ئەردۆغان چ پەیمانێکی دایە کوردانی دیاربەکر؟

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا رۆژی هەینی سەردانی دیاربەکری کرد بەمەبەستی ئامادەبوون لەمەراسیمی دەستپێکردنی زنجیرەیەک پڕۆژە، لەو رۆژەدا شوێنکەوتووانی لەدیاربەکر بەدروشمی “بژی سەرۆک ئەردۆغان” پێشوازیان لێکرد، لەکاتێکدا ئەم دروشمە بەگشتی تابەتە بە عەبدوڵـڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان، کە لەساڵی 1999ەوە لەبەندیخانەی ئیمرالی بەندکراوە.

لەو رۆژەدا ئەردۆغان بە شوێنکەوتووانی پارتی داد و گەشەپێدانی راگەیاند، پڕۆسەی چارەسەر دەستپێدەکات و رووبەڕووی سەرجەم بەرهەڵستییەکان دەبێتەوە، تا چیتر دایکان نەگرین و خوێنی زیاتر نەڕژێت، تا خەڵک بەهەموو بیروباوەڕ و ئاینێکی جیاوازەوە وەک برابن.

لەساڵی 2013 پڕۆسەی ئاشتی لەنێوان حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان دەستیپێکرد و هەتا هاوینی 2015 بەردەوام بوو، دەوترێت هۆکاری هەڵوەشاندنەوەی پڕۆسەی ئاشتی نێوان ئەو دوو لایەنە دەگەڕێتەوە بۆ بەرپرسانی پاسەوانی سنوری سوریا و ئەوان هۆکاری داڕمانی ئاشتی بوون.

لەمبارەیەوە ئەردۆغان وتی: “ئەو پڕۆسەیەیان قۆستەوە کە بە راستگۆیی دەستمان پێکرد”، لێرەدا ئەردۆغان مەبەستی پارتی دیموکراتی گەلان بوو، کە دووەم گەورەترین پارتی ئۆپۆزسیۆنی پەرلەمانی تورکیایە و زۆر کات بەبیانووی هەبوونی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە تۆمەتبار دەکرێت.

ئەردۆغان پارتی دیموکراتی گەلانی تۆمەتبار کرد بەوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە

ئەردۆغان ئەوەشی وت: ئەجێندا نهێنییەکانیان و پاڵنەرە نادیارەکانیان کۆتایی پێهات، ئەردۆغان لەبارەی لەکارلابردنی سەرۆک شارەوانییەکانی سەربە پارتی دیموکراتی گەلان باسی لەوەکرد، “دوور نەخستنەوەیان لەخزمەت، ناپاکییە!”.

لەساڵی 2019 زیاتر لە 50 سەرۆک شارەوانی کە لەسەر پشکی پارتی دیموکراتی گەلان هەڵبژێردرابوون لەکارەکانیان دوورخرانەوە و زۆرینەیان بەو بیانووە بەندکران کە پەیوەندیان بە پەکەکەوە هەیە.

لەلایەکی دیکەوە ئەردۆغان پارتی دیموکراتی گەلانی تۆمەتبار کرد بەوەی هەماهەنگی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.

پێش مەراسیمەکە، ئەردۆغان سەردانی نوسینگەی هەرێمیی پارتی دیموکراتی گەلانی کرد و لەوێ چاوی بە دایکانی دیاربەکر کەوت، ئەم کۆمەڵەیە کە زۆرینەی پێکهاتەکەی ژنانە، لەساڵی 2019وە داوای گەڕاندنەوەی رۆڵەکانیان دەکەن و دەڵێن: “رۆڵەکانیان دووچاری هەڵخەڵەتاندن و رفاندن هاتوون لەلایەن پەکەکە”.

لەمبارەیەوە ئەردۆغان وتی: “ئەو کەسانەی رۆڵەی کەسانی دیکە دەنێرن تا لەچیاکان بمرن، بە پاڵپشتی ئەمە منداڵەکانی خۆیان دەنێرن تا لەدەرەوە پەروەردە ببن”.

لەو رۆژەدا ئەردۆغان پڕۆژەیەکی راگەیاند کە پەیوەستە بە بەندیخانەی دیاربەکر، کە لەدوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی 1980، بەهەزاران کورد تیایدا رووبەڕووی سزای توند بوونەتەوە.

ئەردۆغان ئاماژەی بەوەکرد، بەندیخانەکە دەبێتە ناوەندێکی کولتوری و وتی: “یادەوەرییەکی خراپ لەبیرەوەری دیاربەکر دەسڕینەوە”.

یادەوەرییەکی خراپ لەبیرەوەری دیاربەکر دەسڕینەوە

لەساڵی 2009شدا پڕۆژەیەکی دیکە هەبوو بۆ گۆڕینی ئەو بەندیخانەیە بۆ قوتابخانە، بەڵام لەدوای خۆپیشاندانی چڕوپڕی ئەو شارە کە زۆرینەی دانیشتوانەکەی کوردن، پڕۆژەکە سڕکرا.

لەدوای ناکۆکی و شەڕوپێکدادانی نێوان ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستان و سوپای تورکیا، کە سەرەتاکەی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئابی ساڵی 2015، زیانی گەورە رووی لەدیاربەکر کرد بەجۆرێک، سی هەزار و 569 بینا هەتا مانگی ئاداری ساڵی 2016 وێرانکران.

لەساڵی 2017شدا، گەڕەکی عەلی پاشا لە سور وێرانکرا، لەوکاتەدا حکومەتی تورکیا رایگەیاند، ئەو ناوچەیە بەتەواوەتی لەڕووی شارستانییەوە نوێدەکرێتەوە و لەو کاتەدا دەسەڵاتداران پەیمانیاندا پارێزگاری لەو شێوە مێژووییە بکەن کە ناوچەکە هەیەتی، ئەم ناوچەیە بەر لە حەوت هەزار ساڵ پێش ئێستا دانیشتووی تێدا بووە.

بەڵام پێدەچێت هەموو ئەم پەیمانانە پشتگوێخرابن و لەمبارەیەوە فەریت کەهرمان، هاوسەرۆکی ژووری ئەندازیارانی دیاربەکر دەڵێت: “ئەم بینایانە زیندانمان بیردەهێننەوە”.

لەماوەی رابردوودا پەرلەمانی ئەوروپا بڕیارێکی دەرکرد تیایدا، دژی سەرکوتکردنی پارتە ئۆپۆزسیۆنەکان لەلایەن حکومەتی تورکیاوە وەستایەوە، بەتایبەتی پارتی دیموکراتی گەلان.

لەم ساڵانەی دواییدا، تورکیا هەوڵەکانی چڕکردووەتەوە بۆ سەرکوتکردنی پارتی دیموکراتی گەلان، بەجۆرێک بەبیانووی جیاجیا چەندین ئەندام و سەرۆکی ئەو پارتەی دەستگیرکردووە و لەکارەکانیان دووریخستوونەتەوە.

 

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا