بۆچی چوومە لای مەلا بەختیار ؟

سەمەد زەنگەنە

چەند جاری تر وتوومە كەس گومانی لە خوێندەواری مەلا بەختیار نیەو بەردەوام پەیوەندی تەلەفۆنیمان هەبووە، گفتوگۆمان لەسەر بابەتە چارەنووسسازەكان كردوە، بەتایبەتی ماوەیەك بەر لەكۆنگرە و هەوڵەكانی من بۆ نزیكردنەوەی دیدوبۆچونی جیاوازی تەكەتولەكانی یەكێتی .

لەگەڵ ئەوەشدا بەردەوام گلەیشم هەبووەو ڕەخنەشم گرتووە لە هەڵوێستە جۆراوجۆرو هەندێكجار لێكدژو جیاواز و پێچەوانەكانی مەلا بەختیار، نەبوونی هاوسەنگی فیكری و هەڵچوونە بێ هۆكارەكانی و هەتا دەربڕین و لێدوانە بێ موناسەبەكانی.

هەڵسەنگاندنی بابەتەكان دوور لە واقیعی نوێی سیاسەتی یەكێتی دوای كۆنگرەی چواری یەكێتیش جەوهەری خیلافی بۆچوونی ئێستای من و مەلایە، لەو وتارەشدا كە لەپۆلەتیك پرێس بڵاوم كردۆتەوە ( نیشتیمان ماوە تا كۆنگرەی بۆ ببەستی )، ڕەخنەیەكی زانستیانەو یەكێتیانەم لە مەلا بەختیار گرتووە، كە لەم داتەپینی ئابوری و بێ مووچەیی و كۆرۆناو لاوازی حكومەتی هەرێمەدا، كۆنگرەی نیشتیمانی چی سودێك دەگەیەنێت، ئەگەر خەڵك برسی بێت، نەتبیستوە مرۆڤێك تێر بكە ئینجا داوای پیاوەتی و هەڵوێستی لێبكە؟، حكومەت بێ منەت بێت و پارتی حیساب بۆ یەكێتی و زۆنەكەی تۆ نەكات و هەتا ئێستەش دان بەهاوسەرۆكانی حزبەكەتدا نەنێت، تۆ ئاگات لێیە لەم ڕۆژگارە سەختەدا هەژارێك، كارمەندێكی بێ مووچە نیشتیمان دەفرۆشێ بۆ قوتێكی مناڵەكانی؟، كازمی پێباشترە لە دەسەڵاتەكەی تۆ .

من وتومە ئەگەر گۆنگرەیەك ڕێكەوتننامەی ستراتیژی زیندوو بكاتەوە نەكرێت باشترە، ئەو ڕێكەوتنەی یەكێتیەكەی تۆی لە پێشەنگەوە كرد بە پاشبەند و پاشكۆ، من وتومە تۆ وەرە نەك كۆنگرە كۆبوونەوەیەكی ئاشتەوایی یەكێتی و گۆڕان ببەستە، ئەو دوو برایەی لە یەك سكەوە هاتوون و لەیەك پزدان (مەشیمە) وە خواردنی تواوەی ڕەحمی یەكێتیان نۆشیوە، من وتومە ڕوحی كاكە نەوە لە گۆڕەكەیدا ئاسوودە بكە، ئەوكاكە نەوەیەی خۆتان دەرتان پەڕاندو لەكۆتایی تەمەنیشیدا بە پرۆژەیەك ویستی خۆی و گۆڕان لەگەڵ یەكێتیدا ئاوێتە بكاتەوە، ئەوجارەش نەتانهێشت .

من چیم وتووە جگە لەوەی ئەگەر ئەو كۆنگرە نیشتیمانیە لەسلێمانی ببەسترێت، دڵنیابە پارتی و بارزانی بەشداری ناكەن، كەچی مەلا بەختیار بە ناوی كاكە (ژ. ئەحمەد) وەڵامی منی داوەتەوە گوایە هەموو هەفتەیەك چوومەتە خزمەتی و وتومە ( تەنها سیاسەتی تۆ ڕاستە، تكایە فریای یەكێتی بكەوە )، وەكو ئەوەش كە منی بە خێوكردبێ و لەدیوەخانی ئەودا گەورە بووبم، دەنوسێت ( بە داخەوە سەمەد، بێبار دەرچووی ) .

من كاكە (ژ. ئەحمەد)  باش دەناسم ، کەسێكی ئەوەندە بەڕێزە، نەك من ،كەسیش بە ناوی موجەڕەدی خۆیەوە بانگ ناكات، چ جای لە خۆی گەورەتر بێت .

بە هەرحاڵ ، كاك بەختیار چەند جارێك دەڵێ كاكە سەمەد، بەڵام بەو هەڵچوونە هەمیشەییەی كە پێی ناسراوە نوسیویەتی ( سەمەد ، بێبار دەرچووی ) سەلماندی نوسینی خۆیەتی .

با بگەڕێینەوە بۆ تایتڵی بابەتەكە : من بۆچی و چەند جار چومەتە لای مەلا بەختیار ؟ لە هەموو ژیانی حزبیمدا دوو جار لەچاودێر سەردانیم كردووە، گەر وا نیە ئەوە كامێراكانی چاودێری و لێی بڕوانن .

بۆچی چوم ؟

هەردوو جێگری سكرتێری گشتی، سەرجەم سەركردایەتی كۆن و نوێی یەكێتی دەزانن من هیچ كاتێك و لەهیچ سەردەمێكدا تەكەتولی كەس نەبووم، واژۆیان دژی مام جەلال كرد من نەمكرد، ساڵانێكی دوورو درێژ ڕاوێژكارو بەرپرسی نوسینگەی ڕاگەیاندنی هەڤاڵ و هاوڕێی خۆشەویستم كاك كۆسرەت بووم، دەیان بابەتم لەسەر قەیرانەكانی یەكێتی نووسی، هاوڕێی جێگری دووەم بووم كە لەیەكێتی جیا بووەوە، وتاری توندم لەسەر نووسی ، شێخ لاهوریشم خۆش ویستوە و وتاریشم بۆ نوسیووەو بەفریادڕەسی یەكێتیم زانیوە، دەیان هەوڵی نێوەندگیریم گێڕاوە بۆ تەبایی و ئاشتەوایی نێوانیان، دوا هەوڵیشم بەر لەكۆنگرەی چوار، نێوەندگیری نێوان كاك كۆسزەت و مەلا بەختیار و هەڤاڵانی تر بووە ، هەر بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ هەڤاڵێكی تردا كە گەواهی وتەكانی سەردانەكە دەدات ، چووینە لای مەلاو داوامانكرد ئەویش بچێتە خزمەتی كاك كۆسرەت، چەند داواكاریەكی هەبوو، جاری دووەمیش چووینەوە بۆ هەمان مەبەست، بە گوێی ئێمەی نەكرد، كەچی شەوێك بەر لەكۆنگرە، خودی خۆی و بەپێی خۆی چووە خزمەتی كاك كۆسرەت، خۆ لە هیچكام لە دیدارەكانیشدا كاكە (ژ. ئەحمەد) لەوێ نەبوو .

هەرگیز من بە مەلام نەوتووە (تەنها سیاسەتی تۆ ڕاستەو فریای یەكێتی بكەوە ) چونكە كەسیش باوەڕ بەو قسەیە ناكات كە سیاسەتی ئەو ڕاست بوبێت ، چونكە چەند مانگێك بەر لەكۆنگرە یەكێتی و مەكتەبی سیاسیشی بەجێ هێشت .

داواش لە كاك بەختیار دەكەم وشەی بێبار زیاتر ڕونبكاتەوە، با ئێمەش وشەی یەكێتی نوێی زیاتر بۆ ڕوون بكەینەوە .

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا