پرتەقاڵەکانی سەرۆک لە کۆتربازەوە بۆ شۆڕشگێڕ

نووسینی: سیامەند هادی

ڕۆمانی (پرتەقاڵەکانی سەرۆک)ی ڕۆماننووسی عێراقی (عەباس خزر) لەم ماوەیەدا لە زمانی ئەڵمانییەوە وەرگێڕدرایە سەر زمانی عەرەبی، چونکە ئەو نووسەرە بەرهەمەکانی بە ئەڵمانی دەنووسێت. ڕۆمانەکە لە پانزە بەش پێکهاتووە، بەشەکان دابەش کراون بەسەر گێڕانەوەی دوو ژیان و دوو کاتی جیاوازدا. بەشێک باسی زیندان دەکات و بەشی دواتر باسی دەرەوەی زیندان و تا کۆتایی بەو شێوەیە بەڕێوە دەچێت. کاتی ڕۆمانەکە لە سەرەتای هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەست پێ دەکات تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ی باشووری عێراق. لە گێڕانەوەی ڕووداوەکاندا بەپێی بەشەکان کرۆنۆلۆژیای دەقەکە بەشێوەیەکی تێکەڵ خراوەتەڕوو، لە شوێن و کاتێکی جیاوازەوە بۆ شوێن و کاتێکی تری جیاواز. ئەگەرچی لە سەرەتای هەموو بەشەکاندا ساڵی ڕووداوەکان دیاری کراون، بەڵام زنجیرەی کات و شوێنی ڕووداوەکان بەدوای یەکدا نین و تێکەڵ کراون. کاتێک بەشە هاوشێوەکان پێکەوە تەماشا بکەین، دەبینین کاتی ڕووداوەکان بەشێوەیەکی ئاسایی و بە زنجیرە دەچنە پێشەوە، بەڵام تێکەڵکردنی بەشە جیاوازەکان وا دەکات هەست بکەین کە کات و شوێنەکان تێکەڵن، بەڵام هەر بەشە و بەشێوەی جیاواز بەپێی کاتی تایبەتی خۆی زۆر ئاسایی دەچنە پێشەوە .

ئەم ڕۆمانە بەشێوەیەکی تایبەت باسی ژیانی (مەهدی) دەکات، کە باوکی ناوی (موحسین حسێن)ە و مامۆستای جوگرافیایە و دایکی ناوی (حەیات موزان)ە. باوکی مەهدی خەڵکی (ناسریە)یە و دایکی خەڵکی (حللە)یە. (موحسین)ی باوکی مەهدی لە ناسریە لەدایک بووە، بەڵام بەهۆی مامۆستاییەوە دەچێتە حللە. موحسین لەناو بازاڕ حەیات دەناسێت، ڕۆژێک دەچێتە بەردەمی و داوای خۆشەویستی لێ دەکات، ئەویش تفێک دەکاتە نێوچەوانی. پاش هەفتەیەک (موحسین خەڵک دەبات و داوای حەیات دەکات، ئەوانیش ڕازی دەبن- ل٣٣). مەهدی بەرهەمی ئەو شێوازەیە لە خۆشەویستی، کە تا سەر ئێسقان دژیەکە، تفێک بۆ داوای خۆشەویستی، بەڵام ڕازییە ببێت بە هاوسەری! مەهدی لە حللە لەدایک بووە و هەر لەوێش تا پۆلی شەشەمی ئامادەیی دەخوێنێت. باوکی لە شەڕی (عێراق- ئێران)دا دەکوژرێت، ئەویش بەهۆی ئەوەی کە شەوێک جگەرە دادەگیرسێنێت، فیشەکێکی قەناس بەر چاوی چەپی دەکەوێت و دەکوژرێت. بەهۆی شەهیدبوونیەوە، حکومەت پارچەیەک زەوی و هەزار دۆلار و سەیارەیەکی ڕینۆیان پێ دەبەخشێت. دایکی مەهدی زەوی و سەیارەکە دەفرۆشێت و شوقەیەک دەکڕێت و خوارەوەی شوقەکەش دەکات بە دوکانی سەوزە و ناوی دەنێت سەوزەواتی شەهید .

مەهدی لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا دایکی بە نەخۆشی شێرپەنجە دەمرێت، ئیتر بابل بەجێ دەهێڵێت و لە ناسریە دەچێتە ماڵی مامی. لەوێ لە قوتابخانە (عەلی) دەناسێت و لە گەڕەکیش دەبێتە هاوڕێی (سامی) کە لە خۆی گەورەترە و یەکێکە لە کۆتربازە ناسراوەکانی شارەکە. سامی پیاوێکی پێ دەناسێنێت کە پێشتر هاوڕێی باوکی مەهدی بووە، ئەویش ناوی (ڕەزاق)ە. ئەو پیاوە لە بنەچەدا هیندییە و باوکی لەگەڵ سوپای ئینگلیزدا دێتە عێراق و ئیتر ناگەڕێتەوە. (زۆربەی ئەو بنەماڵەیە دواتر بوون بە شیوعی، پاشان عێراقیان بەجێهێشت، بەڵام ڕەزاق لەبەر کچێکی پەرستار کە ناوی لەیلایە ناڕوات، دواتر هاوسەرگیری دەکەن و دوو مناڵیان دەبێت- ل١٠٦).

کاتێک لە ئامادەیی دەبن، لە قوتابخانەکەیاندا کوڕ و کچ تێکەڵن، کچێکیان لەگەڵ دەبێت ناوی (ڕۆزا)یە و خوشکی قوتابییەکی هاوڕێیانە کە ناوی (جاک)ە. ڕۆزا سێ ساڵ لەوان گەورەتر بووە، کچێکی جوان و سەرکێش بووە، قژی سوور و چاوی شین و گەورە بووە و لە ئەکتەرە جوانەکانی ئینگلیز چووە. مەهدی و جاک پێی دەڵێن: ڕۆزای مەمک ئاڵتوونی. ڕۆژێک دوور لە چاوی شار و خەڵک دەچن بۆ سەر ڕووبارەکە مەلە بکەن، ڕۆزا خۆی ڕووت دەکاتەوە و تەنها شۆرتێکی لەپێدا دەبێت کە مەلە دەکات، ئیتر مەهدی و جاک مەمکی ڕۆزا دەبینین لەبەر تیشکی خۆرەکەدا دەبریسکێتەوە و لە ئاڵتوون دەچێت، بۆیە ناوی دەنێن (ڕۆزای مەمک ئاڵتوونی- ل٥٦). مەهدی زۆر ڕۆزای خۆشدەوێت، بەڵام بۆ هەتاهەتایە ئەو خۆشەویستییە لە دڵیدا دەهێڵێتەوە. ماڵی جاک و ڕۆزا زۆر دەوڵەمەندن و بەردەوام سەردانی بەریتانیا دەکەن و زۆربەی شتەکانیان لەوێ دەکڕن. مەهدی زۆر دەچێت بۆ ماڵیان، چونکە هاوڕێی ڕۆزا و جاکە. ئەگەرچی ئەوان هیچ جیاوازییەک بەرامبەر ئەو هەژارییەی مەهدی دەرناخەن، بەڵام ڕەنگە ئەو سنوورەی مەهدی بۆ خۆشەویستییەکەی بەرامبەر ڕۆزا داینابێت، لەناخیدا بگەڕێتەوە بۆ ئەو جیاوازییە گەورەیەی لەنێوان ئەو دوو خێزانەدا هەیە .

وەک ئاماژەمان پێدا بەشەکانی ئەم ڕۆمانە دابەش کراون بۆ دوو شوێن و کاتی گێڕانەوە، زیندان و دەرەوەی زیندان. لە هەردوو بەشە جیاوازەکەشدا، باس لە ژیانی مەهدی دەکرێت. مەهدی کاری سیاسی ناکات و بەهیچ شێوەیەک ئاگاداری ڕێکخراوە نهێنییەکانی دژی دەسەڵات نییە. ئەو خوێندکارە و زۆر ئاسایی دەژی و چەند هاوڕێیەکی هەیە. مەهدی حەزی لە ڕاگرتن و بەخێوکردنی کۆترە و لە ڕێگەی هاوڕێیەکیەوە کە ناوی (سامی)یە، شارەزاییەکی زۆر لەسەر کۆتر پەیدا دەکات. سامی کۆتربازێکی زۆر بەناوبانگی شارە و لەگەڵ کەسێکی تردا کە لە هەمان گەڕەکدان و ناوی (کەریم)ە، لەسەر کۆتر و کێشە دەکەوێتە نێوانیانەوە و ئەو ناکۆکییە تا کۆتایی درێژە دەکێشێت. سامی دوای ئەوەی بەتەواوی متمانە بە مەهدی دەکات، کلیلی خانووەکەی دەداتێ و پێی دەڵێت دەتوانیت ئیتر لێرە بیت و نەچیتەوە بۆ ماڵی مامت، چونکە سامی وەک کوڕی خۆی تەماشای مەهدی دەکات. مەهدی کەسێکی سیاسی نییە و خاوەنی هیچ بیرکردنەوەیەکی سیاسی و شۆڕشگێڕی نییە، وەک کەسێکی ئاسایی دەژی و خوێندکارە و بەتەنها ئارەزووی ڕاگرتن و بەخێوکردنی کۆترە، واتا کۆتربازە. هەرچەندە ئەو ئارەزووەی لەناو خەڵکدا بەگشتی بە پیشەیەکی تاڕادەیەک ناشیرین تەماشا دەکرێت و ناوی پیشەکەش مانایەکی نێگەتیڤی وەرگرتووە، بەڵام ئەو وازی لێ ناهێنێت و هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سامی هاوڕێیەوە شارەزایی زیاتر لەسەر تایبەتمەندی کۆتر پەیدا بکات، هەربۆیە لەبەر شارەزاییەکەی لەسەر کۆتر لەناو خەڵکدا پێی دەڵێن (مەهدی کۆتر).

مەهدی لەگەڵ عەلی هاوڕێیدا، دوای کۆتا تاقیکردنەوەی شەشەمی ئامادەیی، پێکەوە وەک گەشت و پشوودان بە ئۆتۆمبێلێک کە عەلی لە هاوڕێیەکی وەردەگرێت، دەچن بۆ سەردانی شوێنەواری ئور لە ناسریە. لەوێ لەلایەن چەند کەسێکەوە دەستگیر دەکرێن و دەبرێن بۆ زیندان. ئەوکاتەی دەستگیر دەکرێن، مەهدی تەمەنی حەڤدە ساڵە، دایک و باوکی مردون و لای مامی دەژی. لە زیندان داوای لێ دەکەن ناوی سەرکردە و ئەندامانی ئەو ڕێکخراوە نهێنییەیان پێ بڵێت کە کاریان لەگەڵدا دەکات، بەڵام مەهدی نازانێت وەڵامی چییان بداتەوە، چونکە بە هیچ شێوەیەک ئەو پەیوەندی بە سیاسەتەوە نەبووە. بەهۆی ئەوەشەوە لە زیندان بە شێوازی جیاواز ئەشکەنجەی دەدەن، هەڵیدەواسن و کارەبای لێ دەدەن. کاتێک مەهدی دەستگیر دەکرێت، هەموو ئەوانەی کە دەیناسن وا دەزانن ئەویش وەک عەلی هاوڕێی کار بۆ ڕێکخراوێکی نهێنی دژ بە دەسەڵات دەکات، هەربۆیە بەو دەستگیرکردنە وێنەیەکی شۆڕشگێڕانە بۆ مەهدی دروست دەبێت، شوناسی ئەو لە کەسێکی کۆتربازەوە، دەبێت بە کەسێکی شۆڕشگێر! ئەوانەی دژ بە دەسەڵاتن، بۆیان گرنگ نییە مەهدی پەیوەندی بە ڕێکخراوێکی نهێنییەوە هەیە یان نا، بەڵکو گرنگ ئەوەیە لەلایەن دەسەڵاتەوە بە گومانی سیاسی دەستگیر کراوە، ئەوەش بەخشینی شوناسێکی شۆڕشگێڕانەیە بە هەر کەسێک کە بەهۆی ئەو گومانەوە دەستگیر بکرێت. مەهدی زۆر گرنگی بەو شوناسە دروستکراوە نادات، چونکە نایەوێت بەو وێنەیە فریو بخوات و دوای هەندێک دەستکەوتی دارایی بکەوێت. چوونی بۆ بارەگای حیزبەکانی دژ بە دەسەڵات لە کاتی ڕاپەڕینەکەی باشووردا، بێ بەرنامەیە و لەخۆیەوە ئەو کارانە دەکات و بێ ئاگایانە خۆی داوەتە دەست ئەو شەپۆلەی ڕووداوەکان بەڕێدەکات. ئەو کاتێک لە زیندان ئازاد دەکرێت، نازانێت چی دەگوزەرێت و ناتوانێت بەتەواوی لە شتەکان تێبگات، چونکە هێشتا شۆکی زیندان لەلای کاڵ نەبووەتەوە و قورسە بەخێرایی دۆخێکی نوێی زۆر جیاواز قبوڵ بکات .

مەهدی لەو ماوەیەی لە زینداندایە، چەند ڕووداوێک دەگێڕێتەوە، کە نموونەن بۆ هەموو ئەو شتانەی لە زیندان ڕووبەڕوویان بووەتەوە. یەکێک لەو بەسەرهاتانە، چیرۆکی پیاوێکە بەناوی (ئەبو سەلوان). کاتێک زۆر برسییان دەکەن و دەگاتە ئەوەی خەریکە لە برساندا بمرن، ئەفسەری لێکۆڵینەوە بانگی ئەبو سەلوان دەکات بۆ ئەوەی ناوی هاوڕێکانی بڵێت کە پێکەوە بەنهێنی لە ڕێکخراوێکی دژ بە بەعسدا کاردەکەن. کاتێک ئەبو سەلوان بەو برسییەتییە زۆرەوە دەچێتە بەردەمی، دەبینێت سینییەک کەباب و برژاو بە نانی گەرمەوە لەبەردەمی ئەفسەرەکەدا دانراوە. ئەفسەرەکە پێی دەڵێت ئەگەر ناوی هاوڕێکانت بڵێیت، ئەو خواردنە دەخەمە بەردەمت، بیخۆ و بڕۆرەوە بۆ ماڵەوە. سەرەتا ئەبو سەلوان هیچ قسەیەک ناکات و دەگەڕێتەوە بۆ ژووری زیندان، بەڵام وێنەی سینییە کەبابەکە بەشێوەیەک لە مێشکیدا دەچەسپێت، وای لێ دەکات هاوار بکات و بڵێت دەمەوێت ئەفسەری لێکۆڵینەوە ببینم، (ئیتر لەپێناوی خواردندا خیانەت لە سی هاوڕێی دەکات- ل٥٠). دواتر ئەبو سەلوان بەردەوام لەکاتی بانگدا دەگری و ئەو ڕووداوە وای لێ دەکات واز لە خواردن بهێنێت، تا ئەو ڕۆژەی جەستەی بەتەواوی سارد دەبێتەوە و دەمرێت .

هەر لەنێو زینداندا مەهدی دەبێتە هاوڕێی کوڕێکی کورد و باسی ژیانی ئەویش دەکات، کە ناوی (شروق فەرەیدون)ە و خەڵکی هەولێرە. باوکی شروق پێشمەرگەی شۆڕشی ئەیلول بووە و شروق لە شاخ فێری خوێندن بووە. دوای مردنی بارزانی لە ساڵی ١٩٧٩دا، باوکی شروق لەگەڵ چەند کەسێکی تردا ناچنە ژێر ڕکێفی کوڕەکانی بارزانی و تا مردن لەگەڵ حکومەتی عێراق شەڕ دەکەن. ئیتر شروق ئاوارە دەبێت بۆ ئێران و پاش ماوەیەک لە ڕێگەی باشووری عێراقەوە دەگەڕێتەوە، دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق دەستگیر دەکرێت و دەخرێتە زیندانەوە. شروق لە زیندان خۆی دەکوژێت. لە چیرۆکی ئەو کوڕە کوردەدا، نووسەر لە ڕێگەی ژیانی شروقەوە ئاماژە بە کارەساتی ئەنفال و کیمیابارانی هەڵەبجە دەدات .

وەک دەبینین مەهدی بێ ئەوەی هیچ شتێکی کردبێت، لەلایەن حکومەتەوە دەستگیر دەکرێت، ئەوەش بەتەنها لەبەر ئەوەی هاوڕێی (عەلی)یە، چونکە وادەزانن پێکەوە لە ڕێکخراوێکی نهێنی دژ بە ڕژێمدا کار دەکەن. کاتێک کۆتربازێک لەلایەن ڕژێمێکەوە دەستگیر دەکرێت و دواتر لەنێو خەڵکیدا وەک شۆڕشگێر تەماشا دەکرێت، ئاماژەیە بۆ چەند دەلالەتێک و دەکرێت ڕاڤەی جیاواز بۆ ئەو حاڵەتە بخەینەڕوو. سەرەتا نووسەر پێمان دەڵێت لە ڕژێمێکی ستەمکار و دیکتاتۆریدا دەکرێت کەسێک کە تەنها ئارەزووی ڕاگرتنی کۆترە، دەستگیر بکرێت. واتا هیچ کەسێک نییە لەژێر دەستی دەسەڵاتێکی وادا سەلامەت بێت و بێ ترس بژی و دڵنیا بێت لەوەی کەسێکی ئاساییە و هیچ کێشەیەکی نییە. لەژێر ڕکێفی ڕژێمی ستەمکار و دیکتاتۆردا، هەموو کەسێک جێگەی گومانە و متمانەی تەواو بە کەس ناکرێت. هەربۆیە ئەوان وەک کۆترباز یان خوێندکار تەماشای مەهدی ناکەن، بەڵکو ئەوان لەو ڕوانگەیەوە لە مەهدی دەڕوانن کە هاوڕێی (عەلی)یە. بێگومان عەلی لە ڕێکخراوێکی نهێنی دژ بە ڕژێمدا کار دەکات، بەڵام ئەو شتەی لە مەهدی شاردووەتەوە و بە هیچ شێوەیەک ئەو نازانێت کە ئەو هاوڕێیەی کاری سیاسی دەکات. دواتر عەلی لەسێدارە دەدرێت. مەهدی دوای دەستگیرکردنی و دواتر ئازادبوونی، وەک کەسێکی شۆڕشگێڕ تەماشا دەکرێت. بێ ئەوەی گوێ بە ڕوانین و بیرکردنەوەی خۆی بدەن، چەند حیزبێکی ئۆپۆزسیۆنی حکومەت دەیانەوێت کاریان لەگەڵدا بکات، ئەویش بەتەنها لەبەر ناوەکەی کە وەک کەسێکی شۆڕشگێڕ ناسراوە، چونکە زیندانی سیاسی بووە. بوون بەشۆڕشگێڕیی مەهدی دەلالەتە لە تێکچوونی ڕەوشی ئاسایی و سروشتیی کۆمەڵ و دەسەڵات و بەڕێوەبردن، چونکە لەژێر سایەی ئەو جۆرە دەسەڵاتانەدا ڕەوشی ئاسایی و سروشتی دەشێوێ و شتی نائاسایی سەرهەڵدەدات. هەربۆیە دەکرێت کەسێکی ئاسایی بکرێت بە شۆڕشگێڕ، یان بە پێچەوانەوە شۆڕشگێڕێک بکرێت بە خیانەتکار. دەسەڵاتی ستەمکار لەبەر ئەو گومانەی کە بەرامبەر هەموو کەس هەیەتی، زۆر جار هەر بە گومان هەندێک کەس دەستگیر دەکات کە هیچ پەیوەندییەکی بە سیاسەتەوە نییە، بەڵام دواتر خەڵک وەک شۆڕشگێڕ تەماشای دەکەن، یان لانی کەم دەبێتە زیندانی سیاسی ڕژێمێکی ستەمکار. لەلایەکی دیکەشەوە بوون بەشۆڕشگێڕی مەهدی دەلالەتە لەوەی کە هەندێک جار شۆڕشگێڕ لە خۆیەوە دروست دەبێت. دەبینین مەهدی نەک پێش دەستگیرکردنی، بەڵکو دوای ئازادبوونیشی هیچ هەستێکی شۆڕشگێڕی تێدا بەدی ناکرێت، بەڵام حیزبی زۆر جیاواز کە یەکێکیان ئیسلامییە و ئەوی تریان چەپ، دەیانەوێت مەهدی کاریان لەگەڵدا بکات. ئەوەش بە دیوێکدا گومانە لە هەندێک شۆڕشگێڕی نێو حیزبەکان بەبێ جیاوازی، چونکە نووسەر دوو حیزبی لەمسەری ڕاست بۆ ئەوسەری چەپ هەڵبژاردووە .

ناونیشانی ڕۆمانەکە (پرتەقاڵەکانی سەرۆک) دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆژانی زیندان، کاتێک ڕۆژی لەدایکبوونی (سەدام حسێن) نزیک دەبێتەوە، هەموو زیندانییەکان بە پەرۆشن بۆ ئەو ڕۆژە و نزا بۆ سەرۆک دەکەن. مەهدی زۆری پێ سەیر دەبێت کە ئەوان بۆ بەو شێوەیە چاوەڕێی ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆک دەکەن، بەڵام دوایی بۆی دەردەکەوێت کە زۆر جار سەرۆک لە ڕۆژی لەدایکبوونیدا لێبووردنی گشتی بۆ زیندانییەکان دەردەکات و ئەوانیش چاوەڕێی ئەو لێبووردنەن. بەڵام کاتێک دەگاتە ئەو ڕۆژە، پاسەوانانی زیندانەکە بەبۆنەی ڕۆژی لەدایکبوونی سەرۆکەوە، پرتەقاڵ بەسەر زیندانییەکاندا دابەش دەکەن .

هەموو ئەو شتانەی نووسەر لەم ڕۆمانەدا لێیان دەدوێ، بەپێی زەمینە و هەلومەرجی کات و شوێن و پێگەی کەسەکان بەرجەستەیان دەکات و بە هیچ شێوەیەک ڕوانینی خۆی و یەکلاکەرەوە بەسەر بابەت و ڕووداوەکاندا ناسەپێنێت. ئەوە دەزانین کە کۆمەڵ بە چاوێکی نێگەتیڤانە تەماشای کەسی کۆترباز دەکات، بەڵام دەقەکە نە بەرگری لەو پیشەیە دەکات و نە بە چاوێکی سووک تەماشی دەکات. مەهدی لە کەسێکی کۆتربازەوە دەکرێتە کەسێکی شۆڕشگێر، بەڵام دەقەکە هیچ ڕاڤەیەکی لایەنگرانە بۆ ئەو حاڵەتە ناکات، ئەو شتەکان بەپێی سروشتی دەقەکە دەخاتەڕوو، ئەوە ئێمەین وەک خوێنەر لێکدانەوە بۆ ڕووداوەکان و ئاراستەی کەسێتییەکان دەکەین و بەپێی دالەکانی دەقەکە، مەدلولەکان ئاشکرا دەکەین. بەو مانایەی ناکرێت نووسەر لە دەقدا هەم دالەکان بخاتەڕوو، هەم ئاماژەش بە مەدلولەکان بکات. بەو مانایەی نووسەر لە دەقەکەیدا وتراو و نەوتراوەکان پێکەوە بنووسێتەوە، لەو حاڵەتەشدا مەودای خوێنەر و ڕەخنەگر تەسک دەبێتەوە و ناتوانن هیچی نوێ لە دەقەکەدا ئاشکرا بکەن، چونکە دەقەکە خۆی هەموو شتێکی وتووە. نووسەر لەو جێگەیەدا کە کۆتربازێک دەکرێت بە شۆڕشگێڕ، گاڵتە بە شۆڕشگێڕ ناکات، بەڵکو دەیەوێت بڵێت لەنێو سیستمێکی کۆمەڵایەتی و سیاسی ستەمکار و بێسەروبەردا، هەموو شتەکان لە سروشتی تایبەتی خۆیان دەردەچن و گەلێک شتی نائاسایی دەردەکەون .

ئەگەرچی ڕۆماننووس خۆی دوو ساڵ زیندانی بووە و بەشێکی زۆری ئەم ڕۆمانە نزیکە لە ژیانی تایبەتی خۆیەوە، بەڵام تا ڕادەیەک بێلایەنانە لە بابەت و ڕووداوەکان دەدوێت. ئەو کاتەشی لە شوێنێکدا قسە بە سەدام حسێن دەڵێت، ئەوە لەسەر زاری مەهدییەوەیە کە لە سایەی ئەو ڕژێمەدا بەتەواوی ژیانی وێران دەکرێت. ئەوەش سەرەڕای ئەوەی عەباس خزر لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێت: من هیچ پەرۆشی و سۆزێکم بۆ وڵاتەکەم نەماوە، سۆز و پەرۆشیم بۆ چی هەبێت؟ سۆز و پەرۆشی بۆ مناڵی و خێزانەکەم؟ بەڵام کامەیە یادەوەرییەکانم؟ یادەوەریی جەنگ و زیندان و دواتریش تەقینەوە و کوشتاری هەڕەمەکی. ئەوەی وەک سۆز یان پەرۆشی بۆ وڵاتەکەم هەمە، تەنها ئەوەیە کاتێک نووسەرێکی عێراقی خەڵات وەردەگرێت، یان بابەتێکی باش دەنووسێت دڵخۆش دەبم. هەتا ئەوەی کاتێک هەڵبژاردەی تۆپی پێی لاوانی عێراق بردییەوە، من لە ژوورەکەمدا سەمام کرد. من هەر ئەم شتە جوانانە دڵخۆشم دەکات و سۆز و پەرۆشیم بۆ وڵاتەکەم دەجوڵێنێت .

ئەم ڕۆمانە لە ڕوانینی هەندێک لە ڕەخنەگرە ئەڵمانییەکانەوە زیاتر وەک ڕۆمانێکی دیکۆمێنتاری تەماشا کراوە، هەندکی تریشیان وەک ئەدەبی تاراوگە ناویان بردووە. لە ڕاستیدا کاتێک ڕۆمانەکە دەخوێنینەوە، ناتوانین هیچ یەکێک لەو پۆلێنکردنانە بکەینە شوناسی دەقەکە. ڕاستە ئەم دەقە تا ڕادەیەکی زۆر نزیکە لە ژیانی نووسەرەوە و باسی زیندان دەکات، بەڵام نووسەر هەوڵی داوە بەشێوازێکی تایبەتی لە زیندان بدوێت. لەگەڵ نووسینەوەی وێنەی ترسناکی زیندان و ئەشکەنجە و ژیانی چەند زیندانییەک، ژیان و ڕووداوی دەرەوەی زیندانیش وێنا کراوە. ئەو ژیانەی دەرەوە بەتەواوی لە خزمەتی ژیانی نێو زینداندا نییە، بەڵکو ڕووداوی سەربەخۆن و دیوێکی تری ڕووداوەکانە و تەواوکەری ژیانی نێو زیندانەکەیە. هەربۆیە لە خوێندنەوەی ڕۆمانەکەدا، ئێمە لەبەردەم دەقێکدا وەستاوین، کە جگە لە چەند ڕووداوێکی تایبەتی کاراکتەری سەرەکی ڕۆمانەکە، بەر کۆمەڵێک وێنە و ئایدیا و بەسەرهات دەکەوین، پەیوەندی بە ژیانی زۆربەی ئەو کەسانەوە هەیە کە لەو سەردەمەدا ژیاون .

عەباس خزر

ڕۆماننووسی عێراقی (عەباس خزر) ساڵی ١٩٧٣ لە بەغداد لەدایک بووە، ساڵی ١٩٩٦ دوای ئەوەی دوو ساڵ زیندانی بووە لە سەردەمی بەعسدا، عێراقی بەجێهێشتووە و لە چەند دەوڵەتێکی عەرەبی و ئەفەریقی ژیاوە، تا ساڵی ٢٠٠٠ چووەتە ئەڵمانیا. ئەدەب و فەلسەفەی لە زانکۆی میونخ خوێندووە و بەرهەمەکانی بە زمانی ئەڵمانی دەنووسێت و ئێستا نیشتەجێی ئەڵمانیایە .

هەندێک لە بەرهەمەکانی نووسەر :

١ – هیندییە ساختەکە- ڕۆمان- دەزگای چاپی ناوتیلوس- هامبۆرگ ٢٠٠٨

٢ – پرتەقاڵەکانی سەرۆک- ڕۆمان- دەزگای چاپی ناوتیلوس- هامبۆرگ ٢٠١١

٣ – نامەیەک بۆ کۆماری باینجان- ڕۆمان- دەزگای چاپی ناوتیلوس- هامبۆرگ ٢٠١٣

٤ – تۆمارکردنی کاتی لەدەستچوو- شیعر- المؤسسة العربیة للدراسات والنشر- بیروت- ٢٠٠٢

٥ – فریشتەکان نیشتمانێکیان نییە- شیعر- دار الحضارة للنشر- القاهرة- ٢٠٠٤

٦ – خاکی- ڕەخنە- دار الجمل- کولونیا- ٢٠٠٥

خەڵات و پاداشتەکانی :

١ – خەڵاتی هیلیدا دومین ٢٠١٣

٢ – خەڵاتی نیلی زاگس ٢٠١٣

٣ – پاداشتی کیشوەربڕ ٢٠١٣

٤ – پاداشتی لەندەن ٢٠١٣

٥ – پاداشتی فیلا ئورورا ٢٠١١

٦ – خەڵاتی شامیسو ٢٠١٠

٧ – پاداشتی ئەلفرێد دوبلین ٢٠٠٩

* برتقالات الرئيس- رواية: عباس خضر- ترجمة عن الالمانية: نادين أبونجم- مراجعة وتدقيق: د. سعد ناجي طه- دار ألكا- بغداد- الطبعة الاولى- 2021.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا