سەربەست سەبری: گوندەكانى ناحیەی كانی ماسی بەڕۆژ ئاوەدان دەكرێنەوە و بەشەو چۆڵدەكرێن

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی سەربەقەزای ئامیدی رایگەیاند، بەهۆی بۆردومانی بەردەوامی فڕۆكەكانی توركیاوە ژیانی دانیشتووانی گوندەكانی سنوری ناحیەی كانی ماسی لەمەترسیدایەو دانیشتوانی گوندەكان بۆ ئیش و كاری رەزو باخداری و هەنگەوانی بەڕۆژ دەچنەوە گوندەكانی خۆیان و بەشەو چۆڵی دەكەن.

سەربەست سەبری، بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی سەر بە قەزای ئامێدی، بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكەكانی توركیاوە لەگوندەكانی سنوری ناحییەی كانی ماسی 11 هەزار دۆنم پووش و پاوەن و زەوی ئاوی و دێمی كەبەشێكی زۆریان زەوی كشتوكاڵی و بەرهەمداربوون سووتاون.

وتیشی، بەهۆی ئەوەی ئێستا كاتی كۆكردنەوەی بەرهەمی باخ و رەزو كشتوكاڵ و هەنگەوانییە لەناوچەكەداو هاوڵاتیانیش بەهۆی بۆردومانی فرۆكەكانی توركیاوە ناتوانن بەئازادی و بێترس بڕۆنەوە سەركارەكانیان بەرهەمەكانیان زیانی پێگەیشتووە و ئەوەش زیانی زۆری ئابووری بە بەروبوومی قەزای ئامێدی گەیاندووە.

بەڕێوەبەری ناحیەی كانی ماسی راشیگەیاند، لەئێستا پێنج گوندی سنوری ناحیەی كانی ماسی چۆڵكراون و ژمارەیەكی زۆریش لەدانیشتوانی گوندەكان بۆ ئیش و كارو بەرهەمی باخداری و هەنگەوانی بەڕۆژ دەچنەوە بۆ گوندەكانیان و بەشەو چۆڵی دەكەن.

ئاماژەی بەوەشكرد، شەڕو تۆپبارانی فرۆكەكانی دەوڵەتی توركیا لەسنوری کانی ماسی بەردەوامەو رۆژانەش کێڵگە و رەزو باخێکی زۆری جووتیاران دەسوتێت و بەشێكی زۆریشی بەهۆی ئاونەدانیان لەلایەن خاوەنەكانیانەوە وشك دەبێت و زیانیان پێدەگات و لەگەڵ ئەوانەشدا ژمارەیەكی زۆریش لەگوندەكانی دیكە مەترسیی چۆڵبونیان لەسەرە.

لە رۆژی 23/4/2021 سوپای تورکیا بەبیانوی شەڕ دژی هێزەكانی پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) دەستی بە هێرشکردن بۆ سەر ناوچەکانی مەتینا، ئاڤاشین و زاپ کرد لەناو خاكی هەرێمی كوردستان و تائێستاش هێرشەكان بەردەوامەو جگە لەداگیركردنی خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن توركیاوە هێرشەكان زیانی گەورەی بەسروشت و ژینگەی كوردستان گەیاندووە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا