گۆران سەباح: بە گشتی، ڕۆمانی کوردی هێشتا لە بازنەی داخراوی کلاسیکدا دەخولێتەوە

پۆڵەتیک پرێس-دیداری فەرهەنگی

سازدانی: دیار لەتیف

گۆران سەباح، بێ لە ڕۆمانی مرۆڤی هەرزان، کە تازەترین چاپکراوێتی، سێ ڕۆمانیتری بڵاو کردووەتەوە. هاوکات بە زمانی ئینگلیزیش بڵاوکراونەتەوە. چەندین ڕانان و وتاری لەسەر چۆنییەتی و چییەتی نووسینی ڕۆمان لە ماڵپەڕەکان وەشانکردووە، دەنگێکی تازەیە لە ڕەخنەی ئەدەبیی کوردی، بەم دواییانە کۆمەڵێک خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ چەندان ڕۆمانیش کردووە. وەک وەرگێڕ تا ئێستا ٣٠ کتێبی لە ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی. وەک پشتەکیی ئەکادیمیش: لە ئەمریکا ماستەر و دکتۆرای لە بواری ڕۆژنامەوانی و نووسینی ڕۆمان تەواو کردووە. لە زانکۆی کانزەس لە ئەمریکا بۆ ماوەی پێنج ساڵ مامۆستا بووە. لە زۆربەی زانکۆ گەورەکانی دنیا لێکۆڵینەوەی پێشکەش و بڵاو کردووەتەوە. هەڵگری خەڵاتی باب سیگمانی ئەمریکییە بۆ بواری ڕۆژنامەوانی و خەڵاتی کاڵدەر پیکێتی ئەمریکییە لە بواری نووسین.

لەم دیدارەدا لەگەڵ گۆران سەباح لەسەر چەند پرسێکی جۆراوجۆر لەبارەی ڕۆمان و ڕۆماننووسانی کورد دواوین و دەدوێین. 

دیار لەتیف: ئایا ڕۆمانی کوردی نەوەی تازە بەراورد بە نەوەی پێش خۆی لە چ ئاستێکدایە و گۆڕانکارییەکانی چین؟ چی گۆڕانکارییەک بەسەر دیدگای ڕۆماننووسانی ئەم دەیەدا هاتووە و لە قۆناغی پێش خۆی جیای دەکاتەوە؟ بۆچی تا ئێستا نەوەی گەنجی ڕۆماننووسان وەک پێویست ناخوێنرێنەوە و پێشوازی لێ ناکرێن، بەراورد بە نووسەرانی پێش خۆیان؟ ئاخۆ ئەوە پەیوەندی بە لاوازی و تواناکانی نووسین و خەیاڵگەی ڕۆماننووسانی گەنجەوە هەیە و ڕایەڵ بە توانا و هێز و سەرژمێری بەردەنگی ڕۆماننووسانی پێش خۆیانەوەیە؟ ئاخۆ ئەمەیە وایکردووە وەک پێویست سەرنج نەخرێتەسەر نەوەی ڕۆماننووسانی تازە؟ ئاخۆ کێشەکە قەیرانی کوالێتی نووسینی ئەم نەوە نوێیەی ڕۆماننووسانە، یان بابەتەکە قۆرخکاری نووسەرانی ئامادەی ناوەندەکەیە؟

گۆران سەباح: ئێمە ئەزموونمان لە ڕۆمان کەمە، بۆیە (نەوە-جیل)ی ڕۆماننووسانمان نییە. چەند ڕۆماننووسێک لە گۆڕەپانەکەدان و هەوڵ دەدەن. هەندێکیان دەمێکە دەنووسن (لە هەشتاکانەوە). بە گشتی، ڕۆمانی کوردی هێشتا لە بازنەی داخراوی کلاسیکدا دەخولێتەوە. هۆیەکانی ئەم چەقبەستنە، نەخوێندنەوەی ڕۆماننووسی گەنج، گرفتی کوالیتیی ڕۆمانی کوردی ئەمانەن:

یەکەم: باشترینمان نایەوێت لە بازنەی کلاسیک بێتە دەرەوە، یان لە کلاسیک بترازێت نازانێت (نەزانین عەیب نییە) ژانری تر بنووسێت. لەبەرهەندێ، ئەوەی لای ئێمە باشترین ڕۆمانە بە هیچ پێوەرێک لەلایەن چاپخانەیەکی پڕۆفێشناڵی ڕۆژئاوا نایەتە بڵاوکردنەوە. ڕۆمان هەیە لە کوردی شەش سەت لاپەڕەیە، لە زمانێکی بیانی بووەتە دوو سەت. هەر ناشیناسیتەوە. بۆ؟ چونکە کلاسیکێکی سەقەتە. خۆی کلاسیک باوی نەماوە لە دنیا، چ جای کلاسیکی سەقەت. گەنجەکانمان لاسایی ئەو کلاسیکە سەقەتە دەکەنەوە چونکە پێیان وایە ئەوە باشترینە. ڕۆمانی کوردی پڕە لە وتار، لە وەسفی درێژ و بێ مانا، لە وڕێنە، لە قسەی زل زل.

ئەوانەی لە هەشتاکانەوە دەنووسن جیلێکی سەقەت لە نووسەری گەنجیان پێگەیاندووە. ئەو مورید و دەروێشانە ناتوانن لە بازنەی پیرۆزی کلاسیکی سەقەت بێنە دەرەوە. دنیابینینشیان هێندە تەسکە ناتوانن شتێکی نوێ قەبوڵ بکەن، چونکە ئەو بتەی دەیپەرستن و موقەددەسیان کردووە چاوی بە ڕۆمانێک هەڵنایەت لە هیی ئەو نەچێت. ئەمە وا لە نووسەری گەنج دەکات هەموو شتێک بکات بۆ ئەوەی بتەکە قەبوڵی بکات، یان موریدانی بتەکە قەبوڵی بکەن.

دووەم: ئەوانەی لە هەشتاکانەوە دەنووسن (موقەددەس) کراون. کارەساتە باشترینی خراپەکان موقەددەس بکەی و پێت وابێ کورد ڕۆماننووسی لێ هەڵناکەوێ، یان سەت ساڵ جارێک ڕۆماننووسێکی وا هەڵدەکەوێ لە نێو کورد. ئەمەیە ڤایرۆسی کوشندەی ڕۆمانی کوردی. ئەم بەپیرۆزکردنە لە ئایینەوە نەهاتووە، لە کولتوری بۆگەنی حزبەیلی کوردییەوە هاتووە. ئەوەی لە نێو حزب و سیاییەکانماندا دەگوزەرێت، هەمان شتە لە نێو ئەدیب و نووسەرانمان. من زۆر خەم بەوە دەخۆم. نووسەری موقەددەسکراو، وەک بەرپرسی موقەددەسکراو، خۆی لێ دەبێتە شت. بۆیە نووسەرمان هەیە قەبوڵ ناکات کەس ئێدیتی ڕۆمان یان وتارەکانی بکات. پێی وایە، وەک خواوەند، بەدەرە لە هەڵە و ئەو لە هەمووان باشتر دەزانێت. خۆ ئەگەر ڕێنووس و زمانەکەی لە ئاستێکی بەرز بووایە، قەیناکە، بەڵام سەیر دەکەی داڕشتن و ڕێزمان و ڕێنووسی پڕە لە چاڵ و هەڵە. پڕە لە قسەی عەلەق و بەلەق! لۆرە مۆریارتی، ڕۆماننووسێکی ئەمریکییە و مامۆستای من بووە لە ئەمریکا، دوای چەندان ڕۆمانی، ئەوجا دێ ڕۆمانێکی دەداتە من (واتە قوتابی خۆی) بۆی بخوێنێتەوە و هەڵەبڕی بکات. جیاوازییەکە دەبینی؟ ئەوەیە ڤایرۆسی کوشندەی ڕۆمانی کوردی.

سێیەم: ئەوەی بە موقەددەس کراوە چاوی بە گەنجێکی نووسەر هەڵنایەت و بە نەخوێندەواری دادەنێت. بێو گەنجەکە ڕەخنەی لێ بگرێت، ئەوە خۆی و موریدەکانی دەکەونە وێزەی و پێیدا دەڕشێنەوە لە نیو ماڵپەڕ و گۆڤارە ئەدەبییەکاندا. بەم دواییانە ڕەخنەم لە ڕۆمانێک گرت، دەروێش و موریدەکانی ڕۆماننووسەکە پێی کافر بوون. ڕۆماننووسەکە لە ئەوڕوپاڕا دووکەڵ لە گوێی دەهاتە دەر و زۆر تووڕە بووبوو. هەندێ لە دەروێشەکانی، کە لەو گۆڕەی بووینە خاوەنی ماڵپەڕ (سوپاس بۆ تەکنەلۆجیا ئەم سەردەمە هەموو کەسێکی کردە شت) هەر بڵاویشیان نەکردەوە. بە پێی هزری ئەوان گۆیا چۆن دەبێ ڕەخنە لە خواوەندی ڕۆمانی کوردی بگیرێت.

چوارەم: کولتوری شکاندنەوە و چاوپێهەڵنەهاتن ڤایرۆسێکی ترە لە نێو فەزای ئەدەبی کوردی. بێ ئەوەی بتخوێنێتەوە، کوێرانە خۆی و موریدەکانی تا پێیان بکرێت دەتشکێننەوە. ئەمە (ئەخلاق)ی داماڵیوە. زۆربەی نووسەرانمان دەبنە برادەرت ئەگەر بەسەریاندا هەڵبڵێی. پێچەوانەکەشی ڕاستە، بێو ڕەخنەیان لێ بگری، تووڕە دەبن و پێیان وایە پاشقوڵیان لی دەگری. ئیتر ئەوەیە کارەسات. وای لێ هاتووە ڕەخنەی ماقولیش بگری لە موقددەسکراو، ئۆتۆماتیکی موردی و دەروێشەکانی دەبنە دوژمنت و چاویان پێت هەڵنایەت.

ئەم جۆرە بیرکردنەوانە (ڤایرۆسانە) چوونەتە نێو موخی گەنجەکانیشمان. وەک چۆن سیستمی سیاسی و هونەریمان لە باوکەوە بۆ کوڕ دێتە درێژەپێدان، فەزای ئەدەبیش هەما شتە، لە نووسەرەوە بۆ خوێنەرەکەی. ئەوەی لە فەزای ئەدەبی کوردی دەبینم، لە هیچ شوێنێکی دنیا نەمبینیوە (زۆر گەڕاوم لە دنیا). وەک چۆن پسپۆڕێکی سیاسی ڕەنگە بڵێت ئەوەی لە سیاسەتی کورددا دەیبینێت، لە هیچ شوێنێکی دنیا نایبینێت.

پێنجەم: میدیای لایەنگیر

پێگەی ئەدەب، بەتایبەتیش ڕۆمان، لە نێو میدیادا لاوازە. بنۆڕە، لەو هەموو کەناڵە (بینروا، خوێنراو، بیستراو و ئۆنڵاین)ەدا، چەند بەرنامەت هەیە لەسەر ڕۆمان؟ گۆڤارە ئەدەبییەکان کەمێک بە لای ڕۆماندا دەچن. کارێکی باشە. گرفتەکە ئەوەیە میدیا لایەنگیرە و پڕۆفێشناڵ نییە لە کوردستان، دەبینین تەنێ گرنگی بەو ڕۆماننووسە دەدەن کە موقەددەس کراوە، گەنجەکانیش بەلاوە دەنێن. سەیری ئەو هەموو بەرنامە سیاسی و تافیهی و قێزەوەنە بکە. چ جەماوەرێکیان هەیە. دەڵێن دەسەڵاتی کوردی پلانی نییە، وا نییە. هیچ حزب و حکومەتێک لە دنیا هێندەی دەسەڵاتی کوردی پلانی نییە. پلانی زۆر چاکیشیان هەس. بەس پلانەکان تەنێ خزمەتی بەرژەوەندیی خۆیان دەکەن. سەیری ئەو هەموو میدیای سێبەرە بکە. دەسەڵات لە ڕێگەی ئەو سێبەرانە ناهێڵێت ئەدەب پێش بکەوێت. بە پلان خوێنەر و خەیاڵیان ئەتک کرد لە کوردستان.

شەشەم: چاپخانەی ناچاپخانە

بەڕێوەبەری زۆربەی چاپخانەکانی کوردستان بوونەتە مورید و دەروێشی ڕۆماننووسی موقەددەسکراو. بۆیە تەنیا گرنگی بە دوو سێ ڕۆماننووس دەدەن. بە شان و باڵیان هەڵدەڵێن و خوێنەر فریو دەدەن. لە ماڵی برادەرێک بووم لە سلێمانی. کتێبخانەکەی پێ نیشان دام. لایەکی پڕ بوو لە ڕۆمانەکانی ڕۆماننووسێکی موقددەسکراو. گوتم، “هەموویت خیندیتەوە؟” گوتی، “هیچیانم نەخوێندۆتەوە.” گوتم، “ئەدی لۆ دەیانکڕی؟” گوتی، “ئەمانە هەر دەبێ لە نێو کتێبخانەکەتدا هەبن، ئەگینا خەڵکی بە جۆرێکی تر سەیرت ئەکەن.” جا وەرە تێکە و فڕکە لەگەڵ ئەو (غەسڵ دەماغ)ە.

حەفتەم: ڕەهەندییەکان

لە سەرەتایاندا، ڕەهەندییەکان زەویی ئەدەبیی و فیکریی کوردیان هەژاند. کۆمەڵێک پڕۆژەی جوانیان ئەنجام دا. دواتر بازنەکەیان داخست، ڕەخنە و ڕۆمان و زمانی نووسینیان خنکاند. کەوتنە موقددەسکردنی یەکتری. گرفتەکە لەوەدا بوو ئەمانە بوونە سێبەری لەتێکی دەسەڵاتی کوردی. میدیای ئەو لەتە دەسەڵاتە، هەر هەموویان، کەوتنە موقددەسکردنی ڕەهەندییەکان. ئەو جیلە سەقەتەی ئێستە هەمانە خەتای ڕەهەندییەکانە. تاکی سەقەتیان لە کۆمەڵگە دروست کرد. ڕەهەندییەکان فەلسەفەی ڕۆژئاوایان بە سەقەتی گواستەوە بۆ کوردستان، تا ئێستەش گەنجی ئێمە لە ژێر ئەو سەقەتییە شت دەخوێنێتەوە. گەنجمان نازانێت یاخی بێت، کە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت بەس جوێن دەدات، هەر شتێک لە دەرەوەی موقەددەسکراو بێت کوێرانە ڕەتی دەکاتەوە. ڕەهەندییەکان تاکێکیان دروست کرد دوور لە مەعریفە و ڕۆشنگەری. ئەو تاکە پێی وایە دەبێ بخواتەوە، ژنی تەڵاق بدات، تا بەیانی نەخەوێت و سەعات دوازدەی نیوەڕۆ لە خەو هەستێت. ڕەهەندییەکان بەرپرسن لەمە. ئەی ناپرسی بۆ خۆپێشاندانەکانمان گاڵتەجاڕین؟ چونکە ئەو جۆرە تاکانە تێیدا بەشدارن. وتاری ڕەهەندییەکان زانستی نین. هەر قسەی باق و بریق و زلن. بێو وتارەکانیان زانستی بووایە، ئێستە ڕەوشەکە باشتر دەبوو. ئێمە سوود لە قسەی زل وەرناگرین، قسەی ڕەهەندییەکان یوتۆپییایەکی بۆ گەنجی کورد دروست کردووە تێیدا زمان و وڵات و خاک و خود خەسێنراوە

دیار لەتیف: هەر ڕۆمانێکی دڵخواز چی پێویستە بۆئەوەی ڕۆمانێکی سەروەر و سەرکەوتووبێت؟ چۆن پێناسی ڕۆمان دەکەیت، ئەمە لەکاتێکدا گەر پێناس هەڵبگرێت؟ ئاخۆ پێتانوانییە لەئێستادا خوێنەرانی ڕۆمان دابەزیوە بەهۆکاری شەپۆلی گەشەپێدانی مرۆییەوە؟! ئاخۆ هەر لە بنەڕەتدا خوێنەر ڕوو لە کەمی و تەنانەت ئاستەکانی خوێنەری کورد سنووردار بووبێتەوە؟ بۆچوونتان لەسەر ئەو پۆلێنکارییەی ڕۆماننووسانی ئەم قۆناغە بۆ ڕۆمان لە ئێستادا دەکەن چییە؟ ئایا ئەو دابەشکارییە و ناولێنان و وردکردنەوە، چەندێک بە سوود و چەندێک بە زیانی ڕۆمان کۆتایی دێت؟.

گۆران سەباح:  زۆر پێوەر هەن بۆ ڕۆمانی سەرکەوتوو. بۆ نموونە، زمان، تەکنیکی گێڕانەوە، پڵۆت، کارەکتەر، کات و شوێن، هتد، بەڵام لە هەموویان گرنگتر خوێنەرە. خوێنەر حوکم دەدات لەسەر ڕۆمان. ئەگەر خوێنەر تێینەگەیشت، چێژی لێ نەبینی، هەست و سۆزی نەجوڵێت، هزر و بیری نەخاتە کار، ئەگەر ڕۆمانەکە خوێنەر لەگەڵ خۆی نەبات، ئەوا ڕۆمانێکی بێزارکەرە. هەرچەندە ئاستی خوێنەر جیاوازە، ئەوەی لای من بەچێژە ڕەنگە بۆ تۆ بێتام بێت. بەڵام بە گشتی، ڕۆمانی سەرکەوتوو ئەو ڕۆمانەیە خوێنەر لێی تێر نابێت و حەز ناکات تەواوی بکات.

پێناسەی جۆرەوجۆری ڕۆمان هەیە، ئەویش لەبەر لک و پۆپی ڕۆمان و جۆرەکانیەتی. بە کورتی و بە سادەیی، ڕۆمان گێڕانەوەیەکی درێژی فیکشنەڵە. بۆ جۆر و پێناسەکانی ڕۆمان، تکایە ئەم لینکە بخوێننەوە، تێیدا حەقم داوەتە بابەتەکە.

https://www.zamenpress.com/Details.aspx?jimare=30790

بەرنامەیلی گەشەپێدانی مرۆیی دەبێ وا لە خەڵك بکەن ڕۆمان بخوێننەوە. ڕۆمان باشترین سەرچاوەیە بۆ خۆپێگەیاندن و گەشەپێدانی تواناکانی مرۆ. دەتەوێ خۆت بدۆزیتەوە؟ دەتەوێ بەهێز بیت؟ دەتەوێ خاوەن بڕیاری خۆت بیت؟ دەتەوێ متمانەت بەخۆت هەبێت؟ دەتەوێ ڕەوان قسە بکەیت و چاونەترس بیت؟ دەتەوێ … دەتەوێ … دەتەوێ …؟ بڕۆ ڕۆمان بخوێنەوە.

کەمیی خوێنەری ڕۆمان، بەشێکی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەو هۆیانەی لەسەرەوە باسم کردن. بەشێكیشی دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی ژانری جۆرەوجۆری ڕۆمان لە نێو کورد. ئاکشن و خەیاڵی زانستی، بۆ نموونە. مرۆڤی هەرزان (خەیاڵی زانستی، گۆران سەباح) و فریشتەی دۆزە (ئاکشن، باهۆز موستەفا) دوو هەوڵن بۆ ئاشناکردنی خوێنەران بە ژانری تری ڕۆمان. وەک باسم کرد خوێنەری ئەم سەردەمە تام لە کلاسیک ناکات، بۆیە دەبێ لە بازنەی کلاسیک بێینە دەرەوە.

بۆ چارەکردنی هەموو ئەوانەی سەرەوە، بەتایبەتی بۆ پێشخستنی ڕۆمان ، دەبێ ڕۆماننووسین ببێتە پیشە. دەبێ ڕۆماننووس و چاپخانەکان قازانج بکەن. با بە ئەنەلۆجییەک ئەمە ڕوونتر بکەمەوە. دەتەوێ کراسێک بکڕیت. سەیر دەکەی بە سەتان جۆری کراس هەیە لە بازاڕ. کامەت حەز لێیە ئەوە دەکڕیت. ئەی ئەگەر یەک جۆر کراس هەبایە و تۆش حەزت پێی نەبا، قەت کراست لەبەر نەدەکرد. ڕۆمانیش ئاوایە. دەبێ کار لەسەر ژانرەکان بکەین، تا ژانری جۆرەوجۆرمان هەبێت، ئەوەندە خوێنەر زیاد دەبێت. دەبێ ڕۆماننووس وەک پیشە ڕۆمان بنووسێت، هەر بۆ خۆشی و پۆز دەست نەداتە نووسینی ڕۆمان.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا