لەسەر رووداوەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حسێن پەرلەمان سێ رۆژ دەداتە حکومەتی عێراق

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لیژنەی تەندروستیی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق بەتوندی ئیدانەی ئەو کەمتەرخەمییەی کرد کە بووەتەهۆی ئاگرکەوتنەوە لەنەخۆشخانەی ئیمام حسێن و داوای لەئەنجومەنی وەزیران کرد بەخێرایی لیژنەی لێکۆڵینەوە پێکبهێنێت و بەتوندترین شێوە سزای ئەو کەسانە بدات کە کەمتەرخەم بوون.

ئەمڕۆ سێشەممە لیژنەی تەندروستیی و ژینگەی پەرلەمانی عێراق لەبەیاننامەیەکدا رایگەیاند، “لەم کاتەدا کە سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی قوربانیانی ئاگرکەوتنەوەکەی نەخۆشخانەی ئیمام حسێن لەناسڕیە دەکەین، کە لەپاڵ کارەساتی ئاگرکەوتنەوەکەی مانگی نیسانی نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب، بە کارەساتێکی دیکە لەقەڵەم دەدرێت، داوا لەلایەنە حکومی و پەیوەندیدارەکان دەکەین کۆتاییەک دابنێن بۆ زنجیرەی مردن لەنەخۆشخانەکان”.

ئەوەش هاتووە، “دەبوو نەخۆشخانەکان شوێنێکی پارێزراو بوونایە کە تیایاندا نەخۆش هەستی بە ئاسودەیی و ئاسایش بکردایە و لەوێ لەبری کۆتاییهاتن بەژیانی، چارەسەری وەربگرتایە”.

لەبەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، “ئەم رووداوە لەهەر وڵاتێکی دیکە بووایە، تەواوی حکومەتی ئەو وڵاتە دەستی لەکاردەکێشایەوە و دواتر ئەو کەسانەی کەمتەرخەم بوون دەدرانە دادگا، بەڵام لەعێراق زیاتر لەجارێک دووبارە دەبێتەوە بەبێ ئەوەی پشکنین بکرێت، وەک ئەوەی گیانی مرۆڤ هیچ بەهایەکی نەبێت، ئێمە دڵنیاین گەر حکومەت لەڕابردوودا سزای کەمتەرخەمانی بدایە، ئەم کارەساتانە دووبارە نەدەبوونەوە”.

لەکۆتایی بەیاننامەکەدا ئەوەخراوەتەڕوو، پەرلەمان سێ رۆژ دەداتە حکومەتی عێراق و چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان دەکات، گەر وانەبێت ئەوا پەرلەمان خۆی رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر و لەنزمترین پۆست تا بەرزترین پۆست بانگهێشتی پەرلەمان دەکات و لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا