زەنگی مەترسیدار لە کەرتی وزەی عێراق لێدرا

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

رۆژی یەکشەممە ئیحسان عەبدولجەبار وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، کۆمپانیاکانی بریتیش پێترۆلیەم و لوک ئۆیڵ دەیانەوێت بەهۆی ئەو ژینگەی وەبەرهێنانەی لەئێستادا هەیە، لەپڕۆژەکانی بواری وزە لەعێراق بێنە دەرەوە.

لەمبارەیەوە حەمزە جەواهیری، شارەزای بواری نەوت رایگەیاند، “وەبەرهێنان لەچوارچێوەی مۆڵەتە نەوتییەکاندا سودی نییە بۆ کۆمپانیا جیهانییەکان، چونکە ئەو قازانجەی بەدەستی دەهێنن زۆر کەمترە بەبەراورد بەو خزمەتەی پێشکەشی دەکەن”.

بەپێی قسەی حەمزە جەواهیری، هەڵمەتەکانی دژ بەپێدانی مۆڵەت لەلایەن بەشێک لەسیاسییەکانەوە ورتە ورتی میدیاییە و دەیانەوێت لەمڕێگەیەوە وەزارەتی نەوت ناشرین بکەن.

وتیشی: ئەو کۆمپانیا جیهانییانەی لەکێڵگە نەوتییەکاندا کاردەکەن، قازانجی زۆر بەدەستناهێنن، بەنمونە، ئەوان بەتێکڕا دۆلارێک و هەشت سەنت بۆ هەر بەرمیلە نەوتێک بەدەستدەهێنن کە دەردەهێنرێت، ئەو کۆمپانیا جیهانییانەش بەوە قایل نین و داهاتی زیاتریان دەوێت.

ئەو کۆمپانیایانە تێچووی بەرهەمهێنان و گەشەپێدان و بەشێک لەتێچووەکانی دیکەیان لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنا

ئەوەشی خستەڕوو، ئەو کۆمپانیایانە تێچووی بەرهەمهێنان و گەشەپێدان و بەشێک لەتێچووەکانی دیکەیان لەبەرژەوەندی خۆیان بەکاردەهێنا، بەڵام ئێستا کە رێکخستنەوە کراوە ناتوانن وەکو پێشووتر ئەو یارییە بکەن و سود لەو داهاتە وەرناگرن کە بەدەستی دەهێنن.

لەدرێژەی قسەکانیدا حەمزە جەواهیری ئاماژەی بەوەکرد، گرێبەستی مۆڵەتەکان بۆ عێراق بەشێوەیەک پۆلێن کراوە، %90ی بۆ عێراقە و %10ی بۆ کۆمپانیاکانە.

وتیشی: چوونەدەرەوەی ئەو کۆمپانیایانە لەبەرژەوەندی عێراقە، لەبەرئەوەی ئێستا چەندین کادرمان هەیە کە لەتوانایاندایە جێی کادرە بیانییەکان بگرنەوە بەتایبەت کە لەئێستادا تەکنەلۆژیا و راهێنانمان هەیە و لەدۆخێکی زۆر باشداین.

لایخۆیەوە محەمەد ساڵح جەواد، مامۆستای ئەندازیاری نەوت لەزانکۆی بەغدا رایگەیاند، دۆخی وەبەرهێنان پشت دەبەستێت بەچەند لایەنێک لەوانە، سەقامگیری ئەمنی و یاسایی و بوونی زەمینەی ئابوری و بانکیی، کە لەئێستادا زۆربەیان بەردەست نین.

بەپێی قسەی محەمەد ساڵح جەواد، کۆمپانیا بیانییەکان دەیانەوێت بەرهەمهێنانیان بگەیەننە لوتکە، بەڵام عێراق نایەوێت ئەم ئامانجە بەدیبێت و بەمەش کۆمپانیا بیانییەکان ناگەنە ئەو وەبەرهێنانەی ئاواتی بۆ دەخوازن.

کۆمپانیا نیشتیمانییەکان دەتوانن شوێنی کۆمپانیا جیهانییەکان بگرنەوە لەبەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییە گەورەکانی عێراق

جەختی لەوەشکردەوە، کۆمپانیا نیشتیمانییەکان دەتوانن شوێنی کۆمپانیا جیهانییەکان بگرنەوە و لەئێستادا توانا و تەکنەلۆژیای پێویستیان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتییە گەورەکانی عێراق، نمونەش بۆ ئەم قسەیە ئەوەیە کە لەکێڵگەی نەوتی مەجنون روویدا لەدوای ئەوەی کۆمپانیای شێل کێڵگە نەوتییەکەی جێهێشت.

کۆمپانیای بریتیش پێترۆلیەم بەڵێندەری سەرەکییە لەکێڵگەی نەوتی رمەیلە، بەجۆرێک خاوەنی %38ی پشکەکانی ئەو کێڵگە نەوتییەیە، لەگەڵ ئەودا CNPC خاوەنی %37ی پشکەکانە، ئەو پشکەش کە دەمێنێتەوە، خاوەندارێتییەکەی دەگەڕێتەوە بۆ کۆمپانیای نەوتی بەسڕە و دامەزراوەی گشتی بەبازاڕکردنی نەوت لەعێراق.

کێڵگەی نەوتی رمەیلەی باشور بە گەورەترین کێڵگەی نەوتی عێراق دادەنرێت و رۆژانە نزیکەی 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنێت، ئەوەش لەکاتێکدایە کۆی گشتی بەرهەمهێنانی نەوت لەڕۆژێکدا لەعێراق بە پێنج ملیۆن بەرمیل نەوت مەزەندە دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، کۆمپانیای لوک ئۆیڵ خاوەنی %75ی پشکەکانی کێڵگەی “رۆژئاوای قەرەنە-2″ە کە دەکەوێتە باشوری عێراق، ئەو پشکەشی دەمێنێتەوە لەلایەن کۆمپانیای نەوتی باشور کە سەربە دەوڵەتی عێراقە، خاوەندارێتی دەکرێت.

کۆمپانیا گەورە جیهانییەکانی نەوت، لەبەشێک لەگەورەترین کێڵگە نەوتییەکانی عێراقدا کاردەکەن، لەبەرانبەردا بۆ هەر بەرمیلێک نەوت کە بەرهەمدێت بڕێک باج وەردەگرن.

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک