پۆڵەتیك پرێس
لەتێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، درێژكردنەوەی ویلایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی هەرێمی كوردستان كارێكی نا یاساییە و پێویستە ئەو كەسە بگۆڕدرێت نەك ویلایەتەكەی درێژبكرێتەوە.
رۆژی دووشەممە 28/6/2021 پەرلەمانی كوردستان كۆدەبێتەوە و خوێندنەوە بۆ چەند پڕۆژە یاسا و پێشنیازە یاسایەك دەكات و بیرۆكەی ژمارەیەك پەرلەمانتاریش سەبارەت بە چەند پرسێك دەخرێتەڕوو.
یەكێك لە بڕگەكانی كارنامەی دانیشتنەكەی پەرلەمان درێژكردنەوەی ویلایەتی (سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان) ە بۆ ماوەی چوار ساڵی دیكە، كە لەڕۆژی تەواوبوونی ماوەی خولی یەكەمیەوە دەستپێدەكات.
سەرچنار ئەحمەد، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی یەكگرتوو بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: ماوەی یاسایی كاركردنی سەرۆكی دیوانی چاودێری دارایی كۆتایی هاتووە و پێویستە كاندیدی نوێ بۆ ئەو پۆستە دیاری بكرێت نەك ویلایەتی درێژبكرێتەوە.
ئەو پەرلەمانتارە وتی: سەرۆكی دەستەی دەستپاكیش بە هەمان شێوە ماوەی كاركردنی كۆتایی هاتووە و پێویستە كەسێكی نوێ لە جێگەی دابنرێت.
ئەمەش لە كاتێكدا لە چەند رۆژی رابردوودا زیا پتروس سەرۆكی دەستەی پێشووی مافەكانی مرۆڤ گۆڕدرا و مونا یوحەنا وەك سەرۆكی نوێی دەستەكە دەست بەكاربوو.