پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
سەرۆكی لیژنهی شارهوانی وگواستنەوەو گەیاندن و گەشت و گوزار رایگەیاند، لەدانیشتنی سبەینێی پەرلەمانی كوردستان كێشەی ئەو زەوییانەی لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان تێداكراوە یەكلایی دەكاتەوە و دەنگ لەسەر یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییەكان دەدرێت.
لوقمان وەردی، سەرۆكی لیژنهی شارهوانی وگواستنەوەو گەیاندن و گەشت و گوزار لە پەرلەمانی كوردستان بەپۆڵەتیك پرێسی رایگەیاند، ڕاپۆرتی کۆتایی لەسەر ھەمواری یەکەمی یاسای ژمارە 3ی ساڵی 2019، یاسای بەخاوەنكردنی ئەو زەوییانەی كە لەسنووری شارەوانییەكان زێدەڕۆییان لەسەر كراوە لەهەرێمی كوردستان ئامادەیە و گۆڕانكاری لە نرخی تاپۆكردنەكەشدا كراوە و یاساكە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیانی كەمدەرامەت هەموواركراوەتەوە.
راشیگەیاند، لەیاسا كۆنەكەدا نرخی مەترێك لەو زەوییانەی زێدەڕۆییان كراوەتەوە سەر لەناو سەنتەری پارێزگاكان لەنێوان(15 بۆ 30) هەزاردینار دیاری كرابوو لەدەرەوەی شارەكان و لەسنوری قەزاو ناحییەكان نرخی مەترێك لەنێوان(10 بۆ 15) هەزاردیناردا دیاری كرابوو بەبێ ئەوەی رەچاوی گرنگی شوێنی زەوییەكە بكرێت.
وتیشی، یاساكۆنەكە ناعەدالەتی زۆری تێدابوو بۆ هاوڵاتیان بەڵام لە هەموواری یاسا نوێییەكەدا تاپۆكردنی زەوییەكان بەڕێژەی لە 5% ی نرخی حەقیقی ئەو زەوییەی خانووەكەی لەسەر دروستكراوە لەسەر هاوڵاتیان تاپۆدەكرێت و نرخەكەش بەپێی شوێن و گەڕەكەكان جیاواز دەبن.
ئاماژەی بەوەشكرد، نرخی ئەو زەوییانەی زێدەڕۆییان كراوەتەوە سەروو خانوویان لەسەر دروستكراوە لەلایەن نوێنەری دادی و لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە یەكلایی دەكرێتەوە.