وەزارەتی پەروەردە گۆڕانکاری لە کاتی تاقیکردنەوەکانی 12 ی ئامادەیی دەکات

پۆڵەتیك پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەيەندراوێکدا بڵاویكردەوە، خولی یەکەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی قۆناغی 12ی ئامادەیی کە بەپێی خشتەی پێشوتر لە کاتژمێر 08:30 خولەک دەستی پێدەکرد، کاتەکەی گۆڕاوە و لە کاتژمێر 07:30 خولەک دەستپێدەکات.

بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی پەروەردە کە ئەمڕۆ دووشەممە 5ی حوزەیران بڵاویکردووەتەوە، ئاماژە بەوەدراوە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە کە رۆژی پێنجشەممە 24-6-2021 بەڕێوە چووە بڕیاردراوە كاتی تاقیكردنەوەكان گۆڕانكاریان بەسەردا بێت.

هاوكات لەڕاگەیەندراوەكەی وەزارەتی پەروەردەدا، بڕیاردراوە تاقیکردنەوەی خولی دووەمی پۆلە ناکۆتاکان لە سەرجەم قوتابخانەکان بە حکومی و ناحکومییەوە کە سەر بە وەزارەتی پەروەردەن، لە رێکەوتی 21-8-2021 دەستپێدەکات و لە رێکەوتی 30-8-2021 کۆتاییدێت.

بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، خولی دووەمی تاقیکردنەوە گشتییەکانی 12ی ئامادەیی بە هەموو بەشەکانییەوە لە 6-9-2021 ئەنجامدەدرێت، بۆ ئەوەش خشتەی تایبەت بڵاودەکرێتەوە.

لەراگەیەندراوەكەی وەزارەتی پەروەردەدا ئەوەش هاتووە ، بەڕێوەبەر و یاریدەدەری گشت هۆڵەکان جێگۆڕکێیان پێبکرێت لەنێوان هۆڵەکانی سنووری پەروەردەی قەزاکان بەمشێوەیە:

– بابەتی یەکەم و دووەم بەڕێوەبەر و یاریدەدەرەکەی ناگۆڕدرێن
– بابەتی سێیەم تەنیا بەڕێوەبەر دەگۆڕدرێت
– بابەتی چوارەم یاریدەدەر دەگۆڕدرێت
– بابەتی پێنجەم بەڕێوەبەر دەگۆڕدرێت
– بابەتی شەشەم یاریدەدەر دەگۆڕدرێت
– بابەتی حەوتەم و هەشتەم بە هەمان ستافی بابەتی شەشەم بەردەوام دەبن.

ئەمڕۆ دووشەممە 5 ی تەمموز، نووسراوێکی وەزارەتی پەروەردە كە واژۆی ئالان حەمەسەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانی لەسەر بوو بڵاوکرایەوە تێیدا ئاماژە بەوەدرابوو، کاتی تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی بەهۆی جەژنی قوربانەوە بۆ 1-08-2021 دواخراوە، بەڵام وتەبێژی وەزارەتی پەروەردەی هەرێمی کوردستان راگەیاندووە، ئەو نووسراوەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراوەتەوە ساختەیە و راست نییە.

بڕیارە تاقیکردنەوەکانی پۆلی 12ی ئامادەیی لە رۆژی یەکشەممە 25-07-2021 دەستپێدەکات و رۆژی چوارشەممە 18-8-2021 کۆتایی دێت.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک