هەرێم لەبەرانبەر سوتەمەنی كارەبا دەداتە عێراق

پۆلەتیك پرێس:
هەرێمی كوردستان بڕی ٥٠٠ مێگاوات كارەبا بە عێراق دەفرۆشێت لەبەرانبەردا هیچ بڕە پارەیەك وەرناگرێت و حكومەتی بەغدا تەنیا سوتەمەنی بۆ ئەو وێستگانە تەرخان دەكات لەكاركەوتوون.

ئومێد محەمەد، وتەبێژی وەزارەتی كارەبای هەرێم رایگەیاند، پێدانی بڕی ٥٠٠ مێگاوات كارەبا بە عێراق لەبەرانبەر ناردنی سووتەمەنییە بۆ ئەو وێستگانەی لەكاركەوتوون و هیچ پابەندییەكی دیكە لەسەر حكومەتی عێراق نییە.

ئومێد محەمەد لەلێدوانێكی بۆ “پۆڵەتیك پرێس” رایگەیاند، چەند وێستگەیەكی كارەبا لەهەرێم لەكاركەوتوون بەهۆی نەبوونی سوتەمەنییەوە، حكومەتی عێراق بۆ بەكارخستنەوەیان ئەو سوتەمەنییە دابین دەكات و لە بەرانبەردا ئەو ٥٠٠ مێگاوات كارەبایەی لەو وێستگانە بەرهەم دێت بۆ عیێراق دەنێردرێت.

ئاماژەی بەوەش كرد، مەرجی رێككەوتنەكە ئەوەیە دابینكردنی ئەو بڕە كارەبایە هیچ زیانێك لە بڕی كارەبای هەرێم نەدات و وێستگەكانی كارەباش لەو رێككەوتنە سود وەردەگرن.

ئەو وتانەی ئومێد محەمەد لە كاتێكدایە پێشتر وەزیری پیشەسازی و بازرگانی هەرێم رایگەیاند، لەمەودا هەرێمی كوردستان بڕی ٥٠٠ مێگاوات كارەبا بە حكومەتی عێراق دەفرۆشێت.

هەروەها كەمال محمەد وەزیری كارەبای حكومەتی هەرێم رایگەیاند، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو نزیكەی ٧ سەعات پێدانی كارەبا بەهاووڵاتییان زیاتر بووەو ئاشكراشیكرد، لە رۆژانی داهاتوودا (٥٠٠) مێگاوات كارەبا بۆ عێراق دەنێرین.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا