پۆڵەتیك پرێس – نازە سەعید
بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەکان و وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، لەکۆبوونەوەکانیان بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ بەردەوامن و بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانیش دەڵێت؛ تائێستا بەرچاو ڕوون نین لە کاتی دیاریکراو بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن، بەڵام هەوڵەکان بەو ئاڕاستەیەن کە خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێت.
دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی، بە (پۆڵەتیک پرێس)ی ڕاگەیاند؛ لەگەڵ وەزارەتەكان و لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا، بۆ دانانی پلانی دەستپێکردنی خوێندنی ئەمساڵ لە کۆبوونەوەی بەردەوامداین، بەڵام تا ئێستا نەگەیشتووینەتە دەرئەنجامێک.
وتیشی؛ تا لیژنەی باڵای ڕووبەڕووبوونەوەی كۆرۆنا بڕیار نەدات كە دۆخی كۆرۆنا لە ئاستێكی باشدایە و خوێندكار و قوتابی دەتوانن لەخوێندنگاكاندا دەوامی ئاسایی خۆیان بكەن، هیچ بڕیارێکمان بۆ نادرێت.
دڵشاد عومەر، ئەوەشی وت؛ لەگەڵ وەزارەت چەند رێكارێكمان دیاریکردووە بۆ ئەوەی خوێندنی ئەمساڵ نەفەوتێ، لەوانە، ئەگەر دەوام بكرێت بە تەناوب، یان پرۆسەی خویندن بە ئۆڵاین بکرێت، وەكو تاقیشمان کردووەتەوە، بە ئۆنلاین سەركەوتوبووین و 700هەزار قوتابی لە هەرێمی كوردستان بەگشتی توانیویانە بەو پرۆسەیە لە خوێندن بەردەوامبن و سەركەتووش بن، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ڕەچاوی ئەو خێزان و قوتابیانە بکرێت کە پێویستییەکانی خوێندنی ئۆنلاینیان بۆ دەستەبەر ناکرێت.
دڵشاد عومەر، ئاشکراشیکرد؛ پرۆسەی خوێندنی ئەمساڵ جیا لەکۆرۆنا لێبڕین و دواكەوتنی مووچەش ئاستەنگێکی دیکەی بەردەم دەستپێکردنەوەی پرۆسەی خوێندنن.
لەئەگەری دەستپێکردنەوەی دەوام و بڕیاردان لەجلوبەرگ و سیستمی یەکپۆشی بۆ قوتابیان و خوێندکاران، بەرێوەبەری پەروەردەی سلێمانی وتی؛ جلوبەرگی خوێندكاران لەهەرێمی كوردستان بەگشتی یەك پۆشی دەبێت و تائێستا گۆرانكاری نەكراوە و پرۆگرامی خوێندنیش هەر وەكۆ خۆی دەبێت.
ئەوەشی خستەڕوو؛ ئێستا دەستكراوە بە تۆماركردنی ناوی قوتابیان بۆ پۆلی یەكی بنەڕەتی بۆ خۆیندنی ساڵی نوێ، بەڵام بەرچاو ڕوون نین بۆ دەستپێکردنەوەی خوێندن تا ئەو کاتەی وەزارەت و لیژنەی رووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا بڕیاری کۆتایی دەدەن.