كۆرۆنا 463 ملیۆن منداڵ لەخوێندن بێ بەش دەكات

پۆڵەتیك پرێس: لاڤە واحید

رێكخراوی یونسێفی سەر بە نەتەوە یەكگرتووەكان رایگەیاند، بەهۆی كاریگەرییەكانی ڤایرۆسی كۆرۆناوە لەجیهاندا 463 ملیۆن منداڵ لە خوێندن بێبەش بوون كە زۆرینەیان دەكەونە هەردوو كیشوەری ئەفریقاو ئاسیاوە.

پێشتر زۆرێك لە وڵاتانی جیهان لەسەر ئاستی جیاواز لەپێناو رێگریكردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بڕیاری داخستنی دەرگای زانكۆ و خوێندنگاكانیانداو پەنایان بردە بەر خوێندنی ئۆنلاین و دوور لە ناوەندەكانی خوێندن.

كاریگەرییەكانی كۆرۆنا لەسەر خوێندن چی بوون؟

بەپێی راپۆرتەكەی یونسێف، كە تایبەتی كردووە بۆ خوێندنی منداڵان دەركەوتووە، بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا بووەتە هۆی داخستنی خوێندنگاكان و ئەو منداڵانەی لە سەرتاسەری جیهانیشدا بەهۆی داخستنی دەرگای خوێندنگاكانەوە كاریگەریان بەركەوتووە بەملیارێك و ٥٠٠ ملیۆن منداڵ مەزەندە دەكرێن، هاوكات، هەلی خوێندنی ئۆنلاینیش بۆ هەمووان بەردەست نەبووە.

باس لەوەشكراوە، تەنانەت ئەو منداڵانەی كە توانیویانە بە ئۆنلاین بخوێنن، لەدۆخێكی لەباردا نەبوون بۆ تەواوكردنی خوێندنیان ئەوەش بەهۆی نالەباری دۆخی ماڵەكانیان بۆ خوێندن بەهۆی فشاری كاروباری ماڵ و پابەندبوون بە ئیشوكارەوە یاخود نەبوونی كۆمپیوتەر و ئامێرەكانی خوێندن كە بوونەتە گرفت لەبەردەم خوێندكاراندا.

تەنانەت ئەو منداڵانەی كە توانیویانە بە ئۆنلاین بخوێنن، لەدۆخێكی لەباردا نەبوون بۆ تەواوكردنی خوێندنیان


ئەو شوێنانەی كۆرۆنا زۆرترین زیانی بە پرۆسەی خوێندنەكەی گەیاندووە.

 

یونسێف لە راپۆتەكەیدا ئاشكرای كردووە، باشووری ئاسیا لەپلەی یەكەمدایە و زۆرترین رێژی منداڵ تێیدا بێبەشبوون لە خوێندن كە 147 ملیۆن منداڵە، هەروەها لە زەریای هێمن و رۆژهەڵاتی ئاسیا 80 ملیۆن كەس و لە رۆژهەڵات و باشووری ئەفریقا و 67 ملیۆن قوتابی لە خوێندن بێبەشبوون.

هەر بەپێی راپۆرتەكە، 54 ملیۆن قوتابی لە رۆژئاواو ناوەڕاستی ئەفریقاو ٣٧ ملیۆن قوتابی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكوری ئەفریقا و ٢٥ ملیۆن قوتابی لە ئەوروپای رۆژهەڵات و ئاسیای ناوەڕاست و ١٣ ملیۆن قوتابی لە ئەمریكای لاتین و ناوچەكانی دەوروبەری دەریای كاریبی لەخوێندن بێبەش بوون.

یونسێف لەبارەی ئامادەكارییەكانی وڵاتانەوە هۆشداریداوە تاوەكو كەشێكی پارێزراو بۆ خوێندن ئامادەبكرێت

 

لە هەرێم چۆن بەردەوامی بەخوێندن درا؟

هاوكات لە هەرێمی كوردستانیش بەهۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوە، لە كۆتایی مانگی شوباتی ئەمساڵ، بڕیاردرا دەرگای زانكۆ و خوێندنگاكان دابخرێت، دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە (پۆڵەتیك پرێس)ی ڕاگەیاند، بۆ خوێندنی ساڵی پێشوو پەیڕەوی سیستمی ئۆنلاینیان كردووەو سەركەوتووش بوون.

ئاماژەی بەوەشدا، بۆ ئەمساڵیش لەگەڵ وەزارەتەكان و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بۆ دانانی پلانی دەستپێكردنی خوێندنی ئەمساڵ لە كۆبوونەوەی بەردەوامدان، بەڵام تائێستا نەگەیشتوونەتە دەرئەنجامی تەواوەتی.

لە كۆتایی راپۆرتەكەیدا یونسێف لەبارەی ئامادەكارییەكانی وڵاتانەوە بۆ خوێندنی ئەمساڵ یونسێف هۆشداریداوە تاوەكو كەشێكی پارێزراو بۆ خوێندن ئامادەبكرێت، بەتایبەت لەمكاتەدا كە هێشتا ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆنتڕۆڵ نەكراوە و هێشتا مەترسییەكانی بەردەوامە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا