ئەمریكا دەستوەردان لەدۆخی شنگال دەكات

پۆلەتیك پرێس:
ئەمریكا لەبارەی دۆخی شێواوی ئەمنی قەزای شنگال و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم نیگەرانەو داوای رێككەوتن لەحكومەتی هەرێم و عێراق دەكات

بوونی فرەیی هێز لەو ناوچانە، كە پێكهاتوون لە هێزەكانی پێشمەرگە لەچەند ناوچەیەكی نزیك شەنگال و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق‌و گەریلاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان پەكەكە لە چەند ناوچەیەكی شنگال ئەمریكای نیگەران كردووەو لە بەیاننامەیەكدا داوای رێككەوتن لەهەرێم و بەغدا دەكات بۆ رێكخستنەوەی دۆخی ئەمنی ناوچەكە.

محیەدین حسێن یوسف، ئەندامی لیژنەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەپەرلەمانی كوردستان لەو بارەوە بۆ “پۆلەتیك پرێس” وتی: لیژنەكەمان لەبارەی ئەو داوایەی ئەمریكا بۆ حكومەتی هەرێم هیچی پێگەنەیشتووەو ئاگادار نین.

وتیشی: لەو بارەیەوە هیچ كۆبوونەوەیەكمان نەكردووە، لە رۆژی ٢ ی ٩ لیژنەكەمان كۆدەبێتەوە و كار لەسەر ئەو پرس‌و سكاڵایانە دەكات، كە پێی گەیشتووەو ئەو پرسەش بەشێك دەبێت لەگفتوگۆكانی كۆبوونەوەكەمان.

لەساڵی 2014 داعش هێرشی كردە سەر ناوچەكانی شنگال‌و دەوروبەری‌و لەساڵی 2016 پێشمەرگە كۆنتڕۆڵی كردەوە، دواتر لەساڵی 2017 سوپای عێراق‌و حەشدی شەعبی هێرشیان كردە سەری، بەو هۆیەوە دۆخێكی ناهەموار لەناوچەكە دروست بووەو خەڵكی ناوچەكە ئاوارە بوونەتەوەو لەو بارەشەوە چەندین سكاڵایان گەیاندووەتە لیژنەكانی پەرلەمان.

بەقسەی محیەدین حسێن یوسف زۆرترین سكاڵا، كە بە دەست لیژنەی ناوچەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم گەیشتووە لەو ناوچانە داگیركردنی زەوی كشتوكاڵی جوتیارانی كوردە لە كەركوك و خانەقین‌و شنگالیش، هاتنی عەرەبە هاوردەكان، هەروەها چاونوقاندنی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی بەرانبەر هاتنی عەرەبە هاوردەكانە بۆ ئەو ناچانە.

لە لایەكی دیكەشەوە مەم ئەسكەندەر، كە ئەندامی هەمان لیژنەی پەرلەمانی كوردستانە، بە “پۆلەتیك پرێس”ی وت: لە ئێستادا لیژنەكەمان لەو بارەوە شتێكی پێنەگەیشتووە، بەڵام بێگومان ئەمریكا فشار دەكات لەسەر هەرێم و عێراق بۆ رێكخستنەوەی باری ئەمنی ئەو ناوچانە.

وتیشی: لەو ناوچانە سەرەڕای هێرشەكانی داعش و مەترسییەكانی، هێزی هەمەچەشن هەن، كە هەندێكیان نایاسایشن و لەناو ناوچانە جموجۆڵیان هەیەو ئاماژەی بەوەش كرد، ڕەنگە ئەوە فشارێكی توركیاش بێت لەسەر ئەمریكا بۆ راگرتنی بۆردومانی ناوچە سنوورییەكان.

هەروەها ئاشكرایكرد، كە لە سەردانی ئەم جارەی شاندی هەرێمیش بۆ بەغدا ئەم پرسە یەكێك دەبێت لە پرسەكان، كە هەردوولا گفتوگۆی لەبارەوە دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا