وەڵامی وەرزشكارانی زۆنی سەوز بۆ زۆنی زەرد

پۆڵەتیك: سپۆڕت
ئەمڕۆ لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی یانەی وەرزشی پێشمەرگە نوێنەری چەند یانەیەكی دەڤەری سەوز لەگەڵ پێنج ئەندامەكەی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان لە سەر پشكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان كۆبوونەوەیەكیان ساز كرد بە مەبەستی كاردانەوە بۆ كاردانەوەی كۆبوونەوەی دوێنێی سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان كە لە شاری هەولێر لەگەڵ نوێنەری زۆرترین یانەكانی زۆنی زەرد + یانەیەكی نیللی زۆنی سەوز.

لە كۆبوونەوەكەی ئەمڕۆدا نوێنەری یانەكان و ئەندامانی یەكێتی تۆپی پێ لە سەر پشكی یەكێتی نیشتمانی بەیاننامەیەكیان بڵاو كردەوە لە پاش كۆبوونەوەكەی سەر لە بەیانی ئەمڕۆ هەروەك دەقی ئەو بڕیارەشیان بڵاو كردەوە كە وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بە مەبەستی هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكەی دوێنێ‌ خۆی دەری كردووە گوایە ئەوەی دوێنێی هەڵە بووە ئەمەیان ڕاستە كە ئەمڕۆ بڵاو كرایەوە.

هادی كەریم جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێ‌ و هاوڕێكانی لە یەكێتی تۆپی پێ‌ لە سەر پشكی یەكێتی نیشتمانی تەواوی ئەوەی دوێنێ‌ ڕوویدا بە نایاسایی هەژمار دەكەن و سورن لە سەر بڕیارەكەی خۆیان كە لە 25/ 7 دەریان كردووە بە زۆرینەی دەنگ یانەی نەورۆزی شاری سلێمانییان كردە پاڵەوانی خولی نایاب و بڕیارەكەی دوێنیان ڕەت كردەوە كە تەواوی خولەكە هەڵوەشێندرایەوە.

لە بەشێكی تری بڵاو كراوەكەیاندا ئەندامانی زۆنی سەوز ڕەخنەی ئەوە ئاراستەی هاوڕێیانیان لە زۆنی زەرد دەگرن گوایە بە بێ‌ ڕەزامەندی ئەوان و زۆرینەی دەنگەكان نووسراویان ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان كردووە بە تایبەت بۆ بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەرزش و وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان و چەچند لایەنێكی تر كە ئەوان خۆیان بە غەدر لێكراو دەزانن، چونكە بە بێ‌ ڕەزامەندی ئەمان كراوە هەر بۆیە لە خاڵێكی تردا ئاماژەیان بۆ ئەوە كردووە كە دەبوو تەواوی نووسراوەكانی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان ئاراستەی لیژنەی ئۆڵۆمپی بكرایە نەك لایەنی تر.

لە كۆتاییدا ئەندامانی زۆنی سەوز تەواوی نووسراوەكەی دوێنێ‌ و بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی خولی نایاب بە نایاسایی ناوزەند دەكەن بەو پێیەی هەموو شتێك لە كوردستان بە هاوبەشی واتا (توافق) لە نێوان هەردوو حیزبی یەكێتی و پارتی دا دابەش كراوە هەر بۆیە دەنگی سەرۆكی فیدراسیۆنی تۆپی پێش بە یەك دەنگ هەژمار دەكەن نەك بە 2 دەنگ و داوا دەكەن كە هەموو لایەك بە وردی تەماشای دۆخەكە بكەن، چونكە ئەمان لەگەڵ دوو بەرەكی و دوو كەرت بوونی سێكتەری وەرزش نین لە كوردستاندا و چی دی نە بەیاننامەیەكی تر پاش ئەم بەیاننامەیە نە كۆبوونەوەی تر لەو بارەیەوە ساز ناكەن و تەواوی ئەو خراپ بوونی دۆخی وەرزشەش لە كوردستان دەخەنە ئەستۆی ئەو لایەنەی كە پابەندی یاسا نابێت.

لە كۆتاییی بەیاننامەكەشدا هەر پێنج ئەندامەكە ناوی خویان نووسیوە كە ئەوانیش هەریەك لە:
1/ هادی كەریم – جێگری سەرۆكی یەكێتی تۆپی پێی كوردستان
2/ عەدنان عەبدولڕەحمان – ئەمینداری دارایی
3/ تەڵعەت سەعدوڵا – ئەندام
4/ لەتیف ئەمین – ئەندام
5/ كرێكار زرار – ئەندام

 

فۆتۆ: ئۆمێد ئیبراهیم

دانەر ئەسڵان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا