رێككەوتنی هەولێرو بەغدا دەبرێتە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی

پۆڵەتیك پرێس:
جینین هینس بلاسخارت نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەعێراق پرسی رێككەوتنی هەولێرو بەغدای بردە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی‌و داوای لەهەردوولا كرد لەسەر گفتوگۆكان بەردەوام بن.

جینین هینس بلاسخارت رۆژی چوار شەممە 26ی ئاب بەشداری كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كردو كورتەیەكی لەسەر دۆخی عێراق خستەڕوو، كە لەبەشێك لەقسەكانی هانی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵیدا بۆ بەردەوام بوون لە گفتوگۆكان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، كە 15 ساڵە درێژەی هەیە.

نوێنەری سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لەكۆبوونەوەكە باسی لەوەش كرد، ئێستا گفتوگۆی بونیادنەر لەنێوان هەولێرو بەغدا هەیە بۆ چارەسەری كێشەكان‌و هەر ئەوەش رێگەی گونجاوە.

هەروەها داوای كرد، كێشەی موچەخۆران لە هەرێمی كوردستان چارەسەر بكرێت و وتی: دوای 15 ساڵ كێشەكانی نێوان هەردوولا بە چارەسەرنەكراوی ماونەتەوەو ئێستا كاتییەتی كۆتایی پێبهێنرێت.

جینین هینس بلاسخارت باسی لەگەندەڵی لەعێراقیش كردو وتی: گەندەڵی هێشتا لە عێراقدا بەربڵاوە و تێكچوونی دۆخی ئابوورییەكەی شیناكرێتەوە، چونكە بەردەوام سەرچاوەی زۆر پێویست لەخەڵكی ئاسایی عێراق دەدزێت‌و رۆژ بەرۆژ ئابوورییەكەی بەرەو خراپی زیاتر دەچێت.

ئەو داواشی كرد، لەشەش مانگی ساڵی داهاتوودا هەڵبژاردنی ئازاد و دادپەروەرانە ئەنجام بدرێت و وتی: پێویستە كارەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان بەهێز بكرێت و لە فشاری بەردەوامی سیاسی ئازاد بكرێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، ئەمە تەنیا لە ئەستۆی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و حكومەت نییە، بەڵكو ئەركی هەموو ئەكتەر و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لەهەڵبژاردنەكانە.

جەختی لەوەش كردەوە، كە پێویستە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لەبەرانبەر ئاڵنگاری هەڵبژاردندا، ڕێكاری كرداریی بگرێتەبەر و متمانەی گشتی بەبێلایەنی و تواناكانی دروست بكات، ئەویش لە ڕێگەی، دروستكردنی تۆمارێكی گشتگیری هەڵبژاردن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا