پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی پەرلەمانی كوردستاندا یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لەسنووری شارەوانییەكان زیادەڕۆییان لەسەر كراوە هەمواركرایەوە و پەرلەمانتارێكیش دەڵێت، هۆكاری هەمواركردنەوەكە بۆئەوەبوو هاووڵاتیان سودمەندببن لە تۆماركردنی خانووە زیادەڕۆكانیان.
رزگار عیسا سوار ئەندامی پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ئێمە لە ساڵی 2019 ئەو یاسایەمان پەسەندكرد، هۆكاری هەموارەكەی ئەوەیە ئەو نرخەی بۆ تۆماركردنی خانووەزیادەڕۆكان دیاری كرابوو، لە نێوان ناحیە و قەزا و پارێزگاكان هیچ جیاوازییەك نەبوو، بەڵام ئەمجارەیان زۆر بە باشی لە سودی هاووڵاتیانە.
ئەو پەرلەمانتارە وتی: ئەو هاووڵاتیانەی سودمەند دەبن لە هەمواری ئەم یاسایە ئەوانەن كە لە ناو نەخشەی شارەوانیدا خانووی زیادەڕۆیان دروستكردووە خانووەكانیان بۆ تۆماردەكرێت ئەو زەویانەشی لەلایەن شارەوانییەوە جیاكراونەتەوە و هاووڵاتیان زیادەڕۆییان كردووەتە سەریان ئەو زەویانەش تۆماردەكرێن.
روونیشیكردەوە، ئەو زەویانەی كەوتوونەتە نەخشەی شوێنی بازرگانی و ئەو زەویانەی لە نێوان خانوودان تۆمارناكرێن.
لە هەمواری یاسا نوێییەكەدا تۆماركردنی زەوییەكان بە ڕێژەی لە 5% ی نرخی حەقیقی ئەو زەوییەی خانووەكەی لەسەر دروستكراوە لەسەر هاوڵاتیان تۆماردەكرێت و نرخەكەش بەپێی شوێن و گەڕەكەكان جیاواز دەبن.