سەربەست سەبری: هیچ هاوڵاتییەكی سنوری ناحێی كانی ماسێ قەرەبوونەكراوەتەوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ رایگەیاند، هەرچەندە داوای قەرەبوی زیانەکانی بۆردومانی فرۆكەجەنگییەكانی توركیامان لە حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێم كردووە بەڵام تا ئێستا هیچ هاوڵاتییەك لەو سنورە قەرەبوو نەکراوەتەوە.

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێی سەربەقەزای ئامێدی لەسنوری پارێزگای دهۆك بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، سنورەكەیان بەردەوام لەلایەن سوپای تورکیاوە بۆردومان دەکرێت و ئەوەش كاریگەری گەورەی لەسەر ژیانی دانشتووان دروستكردووە.

وتیشی، بە نوسراوی فەرمی داواكاری قەرەبووكردنەوەی هاوڵاتیانی سنوری ناحییەكەیان ئاراستەی حكومەتی عێراق و هەرێم و ئەو لیژنەیە كردووە كە سەردانی ناوچەکەیان کردوو بەڵام تا ئێستا قەرەبوی هیچ هاوڵاتییەك نەکراوەتەوە.

بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسێى سەر بەقەزای ئامیدی راشیگەیاند، بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی فڕۆكەكانی توركیاوە ژیانی دانیشتووانی گوندەكانی سنوری ناحیەی كانی ماسێ لەمەترسیدایەو دانیشتوانی گوندەكان بۆ ئیش و كاری رەزو باخداری و هەنگەوانی بەڕۆژ دەچنەوە گوندەكانی خۆیان و بەشەو چۆڵی دەكەن.

بەوتەی بەڕێوەبەری ناحیەی کانی ماسێ ، بەهۆی ئەوەی ئێستا كاتی كۆكردنەوەی بەرهەمی باخ و رەزو كشتوكاڵ و هەنگەوانییە لەناوچەكەداو هاوڵاتیانیش بەهۆی بۆردومانی فرۆكەكانی توركیاوە ناتوانن بەئازادی و بێترس بڕۆنەوە سەركارەكانیان بەرهەمەكانیان زیانی پێگەیشتووە و ئەوەش زیانی زۆری ئابووری بە بەروبوومی قەزای ئامێدی گەیاندووە.

بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسێ باسی لەوەشكرد،، لەئێستا پێنج گوندی سنوری ناحیەی كانی ماسێ چۆڵكراون و ژمارەیەكی زۆریش لەدانیشتوانی گوندەكان بۆ ئیش و كارو بەرهەمی باخداری و هەنگەوانی بەڕۆژ دەچنەوە بۆ گوندەكانیان و بەشەو چۆڵی دەكەن و  11 هەزار دۆنم پووش و پاوان و زەوی ئاوی و دێمی كەبەشێكی زۆریان زەوی كشتوكاڵی و بەرهەمداربوون سووتاون.

لە رۆژی 23/4/2021 سوپای تورکیا بەبیانوی شەڕ دژی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستی بە هێرشکردن بۆ سەر ناوچەکانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپ کرد لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و تائێستاش هێرشەكان بەردەوامەو جگە لەداگیركردنی خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە هێرشەكان زیانی گەورەی بەسروشت و ژینگەی كوردستان گەیاندووە.

دواتر ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمانی عێراق و كوردستان بۆ لیكۆڵینەوە لە دۆخی ناوچەکە و زیانەکانی بۆردومانەكانی سوپای توركیا سەردانی ناوچە سنورییەکانیان لە سنووری پارێزگای دهۆک کرد و پاشان، لیژنەکە راپۆرتێكی لەسەر سەردانەكە ئاراستەی دەستەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی عێراق و هەرێمی كوردستان كرد.

پێشتریش، باڵانبۆ محەمەد، ئەندامی ئەو لیژنەی سەردانی ناوچە سنورییەكانی هەرێمیان كردووە بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەمەیدانی لەناوچەسنورییەكان بەدوواداچوونیانكردووە بۆ ئەنجامی زیانی بۆردومانەكانی شەڕو لەشكر كێشییەانی سوپای توركیا ئەوەی بۆیان دەركەوتووە، توركیا بەبیانوی پەكەكە بەشێوەیەكی بەرچاو هاتووەتە ناوخاكی هەرێم و دامەزراندنی بارەگاكانیشیان ئەوە دەردەخەن كە كوردستان داگیر دەكەن و نیازی كشانەوەو جێهێشتنی سنورەكانی هەرێمی كوردستانیان نیە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا