عێراق بە چوار سەعات کارەباوە دەچێتە هەڵبژاردنەکانەوە

پۆڵەتیک پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

قەیرانی کارەبا بووەهۆی ئەوەی ماجید حەنتوش، وەزیری کارەبای عێراق لەژێر رۆشنایی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی هاوڵاتیانی زۆرێک لەشار و پارێزگا سەرەکییەکانی عێراق داوای دەست لەکارکێشانەوە بکات، ئەوەش لەدوای بڕانی کارەبا لەهەندێک شوێن بۆماوەی 20 سەعات لەرۆژێکدا.

ئەم کارەبا بڕانە لەکاتێکدایە پلەکانی گەرما لەناوچە جیاجیاکانی عێراق لەئاستێکی بەرزدان و گەرمای هاوین هاوڵاتیانی هەراسان کردووە، بەجۆرێک پلەی گەرما لەهەندێک شوێنی عێراق گەیشتووەتە سەروو 50 پلەی سەدی و وادەی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراقیش نزیکە و تەنیا سێ مانگی ماوە.

فشارەکانی ئێران:

ئێران بەشێک لەسەرچاوەکانی زیندووەکانی وزەی کارەبای عێراقی راگرتووە ئەمەش مەترسی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی بەرفراوانی هاوڵاتیانی هێناوەتەئاراوە، بەتایبەتی لەدوای دەست لەکارکێشانەوەی ماجید حەنتوش.

بەپێی بڵاوکراوەیەکی ئاژانسی ئەسۆشیەیتد پرێسی ئەمریکی، ئێران چوار هێڵی کارەبای لەعێراق بڕیوە و فشاری خستووەتەسەر عێراق تا قەرزاکانی بداتەوە و تێچووی ئەو کارەبایە بدات کە لەڕێی چوار هێڵەوە دەیدات بە عێراق، هاوکات داوای حەقی ئەو گازە لەعێراق دەکات کەدەبێتەهۆی کارپێکردنی بەشێک لەوێستەگەکانی بەرهەمهێنان لەوڵاتەکە.

لەلایەکی دیکەوە ئێران لەڕێی دوو هێڵی بۆرییەوە گاز هاوردەی عێراق دەکات، کە دەبێتەهۆی بەرهەمهێنانی وزە لەوێستگەکانی کارەبای بەسڕە و سەماوە و ناسڕیە و دیالە، لەئێستاشدا عێراق بەبەهای چوار ملیار دۆلار کە پەیوەستە بەسەرچاوەکانی وزەوە، قەرزاری ئێرانە.

لایخۆیەوە ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت: تەقاندنەوەی بەشێک لەبورجەکانی کارەبا لەناوچە جیاجیاکانی عێراق بووەتەهۆی زیادبوونی سەعاتەکانی بڕینی کارەبا، هاوکات یەکێک لەهۆکارەکانی دیکەی کەمبوونەوەی کارەبا دەگەڕێنێتەوە بۆ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لەعێراق.

قسەی بێکردار:

لەلایەکی دیکەوە قوسەی سالم، شارەزای بواری ئابووری ئاماژە بەوەدەکات، هەموو ئەو وەزیرانەی کارەبا کە تائێستا دەست بەکاربوون، قسەی بێکرداریان کردووە بۆ میدیاکان بەبێ ئەوەی هیچ گەشەیەکیان دابێت بەکارەکانی وەزارەت، ئەمە جگە لەو گەندەڵییەی توشی ئەم وەزارەتە بووە.

بەپێی قسەی ئەحمەد موسا، لەئێستادا عێراق سەرقاڵی جێبەجێکردنی چەند پڕۆژەیەکە بۆ پێکەوەبەستنی کارەبا لەگەڵ ژمارەیەک لەوڵاتانی دراوسێ لەنێویشیاندا وڵاتانی کەنداوی عەرەبی و ئوردن و تورکیا.

لایخۆیەوە مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەمیانی دیداری لوتکە لەگەڵ سەرۆکی میسڕ و شای ئوردن جەختی لەوەکردەوە، سەرنجیان خستووەتەسەر پێکەوەبەستنی کارەبای نێوان میسڕ و ئوردن و عێراق و وتیشی: ماوەی زەمەنیی جێبەجێکردنی سەرجەم ئەو پڕۆژانەی رێککەوتنیان لەسەر کراوە پەیوەستە بە دۆخی تەندروستی و ڤایرۆسی کۆرۆناوە.

لەساڵی نەوەدەکانی سەدەی رابردووەوە عێراق بەدەست کەمی کارەباوە دەناڵێنێت، ئەم قەیرانە لەدوای ساڵی 2003وە رووی لەزیادبوون کرد بەتایبەتی لەپێنج ساڵی رابردوودا بەهۆی ئەوەی کاری تێکدەرانە بەشێک لەوێستگەکانی کارەبای عێراقی گرتەوە، سەعاتەکانی بڕینی کارەبا زیادیان کرد و لەئێستاشدا رۆژانە نزیکەی 20 سەعات هاوڵاتیانی عێراق لەکارەبای نیشتیمانی بێبەشن و ناچار پشت بە موەلیدەی ئەهلی دەبەستن.

ئەم قەیرانە تەنیا عێراقی نەگرتووەتە، لەئێستادا بەشێک لەناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش بەدەست بێکارەباییەوە دەناڵێنن، بەنمونە ئەمڕۆ پێنجشەممە لەشارۆچکەی عەربەت هاوڵاتیان رژانەسەر شەقامەکان دژی بێکارەبایی و بەشێک لەدانیشتیوانی شارۆچکەکە بە پۆڵەتیک پرێسیان راگەیاند، لەهەفتەی رابردوودا هەندێک رۆژ تەنیا دوو سەعات کارەبای نیشتیمانیان پێدراوە و ئەوەش ژیان و گوزەرانیانی سەخت کردووە.

 

 

پەخشی راستەوخۆی رادیۆ پۆلەتیک