ئاماری گیانلەدەستدانی نەخۆشخانەکەی زیقار بۆ 100 کەس بەرزبووەوە

پۆڵەتیک پرێس  

بەرپرسێکی باڵای حکومی لە دیوانی پارێزگای زیقاری باشوری عێراق دوایین ئاماری گیانلەدەستدان و برینداربوونی ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەی لە نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی پارێزگاکە بڵاو کردەوە.

ئەو سەرچاوەیە بە میدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، ژمارەی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە بۆ 100 کەس بەرزبووەتەوە، 26 کەسیش بێسەروشوێنن، کە ئەگەری هەیە ئەمانەش سووتابن، ژمارەیەکی زۆر لاشە کەوتوون، خاوەنەکانیان ناناسینەوە”.

شەوی ڕابردوو ئاگرێک لەنێو نەخۆشخانەی ئیمام حوسێنی تایبەت بەکۆرۆنا کەوتەوە و ژمارەیەکی زۆر گیانیان لەدەستدا و برینداربوون.

بەهۆی ڕووداوەکەشەوە باری نائاسایی ڕاگەیەندرا و سەرجەم تیمە تەندروستییەکان ئامادەکران، بۆ بەهاناوەچوونی بریندارانی ڕووداوەکە.

هەر شەوی ڕابردوو سەرۆک وەزیرانی عیراق سەردانی نەخۆشخانە سووتاوەکەی کرد و لەوێ بڕیاری دوورخستنەوەی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکە و بەڕێوەبەری تەندروستی شارەکەی دەرکرد و بڕیاری لێکۆڵینەوەی بەپەلەی لەڕووداوەکەدا.

ئەمڕۆش سێشەممەش بڕیاری دەستگیرکردن بۆ بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەو 11 کارمەندی دیکە دەرکرا.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک