عەرشی ئەردۆغان هەژا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پارتی داد و گەشەپێدانی حوکمڕانی تورکیا کە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکایەتی دەکات لەکاتێکدا خۆی بۆ سەرکەوتنی گەورە لە هەڵبژاردندا ئامادە دەکات، دووچاری زنجیرەک هەڵوەشانەوە لەناوخۆیدا بووەتەوەو عەرشی دەسەڵاتی ئەردۆغان هەژاوە.

لەنوێترین پێشهاتدا لە یەکێک لەو زنجیرە جیابوونەوانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، فاتح جەنگیز، یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی داد و گەشەپێدان لە شاری موش ڕایگەیاند، خۆی و 2500 ئەندامی داد و گەشەپێدان پەیوەندیان بە ڕیزەکانی پارتی گەلی کۆماری “جەهەپە” وە کردووە، کە سەرەکیترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی تورکیایە.

“پێشبینی دەکرێت کەسایەتیە جیابووەوەکانی ناو داد و گەشەپێدان پێکەوە یەک کوتلە پێکبهێنن و بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ پەراوێزخستنی ڕۆڵی سیاسی ئەردۆغان دروست بکەن”

پێشتریش چەندین کەسایەتی کاریگەر لە دادوگەشەپێدان جیابوونەوە، کە سەرەکیتیرینیان و لە پلە یەکەکان ئەحمەد داود ئۆغلۆ، سەرۆک وەزیرانی پێشوو و هەروەها عەلی باباجان، وەزیری پێشوو چەندین کەسایەتی دیکەی پلە دووی پارتەکە بوون. پێشبینی دەکرێت کەسایەتیە جیابووەوەکانی ناو داد و گەشەپێدان پێکەوە یەک کوتلە پێکبهێنن و بەرەیەکی یەکگرتوو بۆ پەراوێزخستنی ڕۆڵی سیاسی ئەردۆغان دروست بکەن.

فاتح جەنگیز، کە سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانی تورکیایە  بە میدیای ئۆپۆزسیۆنی تورکی وتووە، “لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری دەستمانپێکردووەو بە ئیزنی خوا تا کۆتایی بەردەوام دەبین”.

ئەو ناڕازییانەی لە پارتەکەی ئەردۆغان جیابوونەوە لە شاری موش بە ئامادەبوونی ئۆگوز کان سالیجی، جێگری سەرۆکی جەهەپە ئاهەنگیان گێڕا، ئەم هەنگاوەیان بە لێدانێکی توند بەرامبەر ئەردۆغان دادەنرێت لەکاتێکدا ئەردۆغان بۆ بەرەوپێشبردنی ئاستی جەماوەری خۆی تێدەکۆشێت.

ئیسماعیل ئادانۆر، بەرپرسی هەرێمی موشی جەهەپە،  وتی:”دەمەوێت سوپاس و پێشوازی ئاراستەی ئەو کەسە نوێیانە بکەم کە پەیوەندیان بە ئێمەوە کردووە” هەروەها سوپاسی زەکی ئاکەر، پەرلەمانتاری پێشووی موش و فاتیح جەنگیز، سەرۆکی پێشووی ژووری بازرگانی موش دەکەم”.

“لە چەند مانگی ڕابردوودا چاوەڕواندەکرا هەژان و جیابوونەوەی گەورە لە ڕیزی پارتەکەی ئەردۆغاندا ڕووبدات”

لە چەند مانگی ڕابردوودا چاوەڕواندەکرا هەژان و جیابوونەوەی گەورە لە ڕیزی پارتەکەی ئەردۆغاندا ڕووبدات، بەوپێیەی پێشتر ئەحمەد داود ئۆغلۆ کە بە سندوقی ڕەشی دادو گەشەپێدان و ڕژێمەکەی ناوی دەبرا، هاوکات عەلی باباجان کە یەکێک لە گەورەترین کەسایەتیە سیاسیەکانی ناو داد و گەشەپێدان و تورکیاشە، لە پارتەکە جیابوونەوە.

سەرچاوە تورکیەکان لەو کاتەدا باسی ئەوەیان دەکرد کە بومەلەرزەیەک کە لە داد و گەشەپێدان دەدات، هاوکات ئەردۆغان ئەو جیابووەوانەی بە ناپاک وەسف کرد و بەڵێنیدا سزایان بدات.

ئەم جیابوونەوانە دوای قەیرانێکی سیاسی و ئابووری دێت کە حساباتی سەرۆکی تورکیای شێواندوە، لەکاتێکدا خۆی و پارتەکەی خۆیان بە سەرکەوتنی گەورە لە هەڵبژاردنی ساڵی 2023 ئامادە دەکەن.

ئەردۆغان بەردەوام لە وتارەکانی ئەم دواییەیدا  سەرکەوتن و دەستکەوتە ئابوورییەکانی چڕ دەکاتەوەو پروپاگەندەیان بۆ دەکات، لە کاتێکدا ئەوەی دەردەکەوێت هەموو ئاماژەکان لە ئابوری تورکیادا جێی پرسیار و نیگەرانین بۆ خەڵک و ناوەندە ئابورییەکان، تەنانەت ئەگەر تورکیا لە هەندێک بواریشدا بووژانەوەی بەخۆیەوە بینیبێت.

ماوەی چەند مانگە سەرۆکی تورکیا  هەوڵ دەدات دەرچەیەکی ئابوری بۆ کەمکردنەوەی قەیرانەکانی وڵاتەکەی بکاتەوە، ئەوەش لەڕێگەی هەوڵەکانی کۆتاییهێنان بە گرژییەکان لەگەڵ گەورە هاوبەشەکانی لە ڕۆژئاواو جیهانی عەرەبیش لە ژێر ناوی “ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی پەیوەندیەکان”.

بەڵام وەک میدیاکانی تورکیا باسی دەکەن، تەنانەت ئەم هەنگاوانەشی کە گرەوی لەسەر دەکات بۆ شکاندنی ئەو چەقبەستووییە هەر لەشوێنی خۆیدا ماوەتەوە بەهۆی نەبوونی متمانەی ئەو هاوبەشانە بەرامبەر ئەردۆغان.

“ئەردۆغان داوای کەمخەرجی لە خەڵکی تورکیا دەکات لەکاتێکدا بۆ کۆشکەکانی خۆی پارەیەکی زۆر خەرج دەکات”

ناڕازی و جیابووەوەکان ڕەخنەی توند لە ئەردۆغان دەگرن بەوەی تاکلایەنە بڕیار دەدات و بەهۆی خواستە کەسیەکانی خۆیەوە پەیوەندیە دەرەکیەکانی تورکیای تێکداوە.

هەروەها ڕەخنە لە شێوەی بەڕێوەبردنی دەوڵەت لەلایەن ئەردۆغان و گەندەڵی بەربڵاو دەگرن، هاوکات دەڵێن، “ئەردۆغان داوای کەمخەرجی لە خەڵکی تورکیا دەکات لەکاتێکدا بۆ کۆشکەکانی خۆی پارەیەکی زۆر خەرج دەکات”.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک