تەندروستی جیهانی: سلێمانی بە شیاوترین ڕێکار روبەرووی کۆرۆنا بۆتەوە

پۆڵەتیک پرێس_

نوێنەری ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی سەردانی سلێمانی کرد و رایگەیاند، بە باشترو شیاوترین شێوە لە سلێمانی کار لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کراوە و بریارە هاوکار بێت بۆ دروستکردنی نەخۆشخانەیەک لە پارێزگاکە.

لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا هەریەکە لە هەڤاڵ ئەبوبەکری پارێزگاری سلێمانی و نوێنەری سەرۆکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی لە عیراق و دکتۆر سەباح هەورامی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بەشدارییان ئەنجامدا.

لەو کۆنگرەکەدا هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی لەوەکرد کە بەڕێوەبەری ئۆفیسی رێکخراوی تەندروستی جیهانی سەردانی سلێمانییان کردووەو هاوکارییەکی زۆریان بۆ هەرێمی کوردستان هێناوە، تەئکیدیشیان کردووەتەوە کە هاوکارییەکانیان بەردەوام دەبێت.

وایانکردووە کە ژمارەی تووشبووەکان بەرەو کەمبوونەوە بچێت و ئەو چارەسەرانەی هاتوونەتە پێشەوە بەباشی بەئەنجام بگەیەندرێت

وەک هەڤاڵ ئەبوبەکر باسی لێوەکرد کە نوێنەری رێکخراوی تەندروستی جیهانی ستایشی تەندروستی سلێمانیان کردووە کە بەباشی رووبەڕووی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوونەتەوە و وایانکردووە کە ژمارەی تووشبووەکان بەرەو کەمبوونەوە بچێت و ئەو چارەسەرانەی هاتوونەتە پێشەوە بەباشی بەئەنجام بگەیەندرێت.

پارێزگاری سلێمانی، داوای کرد کە بتوانن یارمەتیان بدەن بۆ کردنەوەی نەخۆشخانەیەکی گەورەی تایبەت بە کۆرۆنا بۆ ئەوەی بتوانن لە وەرزەکانی پایز و زستاندا کە ئەگەری ئەوە هەیە ڤایرۆسەکە بگەڕێتەوە بە باشی خۆیان بۆ رووبەڕوونەوەی ئامادەبکەن.

هاوکات، پارێزگای سلێمانی لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، ” نوێنەری WHO لە عێراق سوپاسی پارێزگاری سلێمانی و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی کرد، کە بە باشترو شیاوترین شێوە کاریان لەسەر بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کردووە”.

بۆ وەرزی پایزی ئەمساڵ پلانێکیان هەیە و دەیانەوێت نەخۆشخانەیەک دروستبکەن کە تایبەت بێت بە نەخۆشخانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا

هاوکات، “ئامادەیی WHO بۆ هەموو هاوکاریی و هەماهەنگیەک دەربڕی و سوپاسی ئامادەیی و گیانی خۆبەخشیی حکومەتی خۆجێی سلێمانی و خۆبەخشەکانی بەشداربوو لە هەڵمەتی نیشتمانی بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا کرد، کە ماوەی چەند ڕۆژێکە لەلایەن WHO بە هەماهەنگیی حکومەتی خۆجێی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانی دەستی پێکردووە”.

هاوکات سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، بۆ وەرزی پایزی ئەمساڵ پلانێکیان هەیە و دەیانەوێت نەخۆشخانەیەک دروستبکەن کە تایبەت بێت بە نەخۆشخانی توشبوو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا.

لەبارەی بەکارهێنانی پلازمای خوێن بۆ نەخۆشخانی توشبو بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، سەباح هەورامی ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ یەکەمجار لە 24ی ئازاری ئەمساڵدا ژمارەیەکی زۆر پلازمایان بەکارهێناوە بۆ توشبوان کۆرۆنا و سودێکی زۆریان لێوەرگرتوە.

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  تا ئێستا 25 هەزار و 929 کەس توشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بون، 15 هەزار و 494 کەس چاکبونەتەوە و 9 هەزار و 487 نەخۆشیش تا ئێستا لە ژێر چاودێریدان و 948 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا