێستادا دەکەن چییە؟
باهۆز مستەفا: پۆلینكاری هی ئێستا نییه، له دوای بیسته‌كانی سه‌ده‌ی رابردووه دروست بووه، پاشان وردتر توێژینه‌وه و كاری له‌سه‌ركرا، ئیجا به‌سه‌ر ته‌مه‌ن و جۆره‌كانی دابه‌شكرا، ئه‌مه ته‌نیا بۆ ئه‌و خوێنه‌رانه سوودی هه‌یه كه به‌دوای بابه‌تێكی دیاریكراودا ده‌گه‌ڕێن جا بۆ چێژی خوێندنهوهبێ، یان لێكۆڵینه‌وه، به‌و شێوه‌یه‌ش ئاسانتر ده‌توانن ئه‌و رۆمانه‌یان ده‌ست بكه‌وێت، كه به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن.
دیار لەتیف: ئایا ئەو دابەشکارییە و ناولێنان و وردکردنەوە، چەندێک بە سوود و چەندێک بە زیانی ڕۆمان کۆتایی دێت؟
باهۆز مستەفا: ئهمهشاین دوو لایه‌نه، هه‌ندێك رۆمان هه‌یه زۆربه‌ی جۆره‌كانی تێدا ده‌دۆزرێته‌وه، كه‌چی ناوه‌كی ده‌ده‌نه پاڵ له هه‌موو جۆره‌كانیتر دایده‌بڕێنن، لێره‌ده هه‌م رۆماننووس له قاڵب ده‌ده‌ن، هه‌م خوێنه‌ر به ئاراسته‌یه‌كیتر ده‌به‌ن.
به‌ڵام لایه‌نه‌كه‌یتر كه به سوودی نووسه‌ر ده‌بیندرێت، به‌تایبه‌تی بۆ رۆژئاواییه‌كان، چونكه رۆماننووس هه‌یه توانایه‌كی زۆری هه‌یه له نووسینی جۆرێكی رۆمان به‌وه ده‌ناسرێته‌وه، ده‌زگاكانی چاپ و بڵاوكردنه‌وه، یان ده‌رهێنه‌ر و كۆمپانیای فیلمسازی به‌دوایدا ده‌گه‌ڕێن، كۆمه‌ڵێك نووسه‌ر هه‌ن بوونه‌ته خاوه‌نی چه‌ندان ئۆسكار وه‌ك بیلی ڤیلده‌ر، وودی ئالن، چارلی كاوفمان، ولیام گۆڵدمان … هتد.
بەرهەم و چاپکراوەکانی باهۆز مستەفا:
_ لە ساڵی: (1994)گۆڤاڕێکیان بەناوی: (ئاژێر) لەگەڵ کۆمەڵێک خوێندکاری بەشی کوردی کۆلێژی ئادابی زانکۆی سەڵاحەدین _ هەولێر، دەرکردووە و تەنیا دوو ژمارەی لێ دەرچووە.
_ داستانی سەفەر، نۆڤلێت 2005 – چاپی دووەم لە 2020.
-هونەر و ژیان، کۆمەڵێک وتار لەسەر هونەری شێوەکاری، وەرگێڕان له ئەڵمانییەوە.
_ ئێرە ڕۆمانە، چیرۆک، کتێبی گیرفان، 2009
_ ئەڵمانیا_مێژوو_کو‌لتوور _جوگرافیا، هەڵبژاردن و وەرگێڕان لە ئەڵمانییەوە، 2009
_ ناوی گوڵ، ناوێکی رووتە، لێکۆڵینەوە 2010.
_ هەڵبژاردەیەک لە شیعری شاعیرانی هەولێر، هەڵبژاردن و ئامادەکردن، 2017
_ ڕۆمانی پۆست مۆدێرن، لێکۆڵینەوە، 2018.
-وێستگەی میترۆ و بیست و دوو ساڵ چاوەڕوانی، کۆمەڵەچیرۆک، 2020
ــ فریشتەی دۆزەخ، ڕۆمان، 2021