پۆڵەتیك پرێس
لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress
ئەندامێكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، پێویستە حكومەتی هەرێم سەرجەم هێزە چەكدارەكان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەكبخاتەوە و ئەو فەرماندە و پێشمەرگانەی نەخۆشن یان بە تەمەنن بە رێزەوە خانەنشین بكرێن و لە بری ئەوان بە شێوەی سەربازی بەزۆر گەنجان بهێنرێنە ناو ریزەكانی پێشمەرگە.
ئەبوبەكر هەڵەدنی، ئەندامی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان بە پۆڵەتیك پرێسی راگەیاند: بوونی چەندین ناونیشان وەك پێشمەرگە و زێرەڤانی و بەرگری و فریاكەوتن و یەكەكانی 70 و 80 و كۆماندۆ و هێزی ئاڵتونی ئەم ناونیشانانە تا ئێستا نەتوانراوە لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگەدا یەك بخرێنەوە و دەست تێوەردانی حزبی لە ناو ئەم هێزانە نەهێڵدرێت.
ئەو پەرلەمانتارە وتی : سێ یاسای گرنگمان هەیە تایبەت بە هێزی پێشمەرگە بەڵام وەكو خۆیان جێبەجێناكرێن كە بریتین لە یاسای خانەنشینی پێشمەرگە و یاسای رێزلێنانی پێشمەرگە و یاسای راژەی خانەنشینی و كەم ئەندامی پێشمەرگە.
باسی لەوەشكرد، هێزەكانی پێشمەرگە پێویستیان بە نوێبوونەوە هەیە ئەو پێشمەرگە و فەرماندانەی كە تەمەنیان كردووە یان نەخۆشن پێویستە بەرێز و شكۆوە خانەنشین بكرێن و توانا و وزەی نوێ و توانای گەنجانە بهێنرێتە شوێنیان لانی كەم لە هەرێمی كوردستان ساڵانە 20 هەزار گەنج دەبن بە 18 ساڵ پێویستە لەسەر بنەمای سەربازكردنی بەزۆر و دوور لە دەستتێوەردانی حزبی ئەم هێزە پێك بهێنرێت.