كازمی ئاماژەی ئەرێنی بۆ ئیسرائیل دەنێرێت

پۆڵەتیك پرێس:
رۆژنامەیەكی ئیسرائیلی بڵاویكردەوە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاماژەی ئەرێنی بۆ دەوڵەتی ئیسرائیل ناردووەو دڵنیایی داوە لەبارەی ئەوەی بۆ باشكردنی پەیوەندییەكانی لەگەڵ تەل ئەبیب دووچاری هیچ كێشەیەك نابێت.

ڕۆژنامەی یەدیعۆت ئەحرانۆتی ئیسرائیلی وتارێکی سمدار بیری شارەزای ئیسرائیلی بڵاوکردووەتەوە، و تیایدا ئەوەخراوەتەڕوو کازمی پشتگیریی بڕیارەكەی ئیمارات دەكات ئەویش بەواژووكردنی رێككەوتن لەگەڵ ئیسرائیل بەمەبەستی باشتركردنی پەیوەندییەكانیان.

هاوكات ئاماژەی بەوەشكردووە، مستەفا كازمی بەمزووانە سەردانی ئەبو زەبی دەكات‌و ئەوەشی باسكردووە، بەهۆی ئەو پلەیەی پێشتر هەیبوو مستەفا كازمی وەك سەرۆكی هەواڵگری عێراق، ئاسانە بۆی بەرپرسە گەورەكانی ئیسرائیلیش بناسێت.

رۆژنامەكە بڵاویشیكردەوە، وا چاوەڕوان دەكرێت لەمیانی سەردانی داهاتوویدا كازمی بۆ ئوردن و سعودییە لە كۆبوونەوەكانیدا گفتوگۆ لەسەر دۆزی ئیسرائیلیش بكات.

لەلایەكی دیكەوە، باس لە خوێندنەوەی ئیسرائیل كراوە بۆ مستەفا كازمی و لەو بارەیەوە ئەو شارەزایە دەڵێت: كازمی كەسایەتیەكی ئاسایی نییە لەناو سەركردە عەرەبەكاندا، بەجۆرێك لەماوەی سەركردایەتی سەدام حسێندا، رەوانەی دەرەوە كراوە و بەو هۆیەشەوە پەیوەندی لەگەڵ رێكخراوە ئۆپۆزسیۆن و ناڕازییەكان و بەرپرسانی ئەمریكیدا دروست كردووە.

ئاماژەی بەوەشكرد، سەردانی كۆتایی كازمی بۆ تاران و كۆبوونەوەی لەگەڵ حەسەن رۆحانی سەرۆك كۆماری ئێران، هۆشداری داوەتە كازمی لەبارەی ئەمریكا و سیخوڕەكانی.

لەماوەی رابردوودا، كازمی بە چەند سەردانێكی یەك لەدوای یەك، سەردانی وڵاتانی ئێران و ئەمریكای كردو وا بڕیارە لەماوەی داهاتووشدا سەردانی هەر یەكە لە سعودییە و ئوردن بكات.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا