كازمی بەشداری كۆبوونەوە “گرنگ”ەكەی ماڵی عامری دەكات

پۆڵەتیك پرێس:
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەشداری ئەو كۆبوونەوەیە دەكات، كە بڕیارە لەماڵی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح بەرێوەبچێت‌و كۆبوونەوەكەش بە كۆبوونەوەیەكی “گرنگ” وەسفكراوە.

چەند میدیایەكی عێراقی بڵاویانكردەوە، كۆبوونەوەكە شەوی چوار شەممە 26ی ئاب لەماڵی عامری بەرێوەدەچێت، كە جگە لەبەشداری ناوبراو و كازمی، چەند سەركردەیەكی تری شیعەكان بەشداری كۆبوونەوەكە دەكەن.

میدیاكان بڵاویشیانكردەوە، لەكۆبوونەوەكەدا باس لە ئەنجامی سەردانەكەی كازمی بۆ ئەمەریكا و ئەو ڕێكەوتنانەی لەوێ كراون دەكرێت، بە تایبەت پرسی مانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لەعێراق.

كۆبوونەوەكە لەكاتێكدا، 20ی ئەم مانگە سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی ئەمریكای كردو لەگەڵ دۆناڵد ترامپی سەرۆكی ئەمریكاو وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە كۆبووەوەو لەكۆبوونەوەكانیش چەند پرسێك تاوتوێكران.

پێشتریش سەعد ئەسەدی، سەركردەی هاوپەیمانی فەتح رایگەیاندبوو، كۆبوونەوەیەك لەنێوان مستەفا كازمی ‌و سەرجەم هێزە سیاسییەكان بەڕێوە دەچێت، ئەوەش بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی چەند پرسێكەوە، كە ناوبراو كۆبوونەوەكەی بە كۆبوونەوەیەكی “گرنگ” وەسفكردبوو.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا