مردنی خامنەیی دەبێتەهۆی کۆتاییهێنان بە ڕژێمی مەلالی؟

پۆڵەتیک پرێس

لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

پێشبینی گۆڕانکاری گەورە لەئێراندا دەکرێت بەتایبەتی کە لەئێستادا ئێرانییەکان لەمشتومڕی ئەوەدان، چی روودەدات کاتێک عەلی خامنەیی، رابەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆچی دوایی دەکات، ئەو پیاوە 82 ساڵەی ماوەی سێ دەیەیە خاوەنی قسەی باڵای ئەو وڵاتە بووە و هەر ئەمەشە چاودێرانی هانداوە پێشبینی چەندین سیناریۆ بکەن، لەنیویشیاندا کۆتاییهاتنی کۆماری ئیسلامی ئێران.

بە بڕوای چاودێران، لەئێستادا کۆماری ئیسلامی ئێران کە تەمەنی 42 ساڵە، رووبەڕووی تاقیکردنەوەیەکی گەورە دەبێتەوە کە مان و نەمانی دیاری دەکات.

لەلایەکی دیکەوە گرنگی هەڵبژاردنی ئیبراهیم رەئیسی، وەک سەرۆکی نوێی کۆماری ئیسلامی ئێران، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، ئەمە هەنگاوێکی دیکەی هەوڵەکانی خامنەیی یە بۆ پاراستنی ئەو کەشەی بەهۆی شۆڕشی ئیسلامییەوە لەئێران هاتووەتە ئاراوە.

هەرچۆنێک بێت، خامنەیی بوونی هەبوو کاتێک خومەینی رابەری پێشووی شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆچی دوایی کرد و بەزوویی خۆی گەیاندە پلە و پایەکەی.

بەڵام وادەردەکەوێت خەلافەتی ئەم جارە بەو ئاسانییە بەڕێوەنەچێت، لەمبارەیەوە مایکڵ رۆبن، توێژەر لەپەیمانگای ئەمریکان ئینتەرپرایز پێیوایە، ئەرکی خامنەیی قورسە چونکە بەبەراورد بە خومەینی لاوازە و ئەو کەسایەتییە بەهێز و لێهاتووییە ئاینییەی نییە کە خومەینی هەیبوو.

ئەرکی خامنەیی قورسە چونکە بەبەراورد بە خومەینی لاوازە و ئەو کەسایەتییە بەهێز و لێهاتووییە ئاینییەی نییە کە خومەینی هەیبوو

خومەینی لەساڵی 1989، ماوەیەکی کەم بەر لەوەی کۆچی دوایی بکات رایگەیاند، پێویستە خامنەیی وەک رابەری باڵا شوێنی ئەو بگرێتەوە.

لەراپۆرتێکی گۆڤاری ناشنال ئینترێستی ئەمریکی، مایکڵ رۆبن باس لەوەدەکات، تەنانەت ئەوانەی لەڕووی سیاسییەوە رقیان لە خومەینی بوو، رێزیان لەدۆخی ئایینی و گرنگی شۆڕشگێڕانەی دەگرت، بەڵام بەو رادەیە گرنگیان بە خامنەیی نەداوە.

کۆماری ئیسلامی بەدەست ناکۆکی ناو هێزە ناوخۆییەکانەوە دەناڵێنێت، زۆربەی بەرپرسە گەورەکانی ئێران خامنەیی بەلاوازی دەبینن و گوێ بەقسەکانی نادەن.

بەپێی قسەی مایکڵ رۆبن، خامنەیی ویستی گەورەتری هەبوو، بەنمونە لەساڵی 1994 هەوڵیدا لەسەر هەمان رەوتی ئایینی خومەینی بڕوات، بەڵام رووبەڕووی رەتکردنەوەیەکی بەرفراوانی ئێرانییەکان بووەوە و هەرگیز پێگەی خومەینی بەدەستنەهێنا.

لەدوای ئەمەوە خامنەیی زیاتر لەوەی پشت ببەستێت بەوەی لەڕووی ئایدۆلۆژیاوە بڕوا بە گەلەکەی بهێنێت، پشتی بە توندوتیژی و هێز بەست، ئەمەش بەو واتەیە دێت لەدوای مردنی خامنەیی، هەژموونەکەی دەبێتە هەڵم و پێویست ناکات چیتر کەس لێی بترسێت.

ئەگەرێکی بەهێزە ئێرانییەکان لەحاڵەتی مردنی خامنەییدا، ئەو بۆشاییەی لەئێران دروست دەبێت بقۆزنەوە، لەپێناو داواکردنی کۆتاییهێنان بە کۆماری ئیسلامی ئەو وڵاتە.

یەکێک لەسیناریۆکانی دوای کۆچی دوایی خامنەیی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیە لەئێران

چاودێران زیاتر لەسیناریۆیەک بۆ ئێرانی دوای خامنەیی دەخەنەڕوو، یەکێک لەوانە، ئەو ئێرانییانەی لەدەرەوەی وڵاتەکەی خۆیاندا دەژین زۆر چاوەڕێ ناکەن و دەگەڕێنەوە، بەتایبەتی ئەگەر بزانن ئێران دەبێتە دەوڵەتێکی دیموکراسی و بوژاوە و هاوسۆز بۆ رۆژئاوا.

یەکێک لەسیناریۆکانی دوای کۆچی دوایی خامنەیی هەڵگیرسانی شەڕی ناوخۆیە لەئێران، لەکاتێکدا زۆرێک لەتوێژەران وا ئێران دەبینن، سەرباری هەمەجۆرییە نەژادییەکەی، هەموو گەلەکەی پەیوەستن بەیەکەوە، چونکە شوناسیان وەک قەوارە، پێش سەرهەڵدانی دەوڵەتی نەتەوەپەرستی ئێران دەکەوێت.

بەپێی قسەی بریندا شاڤر، مامۆستا و توێژەری ئەمریکی، بەو هۆکارە رەنگە دوای کۆچی خامنەیی، ئێران رووبەڕووی بەرهەڵستی مەترسیداری یەکڕیزی ببێتەوە.

لەهەمان کاتدا، سەرباری ئەوەی هێشتا لەئێراندا ژمارەیەکی زۆر هاوسۆزی محەمەد رەزا شا بوونیان ماوە کە رێزی لێدەگرن، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا گەڕانەوەی سیستمی پاشایەتی بۆ ئێران بابەتێکی پێشبینی نەکراوە.

لەکۆتایی راپۆرتەکەدا مایکڵ رۆبن دەڵێت: پێویستە ئامانجی هەر ئیدارەیەکی ئەمریکا ئەوەبێت هیچ کارێک نەکات کە بچێتە خزمەتی سیستمی شۆڕشی ئیسلامییەوە، لەگەڵ ئەوەشدا گرنگە بەشێوەیەکی واقعیانە مامەڵە لەگەڵ هەر گۆڕانکارییەکی ئێراندا بکرێت، لەکۆتاییدا ئێرانییەکان دیموکراسیەتی خۆیان دەبەنەوە، بەڵام ماوەی ئەم گۆڕانکارییە رەنگە درێژخایەن بێت.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا