لە بودجەى هەرێمدا پرسی دامەزراندن باسنەكراوە

پۆڵەتیك پرێس

لە تێلیگرام یەکەم کەسیت هەواڵەکانت پێدەگات جۆینبە https://t.me/Politicpress

ئەندامێكی پەرلەمانی كوردستان رایدەگەیەنێت، حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ئامادەكردنی رەشنوسی پڕۆژەیاسای بودجەی هەرێمی كوردستان هیچ بودجەیەكی لەناو بڕگە و ماددەكانی رەشنوسەكەدا بۆ دامەزراندن دانەناوە.

شه‌مۆڵ ئاشتی، ئەندامی لیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی لەپەرلەمانی كوردستان، بەپۆڵەتیك پرێسی راگەیاند، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی نوسراوی بۆ وەزارەتی پلاندان كردووە بۆ ئەوەی پرسی دامەزراندنی سێ یەكەم و دووەم و سێیەمی زانكۆو پەیمانگاكان لەبودجەدا جێگەیان بكرێتەوە لەبەر ئەوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا پێویستی بەڕاژەو پسپۆڕی ئەو دەرچووانە هەیە.

وتیشی، هەفتەی داهاتوو لەگەڵ وەزیرانی دارايى  و پەروەردە كۆدەبنەوە تا بزانن ئەوان پشتیوانی ئەو نوسراوەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دەكەن بۆ پرسی دامەزراندنی سێ یەكەمەكان.

راشیگەیاند، لەلیژنه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، پرسی چارەنووسی سێ یەكەمی زانكۆو پەیمانگاكان و وانەبێژانی خوێندنی باڵا و گرێبەستەكانیان تاوتوێكردووە.

باسی لەوەشكرد، بڕگەو ماددەكانی بودجە قابیلی گۆڕانكارین كاتێك دێتە پەرلەمان، ئەگەر حكومەتی هەرێم قبوڵی ئەو گۆڕانكارییە بكات.

ئاماژەی بەوەشكرد، بەگوێرەی زانیارییەكانی ئەوان تاكو ئێستا لەو رەشنوسەی  ئەنجومەنی وەزیران كە بۆ بودجەی هەرێمی كوردستان بۆساڵی 2021 ئامادەیكردووە پرسی دامەزراندنی تێدا جێنەكراوەتەوە و ئەوانیش چاوەڕێدەكەن تا حكومەتی هەرێم پڕۆژەكە بنێرێتە پەرلەمانی كوردستان ئەوكاتە گفتوگۆی لەسەر دەكەن.

قەیوان گروپ

 


مایۆرکا سیتی جوانییەک لە دڵی سروشتدا