پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەچوارچێوەی كۆبونەوەی لەگەڵ ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان و سەرۆك كۆماری عێراق ڕایگەیاند “ڕۆڵی هاندەر دەبینین بۆ ئەوەی هەموو لایەنە کوردستانییەکان دوای هەڵبژاردن لە ژێر چەتری ئەو هاوپەیمانیەتییە کۆببنەوە”.
ئەمڕۆ شەممە 26ی تیەموزی 2021، لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لەگەڵ عەلی ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان سەردانی سەرۆك كۆماری عێراقیان كرد و لەراگەیەندراوێكیشدا ئەنجامی سەردانەكەیان خستووەتەڕوو.
دەقی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە..
ئەمڕۆ لەگەڵ برای بەڕێزم کاک عومەر سەید عەلی ڕێکخەری گشتیی بزوتنەوەی گۆڕان لە مێرگەپان سەردانی د.بەرهەم ئەحمەد ساڵح سەرۆککۆماری عێراقمان کرد.لە دیدارێکدا کە هەڤاڵانی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامانی خانەی ڕاپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان ئامادەی بوون، بیروڕامان ئاڵوگۆڕ کرد دەربارەی بارودۆخی گشتیی عێراق و هەرێمی کوردستان و پرسی هەڵبژاردنەکانی داهاتوو.هاوڕابووین لەسەر پێویستیی چڕکردنەوەی هەوڵەکان لە پێناو سەرکەوتن بەسەر ئاڵنگارییەکان و دابینکردنی سەقامگیری و ئاسایش و ئارامی بۆ هاووڵاتییان.
گرنگی و چارەنووسسازی هەڵبژاردنەکانی داهاتوومان دووپات کردەوە وەک خواستێکی جەماوەری بۆ ئەنجامدانی چاکسازیی و ڕاستکردنەوەی ئەو بارە لار و نەخوازراوەی کە ڕووبەڕووی وڵات بووەتەوە. لەو سۆنگەیەشەوە پێکهێنانی هاوپەیمانی کوردستان لە نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزوتنەوەی گۆڕانمان بە هەنگاوێکی گرنگ زانی لە پێناو ئارامی و یەکڕیزی و یەکدەنگی کورد لە بەغدا، جەختیشمانکردەوە کە ڕۆڵی هاندەر دەبینین بۆ ئەوەی هەموو لایەنە کوردستانییەکان دوای هەڵبژاردن لە ژێر چەتری ئەو هاوپەیمانیەتییە کۆببنەوە، چونکە ئێمە پێمان وایە بەیەکەوە بەهێزترین و دەتوانین پێکەوە لە بەغدا داکۆکی لە مافە ڕەوا و دەستورییەکانی گەلەکەمان بکەین.