فراكسیۆنی یەكێتی: نووسراوەكەی سەرۆكی پەرلەمان نا یاساییە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان بەیاننامەكەی ناڕەزایی بەرامبەر بە نووسراوێكی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە و رایگەیاند: ئەم نووسراوە لەژێر هەر پاساو و ناوێك دا كرابێت، تەواو نا پەیڕەویی و نایاساییە، بۆیە داواكارین هەرچی زووە نوسراوێك ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكەن و تێیدا ئەو نووسراوە هەڵبوەشێننەوە و كاری پێنەكەن.

لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەدا هاتووە، دەكرێت لە ڕێگای پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانییەوە، لێكۆڵینەوە و بەدواداچونی وردبكرێت و لە چوارچێوەی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دا، سزای هەر ئەندامێك بدرێت، ئەگەر پێگە و ناوی پەرلەمان و پەرلەمانتاری بەخراپ بەكارهێنابێت.

دەقی بەیاننامەكە:

بەرێز/ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان

بابەت/ ناڕەزایی

ناڕەزایی سەبارەت بە نوسراوی بەڕێزتان ژمارە ١٧٥٥/٤/٣ لە ٢٢-٦-٢٠٢١ كە ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران كراوە و تایبەتە بە یەكێك لە ئەركە سەرەكیەكانی پەرلەمانتار، بە دیاریكراویش ئەركی بەدواداچوونی لیژنە هەمیشەیەكانی پەرلەمان لەسەر پرۆژەكانی نیشتەجێبوون و پرۆژە خزمەتگوزارییە گشتییەكانی بواری بەڵێندەرایەتیی وەبەرهێنان، لە خوارەوە دید و تێڕوانینی فراكسیۆنی سەوزی یەكێتی نیشتمانی كوردستانتان پێڕادەگەیەنین:

یەكەم/ ئەم نوسراوە جگە لەوەی هیچ پاڵپشتیەكی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستانی نیە، لە هەمانكاتدا بە لێدان و كەمكردنەوە لە شكۆ و ئەرك و بەرپرسیارێتیی پیشەیی كاری پەرلەمانیی دەزانین.

دووەم/ ئەم نووسراوە لەژێر هەر پاساو و ناوێك دا كرابێت، تەواو ناپەیڕەویی و نایاساییە، بۆیە داواكارین هەرچی زووە نوسراوێك ئاراستەی ئەنجومەنی وەزیران بكەن و تێیدا ئەو نووسراوە هەڵبوەشێننەوە و كاری پێنەكەن.

سێیەم/ ئەگەر هەر هۆكار و پاساوێكتان هەیە بۆ دەركردنی ئەم نوسراوە، ئەو دەكرێت لەرێگای پێكهێنانی لیژنەیەكی پەرلەمانیەوە، لێكۆڵینەوەو بەدواداچونی وردبكرێت و لە چوارچێوەی پەیرەوی ناوخۆی پەرلەمان دا، سزای هەر ئەندامێك بدرێت، ئەگەر پێگەو ناوی پەرلەمان و پەرلەمانتاری بەخراپ بەكارهێنابێت، سەرەرای ئەوەی ئێمە دڵنیاین لە تەواوی هەڤاڵانی فراكسیۆنەكەمان.

فراكسیۆنی یەكێتی لە پەرلەمانی كوردستان

٢٥-٦-٢٠٢١

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا