هەڵەدنی بۆ ئەوقاف: من مۆڵەتم لە خوا وەرگرت بۆ وتاردان

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

لەسەر روونكردنەوەكەی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی چەمچەماڵ دەربارەی ئەنجامدانی نوێژی هەینی لەلایەن پەرلەمانتار ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەو پەرلەمانتارە دەڵێت، من مۆڵەتی خوا و خەڵكم وەرگرتووە كاتێك بەو كارەوە هەستاوم.

بەڕێوەبەرایەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی چەمچەماڵ لە روونكردنەوەیەكدا رایگەیاند: وتاردانی ئەبوبەكر هەڵەدنی لە نوێژی هەینی لە گوندی جەلەمۆرد سەرپێچی كردنی یاسا بووە، لە بەرامبەردا ئەبوبەكر هەڵەدنی وەڵامی بەڕێوەبەرایەتی ئەوقافی چەمچەماڵی دایەوە و رایگەیاند: من مۆڵەتم لە خوای گەورە وەرگرتووە چونكە نوێژی هەینی واجبە لەسەر موسڵمانان، وە مۆڵەتم لە خەڵكی بەشەرەفی گوندی‌ جەلەمۆرد وەرگرتووە كە بە رەزامەندی ئەوان نوێژی هەینیم ئەنجامداوە واتا مۆڵەتی خوا و خەڵكم وەرگرتووە كاتێك بەو كارەوە هەستاوم.

دەقی روونكردنەوەكە:

یەكەم من مۆڵەتم لە خوای گەورە وەرگرتووە چونكە نوێژی هەینی واجبە لەسەر موسڵمانان بۆیە فەرمایشتێكی خوای گەورەم جێبەجێ كردووە كە ئەمر بە چاكەیە.

دووەم مۆڵەتم لە خەڵكی بەشەرەفی گوندی‌ جەلەمۆرد وەرگرتووە كە بە رەزامەندی ئەوان نوێژی هەینیم ئەنجامداوە واتا مۆڵەتی خوا و خەڵكم وەرگرتووە كاتێك بەو كارەوە هەستاوم.

بۆیە ئەم روونكردنەوەی بەرێوەبەرایەتەیەكەتان چەند خالێكمان پێدەڵێت:

1. یەكەم دەركەوت كە ئەوقافی چەمچەماڵ تا چەند لە خزمەتی دینی خەڵكدایە.

2. ئەوەندە بە تەنگە نەفەسی نوسراوەكەتان نوسیوە دەڵێن كەسێك كە ئەندامی پەرلەمانی كوردستانە بەناوی ئەبوبەكر هەڵەدنی ئەوەندە بە ئێرەیی و چاوتەنگی و تەنگە ‌نەفەسی حزبی نوسراوە لە كاتێكدا سوپاس بۆ خوا بەشێكی زۆری خەڵكی پەرلەمانی كوردستان كە هەشت ساڵە ئێمە ئەندامی پەرلەمانی كوردستانین دەماناسن.

3. ئێوە دەڵێن ئەو گوندە 10 ماڵە وەك بەكەم‌ سەیركردنێك، بەڵام ئەو گوندە بۆیە 10 ماڵن چونكە زیاتر لە 400 ئەنفالیان هەیە كە لە پێناوی خەبات و شۆرش و كوردایەتیا ژن و ماڵ و كور و كچ و پیر و گەنجی ئەو ئەو گوندە سەربەرزە ئەنفال كراون خۆ ئەگەر نەبوونایە بە قوربانی كوردایەتی و ئەنفال نەكرابوونایە ئێستا دەیان مندال لەو گوندە سەربەرزە دەبوون.

4. خاڵێكی دیكە كە ئێوە كە دەڵێن گوندێكی دوورە دەستە، من دەڵێم‌ دورە دەست بێت یان دوورە دەست نەبێت ئەوە ئەركی ئێوەی ئەوقافە مامۆستا و وتاربێژ بۆ ئەو گوندەدا دابین بكات.

ئەوەی كە پەیوەندی بە ئەوقافیشەوە هەیە ئەوقافی چەمچەماڵ با بڕوات خەمی دەیان كێشە و قەیران بخوات كە لە سنورەكە و كوردستاندا هەیە هەر لە بڵاوبوونەوەی تلیاك و ماددەی هۆشبەر و سەرهەڵگرتنی گەنجان هەڵوەشاندنەوەی خێزان و قاچاخچیەتی نەوت و دزینی سامانی گشتی و دەیان قەیران كە بەرۆكی میلەتەكەمانی گرتووە لە جیاتی ئەوەی كە ئەوقافی چەمچەماڵ بڕوات قسە لەسەر ئەو خەمە گشتیانە بكات هاتووە ئەنجامدانی وتارێكی هەینی بۆ یەك هەینی ساڵ كردووە بە كێشە لە كاتێكدا من نە كاندیدم بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق نە بۆ هیچ پرۆسەیەكی تری هەلبژاردن.

لە كۆتاییدا بە ئەوقافی چەمچەماڵ دەڵێم بە شانازییەوە بەندە نوێژی هەینیم ئەنجامداوە لە 30 ساڵی رابردووشدا هەر كاتێك خەڵك داوای كردبێت لە سەیرانێكدا یان لە مزگەوتێكدا كە مامۆستای مزگەوت نەخۆشبووە بە شانازییەوە لەسەر خواستی مامۆستاكان و خەڵكی گەڕەكەكان نوێژی هەینیم بۆ ئەنجامداون لە داهاتووشدا ئەنجامی دەدەم هەر كاتێك داوام لێبكرێت لە لایەن خەلكەوە چونكە بە واجبێكی ئایینی دەزانم و ئەوە بەشێكە لە قەناعەت و پەروەردەمان كە چۆن لەسەر كوردایەتی و نیشتیمان پەروەری پەروەردەكراوین ئاواش لەسەر ئاین پەروەری پەروەدەكراوین لای ئێمە نیشتیمان پەروەری و ئایین پەروەری دوو ڕووی یەك دراون و یەكتری تەواو دەكەن.

ئەبوبەكر هەڵەدنی
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا