دڵشاد کاوانی: دەرچوون لە قاوغی پێشوو لە ڕۆماننووسانی کورد بە دەگمەن دەبینم

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

دڵشاد كاوانی، لەدایکبووی شاری قەزووینی سەر بە وڵاتی ئێرانە. لە باشوور، شارۆچکەی شەقڵاوە چووەتە بەر خوێندن. یەکەم وێستگەی بە شیعر، ساڵی دەیەی نەوەتی زاینیی دەستیپێکردووە. دواتر خۆی بە بواری ڕەگەزی چیرۆکنووسینەوە مژووڵ دەکات و زۆرتر لە ڕۆژنامە و گۆوارەکان بڵاوی دەکاتەوە. هەمانکات چەند چیرۆکێک لە زمانی فارسییەوە بۆ کوردی وەردەگێرێت. چەندینجار ڕێزلێنان و چەندین خەڵاتی یەکەمی بۆ چیرۆک پێبەخشراوە. جگە لە بواری ئەدەبی چالاكوانی مەدەنییە ‌و زیاتر بۆ ماوەی دە ساڵ وەك ڕۆژنامەنووس لە هەر سێ‌ بواری بیندراو، بیستراو، نووسراو، كاری كردووە.

دیار لەتیف: ئایا ڕۆمانی کوردی نەوەی تازە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی لە چ ئاستێکدایە و گۆڕانکارییەکانی چین؟ چی گۆڕانکارییەک بەسەر دیدگای ڕۆماننووسانی ئەم دەیەدا هاتووە و لە قۆناغی پێشخۆی جیای دەکاتەوە؟ بۆچی تا ئێستا نەوەی گەنجی ڕۆماننووسان وەک پێویست ناخوێنرێنەوە و پێشوازی لێ ناکرێن، بەراورد بە نووسەرانی پێش خۆیان؟ ئاخۆ ئەوە پەیوەندی بە لاوازی و تواناکانی نووسین و خەیاڵگەی ڕۆماننووسانی گەنجەوە هەیە و ڕایەڵ بە توانا و هێز و سەرژمێری بەردەنگی ڕۆماننووسانی پێش خۆیانەوەیە؟ ئاخۆ ئەمەیە وایکردووە وەک پێویست سەرنج نەخرێتەسەر نەوەی ڕۆماننووسانی تازە؟ ئاخۆ کێشەکە قەیرانی کوالێتی نووسینی ئەم نەوە نوێیەی ڕۆماننووسانە، یان بابەتەکە قۆرخکاری نووسەرانی ئامادەی ناوەندەکەیە؟

دڵشاد کاوانی: ڕیشەی ڕۆمان بۆ وشەی نۆڤڵ (novel) دەگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی سەدەی هەژدە دوابەدوای وشەی نۆڤێلا (novella)، لە سەدەکانی ناوەڕاستدا بۆ چیرۆک بەکاردەهێنرا. وەک ناسنامە پەرەیسەندووە و گۆڕانکاریی بەسەرداهاتووە، ئێستا وا دادەنرێت کە ڕۆمان چیرۆکێکی پەخشانییە کە زیاتر لە پەنجا هەزار وشە لە خۆ بگرێت. ڕۆمان لە چیرۆک زیاتر سەرنج دەخاتە سەر پەرەسەندنی کەسایەتییەکان. ڕۆمان لە هەموو جۆر و ژانرەکانیدا لێکۆڵینەوە لەسەر دەروونی مرۆڤ دەکات.

هەرچەندە ڕۆمان لە چاو ژانرەکانی تری ئەدەب درەنگ وەخت هاتە نێو فەرهەنگی ژیانی مرۆڤ، دەقی ڕۆمان كە بەشێوەی پەخشان نووسرابێتەوە نەوەك شیعر و وەک یەكەم ڕۆمان لە مێژووی مرۆڤاییەتی ڕۆمانی (كەری زێڕین) ی نووسەر و فەیلەسووفی (لۆكیوس ئەپۆلیوس) لە ساڵی (١٢٥-١٨٠ز) هەرچەند ڕۆمانی پێش ئەو هەیە بەناوی (سێریكون) لە نووسینی (گایۆس پێترۆنیس ئەریتەر) کە لە ساڵی (٦٦ ز) بووە، ڕۆمانێكی گاڵتە ئامێزە، بەڵام بە ناتەواوی گەیشتۆتە دەستی خوێنەرانی و هەندێکی لێ فەوتاوە.

جگە لەوەی ڕۆمانیتر لای لۆكیوس ئەپۆلیوس، و ڕۆماننووس و شانۆنووسی نۆمیدیایی كە لە ساڵی (١٢٥) نووسراوە کە لە شاری (مداوروشی جەزائیر) لەدایكبووە، لە ساڵی (١٨٠) سەری ناوەتەوە.

لە دوای ئەوە، وەک سەرەتایەک بۆ ڕۆمانی ئەوڕوپی نوێ:. توێژەرانی ئەدەبی، باسی ڕۆمانی (دۆنكیشۆت) ی ڕۆماننووسی ئیسپانی میگڵ دی سێرڤانتس (١٥٤٧- ١٦١٦) دەكەن، كە بە دوو بەش لە ساڵانی (١٦٠٥) و (١٦١٥) بڵاوی كردۆتەوە و بە یەكەم ڕۆمانی ئەوروپیی نوێ، دادەنرێت و بە یەكەم و گەورەترین كاری ئەدەبیی جیهانی دایدەنێن و وەرگێڕدراوەتە سەر زۆربەی زمانەكانی جیهان.

لێ ڕۆمان لە جهیانی عەرەبی:. بەمەش هونەری ڕۆمان زۆر دواتر دەگاتە جیهانی عەرەبی و ڕۆمانی ئاقیبەت خێری (حسن العواقب) ی زەینەب فەواز كە لە ساڵی (١٨٩٩) دەرچووە، بە یەكەم ڕۆمانی عەرەبی حسێب دەکرێت، دوای ئەویش ڕۆمانی دڵی پیاوەكە (قلب الرجل) ی لەبیبە هاشم كە لە ساڵی (١٩٠٤) و پاشان ڕۆمانی بەدیعە و فواد ی عەفیفە كەرەم دێت، كە ساڵی (١٩٠٦) وەشێندراوە. ئەم سێ ڕۆمانووسە وەک پێشەنگی ڕۆمانی زمانی عەرەبین. سەرباری ئەوە، لە مێژووی ڕۆمانی عەرەبیدا، ڕۆمانی (زەینەب) ی محەمەد حوسێن هەیكەل، كە لە ساڵی (١٩١٤) چاپکراوە، وەک یەكەم ڕۆمانی عەرەبی لێیان دەڕوانرا.

هەرچەند ڕۆمان لە ئەدەبیاتی کوردیدا:. کەچی زۆر لەوە بەکاوەخۆتر لە ئەدەبیاتی كوردی لە ڕووی گێڕانەوەوە، وەكوو هەموو بوارەكانی دیكە، لە دوای ئەدەبیاتی وڵاتانی دیكە دێت، هەموومان دەزانین یەكەم ڕۆمانی كوردی، لە ساڵی (١٩٣٥) لە لایەن عەرەبی شەمۆ (١٨٩٧- ١٩٧٨)، لە ئەرمەنستان بە ناوی (شڤانێ كورمانجا) بە پیتی ڕووسی بڵاوكراوەتەوە، بەمەش (شڤانێ كورمانجا) دەبێتە یەكەم ڕۆمانی كوردی كە چاپ و وەشاندرابێت.

پێش ئەوە، ڕۆمانی (مەسەلەی ویژدان) كە ئەحمەد موختار جاف لە ساڵانی (١٩٢٧- ١٩٢٨) نووسیوییەتی، بەڵام ئەو كات و بە هۆی نەرەخسانی بارودۆخ، ساڵانی حەفتا، چاپ و بڵاوكرایه‌وه‌.

وەلێ یەكەم ڕۆمانی چاپكراوی كوردی باشووری كوردستان، ڕۆمانی (پێشمەرگە)یە، كە دكتۆر ڕەحیمی قازیی. لە ساڵی (١٩٥٩) لە وڵاتی ئەرمینیا چاپی دەکات و چاپی دووەمیشی لە بەغدا لە ساڵی (١٩٦١) بڵاوبۆ‌تەوە.

بۆیەشە دوای ئەوان ڕۆماننووسانی شەستەکان دێن، بگرە تا دێتە سەر نەوەی حەفتاکان زۆر بە ڕوونی دەکەونە ژێر کاریگەری ئەدەبی ڕیاڵیستی و بە هۆی بوونی کێشەیەکی نەتەوایەتیی زیاتر بەرەو ئەدەبی بەرگری و ناسیۆنالیزمی و بە دیاریکراوی لە ژێر هەژموونی ئەدەبی ڕووسی دان. بەتایبەتی ماکسیم گۆرکی و دیستۆفیسکی تریرۆدۆسکی کاریگەری تەواویان بەسەر ڕۆماننووسانی کورد هەیە. بۆیەشە زۆتر گۆشەنیگای ئەدەبی ئەوانە لەسەر فۆڕم بووە، نەوەک تەکنیک و و شێوزا و بونیادی ئەدەبیی.

لە ئەدەبیات دا بە گشتی پێوەرێک هەیە و پەێڕەوی دەکڕێت وەک جولیا کریستۆفا دەڵێ: هەموو تێکستێکی ئەدەبی ڕێشەی لە ناو تێکستی پێش خۆیەتی. بە واتایەکی دیکە گەڕانەوەی نەوە بۆ پێش نەوەی خۆی ڕەنگە رەوابێت، ئەمە بەهێزی نەوەی دواتر دەردەخات. لێ من ئەمە بۆ ڕۆمان بە باش نایبینم چونکە دەبێت ڕۆمان هەمیشە لەگەڵ گۆڕانکاری و پێویستی ژیانکردنی مرۆڤایەتی خۆی نوێ بکاتەوە و هاوکات لەگەڵ شەپۆڵ و ئاڕاستە نوێکانی ڕۆمانی جیهانی ڕێ بکات.

من ئەم دەرچوونە لە قاوغی پێشوو لە ڕۆماننووسانی کورد زۆر بەدەگمەن دەبینم، هەرچەندە خۆ جیاکردنەوەی ئەدەبی پێوستی بە ڕێچکە و ڕێبازای ئەدەبی خۆجێی هەیە. بەڵام لە ئەدەبیاتی کوردی تەنیا هەوڵ دەبیندرێت، هەروەک ئۆکتاڤیۆپاس گوتوویەتى: نوێخوازى لەبەرانبەر نوێخوازییەکى تر ڕەخنەى گرتووە و خۆى بەیان کردووە، بۆیە لەڕێگەى مانیفێستەوە دەریدەبڕن. بەشەکەى دیکەیان ئەو جەنگەیە کە لەنێوان گرووپى ئەدەبى شارچییەتی هەیە، بیانووەکەش ئەوەیە کە جیاوازى ستایلى کارکردنە، یاخود جیاوازى بۆچوونە بەرانبەر بە زمانى ئەدەب. ئەگەرچى مانیفێستەکە چ لەنێو فیکر و چ لەنێو ئەدەبیاتى گەلانیشدا شتێکى نوێ نییە، پێشتر لەنێو ئەدەبیانى گەلانى ڕۆژهەڵاتیشدا هەبووە، بۆ نموونە لەنێو فارسەکاندا، (بزورگى عەلەوى و سادقى هیدایەت و د. موسەدەق ) هەبوون، ئەم ئەدیبانە لەژێر کاریگەرى ئاڵوگۆڕى ڕەوشێکى سیاسى لە ئێران، ئەو مانیفێستەیان دەرکرد، لەناو عەرەب و بەتایبەتى ئەدیبانى عێڕاقیش وەک (سامى مەهدى و فازل عەزاوى و فەوزى کەریم و خالید عەلى) درووستبوون، ئەمانیش لەژێر کاریگەرى فیکرى چەپگەرایى بوون کە لە ئەوروپا وە وەک پڕدێک لە لوبنان و میسرەوە ڕووی لە عێراق کردبوو، ئەم دەستانە خۆیان ڕاگەیاند و مانیفێستی تایبەت بە خۆیان بڵاو کردەوە. بەهەمان شێوەش لەناو ئەدیبانى کورد، مانیفێستەى ئەدەبى گرووپى کفرى و ڕوانگەییەکان بەتایبەتی بزوتنه‌وه‌ی (ڕوانگە لە ساڵى ١٩٧٠) هەبوون، ئەم بزوتنه‌وه‌یه‌‌ یه‌که‌مین بانگه‌وازی خۆی له‌ به‌رواری ٢٥/٤/١٩٧٠ دا له‌ ژماره‌ (١٥) ی رۆژنامه‌ی (هاوکاری) له‌ شاری به‌غدا بڵاوکرده‌وه‌. بزوتنه‌وه‌که‌ خواستی سه‌ره‌کی نوێکردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی بوو، به‌ هه‌وڵی کۆمه‌ڵێک قه‌ڵه‌می تازەی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ که‌ دواتر ده‌بنه‌ ناوێکی دیاری ئەدەبیاتیی کوردی، لەوانە (حسێن عارف، کاکه‌مه‌م بۆتانی، جه‌مال شارباژێڕی، جه‌لال میرزا که‌ریم، که‌مال ڕه‌ووف محه‌مه‌د، شێرکۆ بێکه‌س) ئه‌مانه‌ لە ژێر دروشمی (بیری نوێ، وته‌ی نوێ، کرداری نوێ)، هه‌ستکردن به‌ زه‌روره‌تی تازه‌کردنه‌وه‌ی ئه‌ده‌بی کوردی و نوێکردنه‌وه‌ی جیهانبینی خوێنەرانی کورد، هه‌ڵده‌ستن به‌ داڕشتنەوەی کۆمه‌ڵێک فۆڕم و پێودانگ و جومگه‌ی کۆنی ناو ڕۆشنبیری کوردی و گۆڕینی به‌ فۆڕم و ناوه‌ڕۆک و بابه‌تی تازه. لەوانە شێرکۆ بێکه‌سی شاعیر یه‌کێک بوو له‌ ڕابه‌رانی بزوتنه‌وه‌کە هەرچەند ڕۆماننووسانی وەک حسێن عارف و کاکەمەم هەبوون، لێ ئەمە زێتر لە چوارچێوەی شیعریی و هەوڵی تاکەکەسی مایەوە، نەوەک دەستە و گروپ. هەروەها لە نەوەدەکانیشدا مانیفێستى (وێران) و پێشووتریش کۆمەڵێک نووسەری هەولێر دەستە جەمعییەکیان بەناوی قوتابخانەی هەولێر هەبووە، لە هەندەرانیش گرووپى (ڕەهەندییەکان) لە پەنای کارى فیکری و لێکۆڵینەوەدا خۆیان ڕاگەیاند. لێ هیچ یەکێک لەو دەستە و گرووپانە کاریگەری خۆیان نەخستە سەر نەوەکان و ئەو ستایلە ئەدەبییەش کە تا ئێستا کارى پێدەکرێت. لێ لە هەر یەکێک لەم بزوتنەوە ئەدبییەکان بەتایبەتی کوردی ڕۆڵی چێڕۆکنووسان و ڕۆماننووسان کەمتر دەردەکەوێت و مانیفێستەیانە نەبووە مۆدێل و گوتارێکى زاڵى ئەدەبى و نەوەى دواى ئەوان بیکات بە بنەما و کارى پێکات، چونکە ئەدەب کارى تاکگەراییە نەک گرووپ کە ئەمە دواى چارەکە سەدەیەک بوو بە تێگەیشتنى فیکرى لەناو ئەدیبانى کورد، هەر بۆیە دواتر لەبەریەک هەڵوەشانەوە، کە بینیمان گرووپەکانى کەرکووک و ڕوانگە و هەولێر و ڕەهەندەکان چۆن توانەوە و نەیان توانی تاکو نەوەکانى تر شتێک زیاد بکەن بۆ سەر ئەو مانیفێستە ئەدەبییانە، چونکە دەرکەوت ئەدەب کارى تەنیاییە نەک گرووپ.

دواجار ئەوەى کە لەچەمکى مانیفێستەوە تێدەگەین، کارێکى دوو پەتییە، یەکەمیان:. لە پشت دەقى ئەدەبیدا مشتوومڕێکیى مەعریفی و هزریى دێنێتە ئاراوە تا برەو بە جیاوازییەکان بدات، دووەمیان:. ئەوەیە کە لەو دیووی ئەدەبدا جیاوازىیەکان دەمرێت، دەرووناسی کەسی توندڕۆ دادەبڕێنێت لە نووسەری دەق کە ڕەخنە لە دەقەکەى دەگیرێت و بە ئاسایى وەریدەگرێت، ئەوەش کە گورز لە جیاوازى دیدگا دەوەشێنێت، گرووپێک ئەوانیتر پشتگوێ دەخەن و دایاندەبڕن لە دونیاى ئەدەب، بە بیانووگرتنی نوێخوازی و دابڕان و کەلێنێک دروست دەکەن و تاقی دەکرێنەوە، بۆیەیە هەموو مانیفێستەک تەنیا وتەنیا بۆ ماوەیەکى کورت دەڕۆن نەوەک درێژ.

دیار لەتیف: چی گۆڕانکارییەک بەسەر دیدگای ڕۆماننووسانی ئەم دەیەدا هاتووە و لە قۆناغی پێشخۆی جیای دەکاتەوە؟

دڵشاد کاوانی: گەر مەبەستت ڕۆماننووسانی جیهانی بێت، ئەمان بەپێی قۆناغ و گەشەی کۆمەڵایەتی و هزری و پێویستی ئەدەبی و کەرستەکانی نووسین و مەعریفەی تاکەکانی کۆمەڵگاکانیان گەشە دەکەن و بە ڕوونیش دەبینین نەوە دوای نەوە قۆناغی تازە و لە ستایل و مۆدێلی نووسینی ڕۆمان سەر هەڵدەدەن. بۆ نموونە لە هەر قۆناغێک هیچێک لە ڕۆماننووسەکان لە قۆناغی پێش خۆیان نامێننەوە. هەروەک قۆناغەکانی جیهانی بە گشتی بەم جۆرەیە.

ڕۆمانی سەدەی نۆزدەم

لە نیوەی یەکەمی سەدەی نۆزدە ڕۆمان لە ژێر کاریگەریی سەردەمی پێشووتر بوو. لەم سەدەیەدا گرنگییەکان زیاتر لە بیر و ھەست. لەسەر سروشت و خەیاڵ بوون.

گۆتی بنچینەی ڕۆمانی ڕۆمانسییە و جەختیان لەسەر توانا ڕۆحییەکان دەکردەوە. لە ڕۆمانە ڕۆمانسییە دیارەکان (جەین ئیێر) کە لە ساڵی ١٨٤٧ لە نووسینی چــارلۆت بــرۆنتەیە یەکەمین نموونەیە لە ناو ڕۆمانە سەرکەتووەکان دەربارەی پەروەردەکار و پیاوی نادیار.

نمونەیەیەکی دیکە (وزەرین ھایت) کە لە ساڵی ١٨٤٧ بە قەڵەمی ئیمیڵی بڕۆنت نووسراوەتەوە، کە ئەویش ڕۆمانێکی ڕۆمانسییە.

ھەروەھا ڕۆمانەکەی ھـــێرمان مێلڤیل لەسەر سرووشتی باشە و خراپە بە ناوی (مۆبی دیک) کە لە ساڵی ١٨٥١ نووسراوەتەوە، (نامە سوورەکە) و (ماڵی حەوت گێبڵ) ڕۆمانی نـــاسانیەل ھۆپۆرنن، کە دەربارەی گوناح و پیوریتانیزم بووە. ئەمانە و چەندین ڕۆمانی تر نموونەی ڕۆمانی ئەو سەردەمەن.

ڕۆمانی سەردەمی ڤیکتۆریا

ڕۆمان هێندە جێگیر و دامەزراو بوو کە بووە زاڵترین نووسینی ئەدەبی لە ماوەی فەرمانڕەوایی شاژنە ڤیکتۆریای ئینگلترا (۱۸۳۷ـ۱۹٠۱). ڕۆماننووسە ڤیکتۆریاییەکان بەرپەرچدانەوەی قارەمانە خاوێن و چاکەکارەکانی چینی مامناوەندیان دژی کۆمەڵگە و فێربوونی هەڵە لە ڕاستەوە لەناو زنجیرەیەک هەڵەی مرۆڤدا بەرجەستەدەکرد. ڕۆمانێکی واڵکۆت سکۆت بووە ھۆی نوێکاری لە نووسینی ڕووداوەکاندا. نووسەرە ڤیکتۆریانە بەناوبانگەکان وەک چـــارلس دیکێنس، باشترین ڕۆماننووسی ئینگلیزی سەردەمی ڤیکتۆریان، (کـــریسمس کــارۆڵی) لە ساڵی ١٨٤٣ نووسیووە. لــویس کـــاڕۆڵ (چارلس لۆدویج دۆجسۆن) سەرکێشییەکانی ئالیشا لە وۆندەرلاند، لە ساڵی ١٨٦٤ و (بەناو شێوە شووشەییەکە) دا لە ساڵی ١٨٧١ نووسیووە.

ڕۆمانی ڕیالیزمی.

ئەم ڕێبازە دوای شۆڕشی پیشەسازی لە سەدەی نۆزدەدا ئەو جۆرە ڕیالیزمە سەری هەڵدا. کە ڕەتکردنەوەی ئایدیالیزم و ڕۆمانتیسیزمی ژانرای پێشوو بوون. ڕیالیزم بەخێرایی گەشەیسەند و گۆڕا بۆ سروشتگەرایی کە بارودۆخی کەسایەتییەکان ڕەشبینتر و بێھێزبووبوون بەھۆی سروشتیانەوە.

نموونەی ڕۆمانی سروشتگەرایی (کابینەی خاڵە تــۆم) ھــاریت بــیچێر ســـتۆوە، لە ساڵی ١٨٥٢ دەربارەی شەڕی ناوخۆیی ئەمەریکا نووسیوییەتی. دوو ڕۆمانی دیکە لە لای (تــۆم ســاویێر) لە ساڵی ١٨٧٦ و (سەركێشی هەكەلبێرى) لە ساڵی ١٨٨٥ لەلایەن (مـــارک تــواین) و (ســاموێل لانگھۆرن کلێمنس) نووسراون، دواجار بوونەتە ڕۆمانێکی بەناوبانگ لە ئەمەریکا.

ڕۆمانی (مۆدێرنتە) و سەدەی ھاوچەرخ.

ڕۆمانی سەدەی بیستەم بەسەر دوو قۆناغی ئەدەبیدا دابەشدەکرێت. ئەدەبیاتی مۆدێرنتە (۱۹٠٠-۱۹٤٥) و (ئەدەبیاتی ھاوچەرخ-تاکو ئەمڕۆ) کە پۆستمۆدێرنتەیە. لە ڕۆمانی مۆدێرن و ھاوچەرخدا پرسیاری بوونی، سەرانگیری بەسەر ھۆکارەکانی مرۆڤدا، سروشتی حەقیقەت و ڕاستی، فۆرمی سەرەکی ڕۆمانەکانە.

ڕۆمانی ئەم سەدەیە ڕەنگدانەوەی ڕووداوە گەورەکانی گێتین وەک جەنگی دووەمی جیھانی و جەنگی ڤێتنام و ھێرۆشیما و جەنگی سارد و شەپۆڵی کۆمەنیزم. ڕۆمانە بەناوبانگەکان وەک ڕۆماننووس ڤیرجینیا ولف، ڕۆماننووس جەیمس جۆیس، لە کە بەناوبانگترین ڕۆمانی دژە جەنگه لەسەر جەنگی یەکەمی جیهانی بێ وسراوەتەوە. هەروەها ڕۆماننووسی ئەڵمانی ئیرخ ماریا ڕیمارک و (دەنگ و دەمارگیری) ڕۆماننووس و کورتەچیرۆکنووسی ئەمریکی ویلیام فۆلکنەر باس لە پووکانەوەی باشوور دەکەن لە دوای جەنگی ناوخۆی ئەو وڵاتە.

ڕۆمانی پۆستمۆدێرن

هەرچەندە ڕیالیزم و سروشتگەرایی ڕۆمانیان بردە سەردەمی ھاوچەرخی سریالیستی کە تێیدا کەسایەتییەکان کاریگەرتر بوون. لێ ڕۆمانی سەدەی پۆستمۆدێرنتە، ھاوچەرخ، حەقیقەتی ئەفسوناوی و خەیاڵ و ڕۆمانی ھێڵکاری لەخۆدەگرێت. جەخت لەسەر ئەوەی کە مرۆڤ لە لایەن ھێزێکی بەھێزترەوە فرمانڕەوایی دەکرێت دەکاتەوە و گەردوونیش بە تەنھا ھۆکارێک شیناکرێتەوە. ڕۆمانە مۆدێرنەکان زمانێکی گاڵتەئامێزی تێدایە و متمانەی کەمتر بە نەریتەکان و چۆنییەتی باسکردنی کاتەکان لە چیرۆکەکاندا پیشاندەدات. ڕۆمانە پۆستمۆدێرنتەکان وەک: (ڕەنگی مۆر) ۱۹۸۲، لەلایەن ئەلیس والکەر، (لە خوێنی سارد) لەلایەن ترومان کاپوت لە ساڵی ۱۹٦٦، (ڕەگەکان)ی ئالێکس هالێی لە ۱۹۷٦، (ترس لە فڕین) ئیریکا یۆنگ کە لە ساڵی ۱۹۷۳، پێشەنگی ڕیالیستەکان، ڕۆمانی ئەفسوناویی (۱٠٠ ساڵ تەنهایی) گابرێل گارسیا ماركێز.

بەڵام بۆ ڕۆمانی ناوخۆ

تا ئێستا جگە لە چەند ڕۆماننووسێک کە بە پەنجەی دەست هەژمار دەکرین، گەرنا بە گشتی ڕۆماننووسانی گەنج لەژێر هەژموون و کارتێکردنی ڕاستەوخۆی نەوەی پێشوتر دەرنەچوون و نەیانتوانیوە ئەم قاوغە تێک بشکێنن. بۆ نموونە ماوەیەک لەمەوبەر من دوو ڕۆمانی دوونەوەی جیاوازم خوێندەوە کە هەردووکیان لە ناوەڕۆکدا یەک باس بوون. کە یەکیان نەوەی حەفتاکان و هەشتاکانە دووەمیان ڕۆماننووسێکی تازەیە، هەردووکیان لە فۆرم و ناوەڕۆک باسی ڕێکخستنەکانی ناو شاری بزوتنەوەی کوردایەتی دەکەن. ئەمە کاردانەوە و موتربە کردنی بیری لقی دوومە لەسەر فۆڕم و بیری و کەدی یەکەم لق و پۆپی گرتووە، کە دەبووایە سیمایەکی نوێی بە بیرەکەی دابوایە. بۆیە پێوستە ڕۆماننووسان هەمیشە خۆیان تازە بکەنەوە و بەرەو ڕەوت و کارتێکردنی تازە بچن، لە بەرامبەریشدا هەوڵی زۆر جوان هەن وەک پڕۆگرافیکی شەوانی باکۆی کەماڵ سەعدی، لە ڕووی شکلییەوە و سادیستییەتی ڕۆمانی بەڕێگاوەی بەندە و زانستیی مرۆڤی هەرزانی گۆران سەباح، عیرفانی ڕۆمانی میدیای هۆشەنگ شێخ محەمەد. کە بە تەواوی لە فکر و ناوەڕۆکی رۆمانەکانی پێش خۆیان دەرچوون و تازەن بە ئەدەبیاتی کوردی. ئارنست هەمەنگوای دەڵێت: شێوازی نووسین ئەوەیە، وا بنووسیت، پێشتر کەس وای نەنووسیبێت، داهێنانیش ئەوەیە لە هیچ داهێنانێکی پێشتر نەچێت.

دیار لەتیف: بۆچی تا ئێستا نەوەی گەنجی ڕۆماننووسان وەک پێویست ناخوێنرێنەوە و پێشوازی لێ ناکرێن، بەراورد بە نووسەرانی پێش خۆیان؟ ئاخۆ ئەوە پەیوەندی بە لاوازی و تواناکانی نووسین و خەیاڵگەی ڕۆماننووسانی گەنجەوە هەیە و ڕایەڵ بە توانا و هێز و سەرژمێری بەردەنگی ڕۆماننووسانی پێش خۆیانەوەیە؟ ئاخۆ ئەمەیە وایکردووە وەک پێویست سەرنج نەخرێتەسەر نەوەی ڕۆماننووسانی تازە؟ ئاخۆ کێشەکە قەیرانی کوالێتی نووسینی ئەم نەوە نوێیەی ڕۆماننووسانە، یان بابەتەکە قۆرخکاری نووسەرانی ئامادەی ناوەندەکەیە؟

دڵشاد کاوانی: دەبێت شەنوکێوی ئەوە بکەین کە بۆچی روانینێک هەیە کە پێی وایە دەبێت ئەدەبی پێشوتر یان کلاسیک نەمرترە لە ئەدەبی هاوچەرخ و تازە لە کاتێکدا هەریەکەیان لەسەردەمی خۆیان سەرهەڵدەدەن، لێ پێوستە وەڵامەکە هەڵگێڕینەوە کە بۆچی ئەدەبی کلاسیک سەردەمی خۆی دەبڕێت بەڵام ئەدەبی هاوچەرخ ناتوانێت تەنانەت زۆرێک لە ڕۆمانەکان لەگەڵ سەردەمی خۆشیان ڕێبکەن.

دەمەوێت لە دەستپێكی ئەو نووسینەدا بپرسم، ئایا ڕۆماننووسانی ئێمەی كورد تا چەندە سوودیان لە هونەری تازەی ڕۆمانی دونیا وەرگرتووە؟ ئایا لێشاوی ئەو ڕۆمانانەی وەردەگێڕدرینە سەر زمانی كوردی، توانیویانە ئاسۆیەكی دیكەی بیركردنەوە لە هونەری ڕۆمان ببەخشن؟ ئایا یادەوەری و ڕووداوەکان بۆ نووسینی ڕۆمان بەتەنیا دەگونجێت؟

ئەگەر هەڵوێستە لەسەر ئەم پرسانە بكەین دەبینین.

-تەکنیک.

بەتەنیا نابێتە هۆکاری پێشخستنی ژانری ڕۆمان لە نێو ئەدەبیاتدا، بەڵکوو دەبێت لە پاڵ تەکنیک و گێڕانەوە و بۆگێڕەوە و شێواز و بونیادی ڕۆمان کۆمەڵێک بنەمای تر هەن کە پێوستە بەرەو ڕۆمانی هاوچەرخی جیهان هەنگاو بنێین.

-زمان.

ڕۆمانی کوردی هێشتا نەکاراوە بە یەکخستن و چەمک و ئیدیۆم و هەڵگری زاراوەی سەر زمان و بنزمانەکان بێت و پەیڕەوی زمانی ستانداردی کوردی نەکردووە و بنەماکانی کاریگەری زمانی داگیرکارانی زمانی زکماکی نەشکاندوە. زمانی کوردی سەدان ڕایەڵی وشەدانی دیار و نادیاری لەبەردەمە.سەرجەمی ڕۆمانە کوردییەکان، داخوازیەکانی زمان پڕناکەنەوە، بە داخەوە ئاستی زۆر لاواز ونزمی زمان دەبینرێت.

-پەیام

هەڵبەتە هەموو دەقێك چەندان گۆشەنیگای جیاوازی هەیە و دەشێت چەندان توێژینەوە و خوێندنەوەی جیاواز بۆ یەک دەق بكرێت، ئەوەی ئێمەیش شیانی ئەوەیە لە چەندان گۆشەی دیكەوە لەبارەی ڕۆمانەوە بدوێن، وەلێ ناكرێت لەبارەیانەوە نەدوێن. ڕێی تێناچێت ڕۆمانێک بنووسین، هەڵگری هیچ پەیامێک نەبێت، خوێنەر هیچی لێوە فێر نەبێت و کەم و زۆر بەشداری لە گۆڕینی هزری تاکی کورد نەکات، خوێنەری کورد تامەزرۆیە، خۆی لە ڕۆماندا ببینێتەوە، تێکەڵی ببێت و پرسیاری لا دروست بێت، ڕۆماننووس بە ئاسانی دەتوانێت خوێنەری بورووژێنێت. خوێنەر لە ڕۆمانەوە فێر دەبێت، چۆن چێژ لە ژیان وەردەگرێت و زۆر جار خۆی لە دەقدا دەدۆزێتەوە کە لە واقیعدا دەستی ناکەوێت.

دوو دەیەی پێشوو مایەی ئەوە بوون کە ببنە فاکتۆیەک بۆ گەشەسەندنی ڕۆمان لە زمانی کوردی هەرچەند ڕۆماننووسانی نەوەکانی پێشوو لە پەنجەکانی دەست تێنەدەپەڕین.

لەوانە حسێن عارف لە هەشتاکانەوە هەردوو ڕۆمانی شار و ئەندیشەی مرۆڤێکی چاپ کرد، عەزیزی مەلا ڕەش کوێخا سێوێ و غەوارە خەسرو جاف کۆردەرە و هیچی چاپ کرد.

لە ئەدەبیاتی شاخ و کێو دا، محەممەد موکری ڕۆمانەکانی سەگوەڕ و تۆڵە و هەرەس و حەمە کەریم عارف کۆچی سووری چاپکرد. لە هەندەرانیش چەند بەرهەمێک لەدایکبوون وەک ڕۆمانی مرنا کاڵەکەی ڕەند و هاوارا دیجلەیێ محەممەد ئۆزۆن، بەشێوەزاری کرمانجی ژووروو.

ئەگەر چی لەم قۆناغانەشدا یەک شێوازی گێڕانەوە و کاریگەری شۆسیالیستی ناسیۆنالیزمی بە زۆربەی ڕۆمانەکانەوە دەبیندرێت، دەبێت ئەوەش بزانین کە ئەم قۆناغە ڕێگەی خۆشکرد بۆ ئەوەی کە ڕۆمانی کوردی لە قۆناغی نەوەدەکان زۆر زیاتر پێشبکەوێت، گەشەسەندنێکی وا بەخۆیەوە ببینێت کە هەرگیز گەشەسەندنی وای بە خۆیەوە نەبینێبێت.

سەرباری ئەو ڕۆمانانە کۆمەڵێک ڕۆماننووسی ڕەچەڵەک کورد ڕۆمانیان بە زمانی بێگانە ڕۆمان دەنووسی ناوبانگی جیهانییان هەبوو وەک یەشار کەمال کە بە تورکی دەنووسێت (سەلیم بەرەکات) بە عەرەبی (ئیبراهیمی یونسی) کە بە فارسی دەینووسی.

هەرچەند ئەم ڕۆماننووسانە لە لایەنی زمان ناچنە خانەی ڕۆمانی کوردی کەچی لە ناوەڕۆک باسی ژیان و خەباتی کورد دەکەن.

لە ڕۆماننووسەکانی نوێ دا ناکرێ هەندێک ناو هەیە نکۆڵییان لێبکرێت لەوەی شوێن پەنجەیان لە ئەدەبیاتی کوردی دا دیارە لەوانە جەمال جەبار غەریب، کاروان کاکەسوور، بەختیار عەلی، چەند ڕۆماننووسێکیتری کوردی.

بۆیە بۆ خۆ رزگارکردن لە ئشکالاییەتی بە بابەتی بوون و ڕۆیشتن لەگەڵ ڕۆمانی هاوچەرخ دا پێویستە ڕۆماننووسانی گەنج ڕوو لەم جۆرە نووسەرە بەناوبانگەکانی بیانی بکەن و لە شێووە و تەقلیدییەکی ڕۆماننووسانی پێشووتر دەربچن. لەوانە نووسەرانی بەناوبانگ وەک: ئالێن پو، دومۆپاسان، سێرڤانتیس ،گوگول، ترۆتسکی، تولستۆی، سالتیکۆڤ شگدرین، ئیرنست هێمنگوی، گابریل گارسیا مارکیز، دیکێنز، بۆرخیس، داستۆیۆڤیسکی، جان ئیشتاین بک، مارێۆڤارگاس یوسا، ڤلادیمیر ناباکۆڤ، شۆڵۆخۆف.

دیار لەتیف: هەر ڕۆمانێکی دڵخواز چی پێویستە بۆئەوەی ڕۆمانێکی سەروەر و سەرکەوتووبێت؟ چۆن پێناسی ڕۆمان دەکەیت، ئەمە لەکاتێکدا گەر پێناس هەڵبگرێت؟ ئاخۆ پێتانوانییە لەئێستادا خوێنەرانی ڕۆمان دابەزیوە بەهۆکاری شەپۆلی گەشەپێدانی مرۆییەوە؟! ئاخۆ هەر لە بنەڕەتدا خوێنەر ڕوو لە کەمی و تەنانەت ئاستەکانی خوێنەری کورد سنووردار بووبێتەوە؟ بۆچوونتان لەسەر ئەو پۆلێنکارییەی ڕۆماننووسانی ئەم قۆناغە بۆ ڕۆمان لە ئێستادا دەکەن چییە؟ ئایا ئەو دابەشکارییە و ناولێنان و وردکردنەوە، چەندێک بە سوود و چەندێک بە زیانی ڕۆمان کۆتایی دێت؟

دڵشاد کاوانی: دەبێت ڕۆمان لەگەڵ ئاڕاستەی نوێ هەڵبکات و گرنگترین خاڵ دەبێت ڕۆماننووس لەسەری بوەستێت کە هەڵقووڵاوی خەمی کۆمەڵگاکەی بێت و ئازار و ژانی خەڵک بنووسێتەوە، هەر ڕۆمانێک نەیتوانی گێڕەوەی کۆی چیڕۆک و ئازار و ڕەهەندە جیاکانی کۆمەڵگاکەی بێت سەروەر وسەرکەوتوو نابێت. بۆیە ڕۆمانی باش دەبێت فرە ڕەهەند بێت، نەوەک تەنیا یەخەی یەک ڕووداو بگرێت و تاکۆتایی بە دوای یەک ڕووداو دا بڕوات. بۆیە ئەم جۆرە ڕۆمانانە کورتبینن. فرەڕەهەندی بنەمایێکی بەهێزە بۆ دیاری کردنی ڕۆمانی باش و ناوازە. ئەوانەی زمان سادە دەکەنەوە چیڕۆک چڕدەکەنەوە ئەمانە نووسەرانێکن پانتایی بیرکردنەوەیان بچووکە و هەڵگڕی مەعریفەیەکی پتەو و بەهێز نین.

فرە ڕەهەندی لە ڕۆمانی نوێ دا

ئەدەبیات هەمیشە خۆ ڕزگاركردن لە کۆت و بەند بووە، دەرچوون لە یاسا ی پەیڕە وكە بەری لە داهێنان دەگرن، واتا بەرەو پێشچوون خۆ بە دەستەوەدان بە ئازادییەکی رەها لە پانتیایی وشە دا. لە سەردەمی ڤیكتۆریا مەرج بوو هەموو ڕۆمانێك بە یەك جۆر کۆتای هاتبووایە، واتا پەیوەست بە یاسای ناچارکردنێکی داسەپاو و تەسک كە ڕەهەندێکی دوورە ڕاستی هەبوو.

لێ خەیاڵ لە لای ڕۆماننووسانی دوورەگیر خۆی تێكەڵی واقیعگەرایی کرد، كە بریتین لە جۆیس و فاكنر و ڤیرجینیا وڵف، كە سەختی ژیان تەنگی پێهەڵچنی بوو، بڕیاری خۆکوشتن دەدات لێ بەهۆی نیزکخستنەوەی خەیاڵکەکانی لە حەقیقەتی ژیان ئاوێتەکردنیان لە چەرەمسەرییە و ناکۆکییە دەروونیەکانی ڕزگاری کرد.

یاخود كافكا كە مۆتەكەكانی لەگەڵ ڕاستەقینەگەرایی هەمبەر دەکات، دیارە كە نەریت لە حاڵەتی تووڕەیی و بێزاری و بێ باوەڕی بە ڕابردوو دێتەبوون، لە ئەدەبیاتی جیهانی ئەم تووڕە بوونە لە مۆدێرنیتەوە دەست پێدەکات و ئاوڕی لە ڕیالیزمی باو دایەوە. ئەمەش دەرئەنجامی جەنگە جیهانییەكان و درووستبوونی ڕق و بێزاریی و بێ هیوابوون لە دەرنجامەکانی وێرانکاری ڕوویدا. نووسەرانی مودێرن گەیشتنەوە ئەوەی کە مێژوو و ململانێی سیستەمی سیاسی مرۆڤ و پێشخستنی زانستی دوای جەنگەکان بە حەقیقەت ناگات. بۆیە دوای جەنگ ( بزووتنەوەی مانادۆڕاوی) كەوتە خۆ دژ بە كەلتوور و ئەدەبیاتی پێش مۆدێرنتە، كە مرۆڤی بە بوونەوەرێكی ئاوەزی بە بنەما دەگرت و کەچی ی مانادۆڕاوییەکان خۆیان دوورەپەرێز و پەشۆكاو و تەنیا و تێكشکاو بوون.

دیار لەتیف: چۆن پێناسی ڕۆمان دەکەیت، ئەمە لەکاتێکدا گەر پێناس هەڵبگرێت؟

دڵشاد کاوانی: هەمیشە دەڵێم چیڕۆک واقیع نیە بەڵام کاریگەرە لە واقیع ئەمە بۆ ڕۆمانیش هەر دروستە چونکە ڕۆمان گڕێدانی کۆمەڵێک چێڕۆکی درێژە و بە شێوە و تەکنیکێکی ئەدەبی و لە چوارچێوەی خەیاڵکردنی ڕۆماننووس بە چەند بنەماییەکی دیاری کراو دەچێتە قاڵبی ژانرێکی دیاری کراو بەتایبەتی ڕۆمان.

دیار لەتیف: ئاخۆ پێتانوانییە لەئێستادا خوێنەرانی ڕۆمان دابەزیوە بەهۆکاری شەپۆلی گەشەپێدانی مرۆییەوە؟! ئاخۆ هەر لە بنەڕەتدا خوێنەر ڕوو لە کەمی و تەنانەت ئاستەکانی خوێنەری کورد سنووردار بووبێتەوە؟

دڵشاد کاوانی: ئەمە ڕاستییەکی تاڵە دەبێت لەسەری بووەستین، من هەمیشە دەڵێم ئەو دەقەی لە بەردەم لامپا نووسرابێتەوە هەرگیز جارێکیتر لە ڕۆژی ڕووناکی سەردەمی زانستدا نانووسڕێتەوە. لێ لە جیهان دا تائێستا بابەتە ئەدەبییەکان بە گشتی خوێنەری خۆیان هەیە. بەتایبەتی ڕۆمان وەک نووێترین ژانری ئەدەبی بەردەوامی هەیە لە کاریگەری بەسەر خوێنەرانیدا، دەبین کە سەرباری سەرقاڵی تاکی ڕۆژئاوایی لە ترام و میتڕۆکان و جێگای کار خوێندەوە وەک بەشێک لە کاری ڕۆژانەیان پەێڕەو دەکرێت. بەڵام لەناو کوردا، بە گشتی مێدیا و شۆسیال مێدیا و کەرستە زیرەکەکان، شەپۆڵی گەمژەییەکی بە تین ڕووی لە تاکی کورد کردووە و بۆتە هۆی زەغەڵی و کەمتەرخەمی تاکی کورد و کاردانەوەی مەعریفی و ڕۆحی بەسەر تاکەکانەوە دیارە، ڕۆمانیش یەکێکە لەم ژانرانە کە کەوتۆتە ژێر ئەم گورزە کوشندەیە. لەگەڵ ئەوەشدا خراپی و لۆکاڵی ڕۆماننووسانیش ڕۆڵی هەیە لە سستبوون و خاوبوونەوەی خوێندنەوە کۆمەڵێک ڕۆماننووسی تازە پەیدابوون فێری ئەوە بوون دەڵێن دەبێت ڕۆمان زمانی سادەبێت و گرێی گاڵی تێدانەبێت، ئەمەیان وەک ئەوەیە کە دەیانەوێت خۆیان لەگەڵ خوێنەرانیان بگونجێنن من پێم وایە پانتایی بیرکردنەوەی ئەم ڕۆماننووسانە خۆی سادە و ساکار و بێ ئەوەی خۆشیان هەست بەوە بکەن لەگەڵ ئاستی خوێنەرەکانین دابەزیوون.

بۆیە من زۆر جار گلەیم لێکراوە دەڵێن ڕۆمانەکەت بۆ خوێنەری سادە و ئاسایی قوڕسە و پڕە لە مەغزای فەلسەفیی و مەعریفی، گوایە من ڕۆمانی بەڕێگاوەم بۆ نوخبە نووسیوە و ئەمە سەنەترالیزمی منە دەبێت خوێنەر سەرکەوێت بۆ ئاستی نووسەر، نەوەک نووسەر دابەزێت بۆ ئاستی خوێنەر. گەر وابوو دەق هیچ ڕۆڵی لە بە مەعریفەکردنەوە نامێنێت وەک جەمال جەبار غەریب لە ڕۆمانی پێنجەمین کتێب دەنووسێ: من بۆ ئەوە دەنووسم کە یەک تاکە خوێنەرم هەبێت لە نووسین بەردەوام دەبم. ئەمە ئەرک و کاری نووسەری جددی و ڕاستەقینەیە.

دیار لەتیف: بۆچوونتان لەسەر ئەو پۆلێنکارییەی ڕۆماننووسانی ئەم قۆناغە بۆ ڕۆمان لە ئێستادا دەکەن چییە؟ ئایا ئەو دابەشکارییە و ناولێنان و وردکردنەوە، چەندێک بە سوود و چەندێک بە زیانی ڕۆمان کۆتایی دێت؟

دڵشاد کاوانی: ئەوەی لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکان و ئەدەبییەکان دەگوزەرێت خراپترین و نابوتتریین کرداری مێژووییە کە لە ئەدبیاتی کوردی بەخۆیەوە نەبینیوە. من خۆم هەمیشە باجی ئەوە دەدەم کە خۆم بەدەرم لە هەر فکرەیەکی سیاسی و لاینگاری و پاوانکاری حیزبی، بۆیەشە لەخۆم غەریبتر و لانەوازەتر نابینمەوە، کە باجی ئەم ڕەوشەم داوە ڕەنگە من یەکێکبم لە نموونەکانی دیکە. بەداخەوە حیزب دەستی خستۆتە نێو کایەی ئەدەبی کە نەدەبووایە ئەدیبان خۆیان بچنە ژێر باڵی سیاسییەکان. بۆیە زۆر ناوی هیچ و بێتوانا لە رێگای دەزگای چاپ و وەشاندن و مەکینەی ڕاگەیاندنەوە کراوون بەناو و پەڕ و باڵیان بۆ دروست کراوە و زۆریش وەک ئێمە ئاسا پەڕ و باڵیان شکاندووە. ڕۆمانەی بەڕێگاوەی بە نموونە کە بە هۆی تابەتمەندیی بابەتی و ناوەڕۆک و تەکنیک لە سەر ئاستی جیهانی عەرەبی و فارسی بە گرنگییەوە کراوەتە جێگای باس و خواس. تەنات لە دواین پێشهاتی ڕۆمانەکە بەندە وەک نووسەری ڕۆمانەکە ناوم لە ڕێگای تۆڕی (واژە یاب) کە گەورەترین تۆڕی فەرهەنگییە لەسەر ئاستی وڵاتی ئێران شیکاری و ڕاڤەی بۆ زیاتر لە یەک ملیۆن وشە کردوە و وەک یەکەم نووسەری کورد ناوو زانیاریم چووە نێو ڕیزبەنی زیاتر لە بیست و سێ فەرهەنگی فارسی ئەمە دەستکەوتە بۆ کورد. لێ چونکە نووسەرێکم بەدەر لە فکری سیاسی نەوەک هەر باس ناکرێت بەڵکوو، هەوڵدەدرێت لە پێگەی ئەدەبیییەکەشم بدرێت.

نموونەیەکتر هاوڕێییەکی ڕۆماننووسم دوو ساڵ بەیەک ڕۆمان و دەقی ئەدەبی بەشداری دوو فیستیڤاڵی جیاوازی ئەدەبی کرد، ساڵی یەکەم دەقەکەی وەک بەشداریش قبووڵ نەکرا. لە فیستیڤاڵێ دووم بووە براوەی خەڵاتی یەکەم. ئەمە مەهزەلەییە دەبێت یەکێک لە فیستیڤاڵەکان لە هەڵسەنگاندنیان دا نادادپەرورەی بکەن. بەهەرحاڵ پەتی ئەم نووسەرانە کورتە گەر تێبینی بکەین ئەم نووسەرانە ماوەیەک دێن و بزر دەبن چونکە بەدیل و وێنەی دیکە جێگای دەگرێتەوە.

بەرهەمەکانی دڵشاد کاوانی:

-چیڕۆکتێل. کۆمەڵە چیڕۆک ٢٠٠٩

-لە ساڵی ٢٠٢٠ ڕۆمانی بەڕێگاوەی چاپ کردوە.

-نەردەبانی چیڕۆک و ڕۆمان. کتێبی ڕەخنەیی.

-خوو و ئاکار. کتێبی هزری فەلسەفی.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا